لە ساڵی (1988) حەمە و کاروان لە شاری عیمارە پێکەوە سەربازبوون.. ببون بە هاوڕێی گیانی بە گیانی یەک.. حەمە (محمد خورشید حەمەڕەش)، دەکاتە کوڕی حاجی خورشید کەسایەتی دیاری شاری #کەرکووک#، نیشتەجێی گەڕەکی ڕەحیماوا نزیک فولکەی ئیخوان..کاروان (#کاروان عوسمان#)ی هونەرمەندی گۆرانیبێژی هەست ناسکی ئەو سەردەمە خەڵکی #سلێمانی#..
بۆ ئەوەی کاکە حەمە فیراری نەکات لە سەربازی.. حاجی خورشید سەیارەیەکی بەرازیلی مۆدێل (1988)ی بە (11) هەزا...ر دینار بۆ کڕیبوو..کە بە مۆڵەت لە سەربازی دەگەڕانەوە، کاروان لە کەرکووک لە ماڵی حەمە دەمایەوە.. ڕۆژی دواتر حەمە بە بەڕازیلیەکەی دەیبردەوە بۆ سلێمانی.
دیارە (حەمە) کەلکەلەی خارج دەدات لە مێشکی و کاروانیش بەڵێنی کارئاسانکردنی پێدەدات، لە پایزی (1988)..وەک هەموو جارێک لە گەڕانەوە شەو لە کەرکووک دەبن و سبەی دەڕۆنە سلێمانی و چی تر حەمە ناگەڕێتەوە..
ماڵی حاجی خورشید واتێدەگەن، کە حەمە ڕۆیشتووە بۆ خارج..لەبەر ئەوەی کەس ناویان نەهێنی..قڕو قەپی لێدەکەن.
ئەم بێ دەنگییە چەند مانگێک دەخایەنێت..تاوەکو بنەماڵەی (تۆفیق تەیارە) لە سلێمانی ماڵی حاجی خورشید دەدۆزنەوە..بۆ ئەوەی ئەو بەرازیلیەی حاجی خورشید، کە لە (حەمە) کڕیویانە بخرێتە سەریان (ناویان)، حەمەش هیچ سۆراخێکی نیە، ئەوە سەرەتای دۆزینەوەی سەرەداوی تاوانەکەی (کاروان) بوو..
دوای بە دواداچوون دەرکەوت حەمە و کاروان لە سلێمانی بەرازیلیەکەیان بە (9) هەزار دینار فرۆشتووە..کاتێک لە (12 / 1 / 1989) کاروان لە شاری عیمارە لە سەربازگەکەی دەستگیر دەکرێت و دەهێنرێتەوە بۆ پۆلیسی کەرکووک..ماڵی حاجی خورشید زۆر نیگەران دەبن لەوەی کاروان دەستگیرکراوە..چونکە ڕەفیقی حەمەیە..
دواتر دەگۆازرێتەوە پۆلیسی #چەمچەماڵ# و لەوێوە ئیجرائاتەکان دەست پێدەکات و دان بەوەدا دەنێن، کە دوای فرۆشتنی بەرازیلیەکە (کاروان) لەگەڵ دوو تاوانباری تردا ویوستویانە لە بەکرەجۆ حەمە بکوژن..لەوێ بویان نەکراوە.. دواتر هێناویانەتە تەکیە و لەوێ کوشتویانە و دوای کوشتنی بەنزینیان بە تەرمەکەیدا کردووە، بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە سوتاندویانە..و (9) هەزار دینارەکەیان لە نێوان هەر سێکیان دابەشکردووە.
#ئیسماعیل سەکران#..هاوتاوانی کاروان، ئەویش هەر هونەرمەند بوو..خەڵکی چەمچەماڵ..لەگەڵ کارواندا لە سێدارەدرا..تاوانباری سێیەم هەڵات و تائێستا نەدۆزراوەتەوە، ئەویش بە غیابی حوکم درا.
لە کەشفی دەلالەدا..کاروان و ئیسماعیل چیرۆکی کوشتن و سوتاندنەکەی حەمە بۆ پۆلیس دوبارە دەکەنەوە..کە بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە.. و لە بەردەستدایە..بۆ هەر کەسێک گۆمان دەخاتە سەری.
کاروان بەشە پارەکەی دەکاتە دوو بەشەوە و بەشێکیان پێانۆیەکی بە دیاری بۆ دەستگیرانەکەی خاتوو (ک) دەکڕێ..و بەشەکەی تریان دەخاتە ژێر گڵ و لە باخچەی حەوشەکەیاندا دەیشارێتەوە..دواتر پۆلیسی چەمچەماڵ پیانۆکە لە ماڵی خاتوو (ک) دێننەوە و لە حەوشەکەی ماڵی کارواندا باقی پارەکە لە ژێر گڵ دەردەهێنن و دەبنە بەشێک لە ئەدیلەی تۆمەتبارکردنی کاروان.
لە ڕۆژی حوکم لە سەردانەکەی کاروان و ئیسماعیل بە لە سێدارەدان، بەشێکی زۆری هونەرمەندانی ئەو کاتی سلێمانی لە دادگای جینایاتی سلێمانی ئامادەبوون..کەسێکی نزیکی بنەماڵەی حاجی خورشید وتی (#زاهیر جەلال#)م لە بیرە لەوێ بوو...دواتر لە (30 / 9 / 1991) حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا جێبەجێکرا..
ئەمە بە کورتی ماجەڕای تاوانەکەی کاروان عوسمانە، کە لە پۆلیسی چەمچەماڵ و دادگای سلێمانی تۆمارکراوە و ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە لای هەر دوو بنەماڵەکە و کەسە نزیکەکانی هەر دوولا..لە سەردەمی خۆیدا یەکێ لەو کەیسانە بوو، دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، دوای ئەو ڕوداوەش باوک و دایکی حەمە لە مەڕاقدا کۆچی دواییان کرد و بنەماڵەکەش ئێستاشی لەگەڵ بێت نەگەڕانەتەوە تایمی ئاسایی خۆیان و تەفروتونا بوون.
ئێوارەی (18 / 9 / 2012)، لە شاری سلێمانی بە داخەوە بە سپۆنسەری #ئاسیاسێڵ# و مەڵبەندی (1) ڕێکخستنی سلێمانی (ی ن ک) و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و جارێکی تر زۆر بە داخەوە لە بینای ئەمنە سورەکە، کە هێمای مقاوەمەتی گەلی کوردە..ئێوارەیەک بۆ ستایشکردنی تاوانبارێک ڕێکخرا، بە ناوی (ئێوارەیەک بۆ کاروان)..ئەم تاوانبارەیان لێکردین بە فریشتە و وەک بڵێی خوێنی کەرکووکیەکان ئاو بێت.
بە داخێکی زۆر گەورەترەوە، میدیاکان بایەخێکی زۆریان پێدا..لەسێدارەدانەکەیان وەک چیرۆکێکی دروستکراوی بەعس ناساند..کەسێکم بینی لە (NRT)ی دەیگوت بەعس زۆر لە کاروان دەترسا، بۆیە لە سێدارەیدا.
ئەوانەی ڕاستی ڕوداوەکەیان دەزانی، بایکۆتیان کرد، هونەرمەندان (#کەمال محەمەد#، سالار محەمەد، #شێرکۆ تالیب# و عەتا)، بەڵام بە داخەوە بەهاتی حەسیب قەرەداغی چەند تێکستێکی پێشکەش بەو دڕندەیە کرد و بە نەوی نوێی وەک پەپولە ناساندی.
لێرەدا لە ناو جەرگەی کوردستانەوە..داوا لە سپۆنسەرەکانی گەڕانەوەی کاروان بۆ سلێمانی، هەر یەک لە ئاسیاسێڵ و مەڵبەندی (1) ڕێکخستنی سلێمانی (ی ن ک) و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان دەکەم، داوای لێبوردن لە کەرکووکیەکان بە گشتی و بنەماڵەی حاجی خورشید بە تایبەتی بکەن..داوای لێبوردنیش لە گەنجانی سلێمانی بکەن، چونکە بەم سپۆنسەرەتان، برینی کەرکووکیەکانتان کولانەوە و خوڵتان کردە چاوی گەنجانی سلێمانی.
داواش لە میدیاکان دەکەم، بە تایبەت (NRT)ی چیتر خوڵ نەکەنە چاوی خەڵک و تاوانبارمان بە پەپولە پێی مەفرۆشنەوە.
سوپاسی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی هونەرمەندانی سلێمانی (کەمال و سالار و شێرکۆ و عەتا) دەکەم بۆ بایکۆتکردنی ئەو ئێوارەیە و بە بەهاتی حەسیب قەرەداغیش ئەڵێم، ئەو تێکستانەی پێشکەش بە ڕوحی کاروانت کرد لەو ئێوارەیەدا، شەرمەزار بکە..
بە کامەران عوسمانی برای کاروانیش دەڵێم، ئەزیزم لەبەر ئەم هۆکارانە بوو ئەوهونەرمەندە بەڕێزانە بایکۆتیانکردن..بۆیە پێموایە بەعس، ئەگەر لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا کارێکی باشی کردبێت، ئەویش لە سێدارەدانی کاروان و سمەی هاوتاوانێتی.
شوان داودی 2012
⚠️ تێبینی: کوردیپێدیا لە دروستیی ئەم بەڵگەنامەیە دڵنیا نییە، هۆکاری بڵاوکردنەوەی بۆ ئەوەیە کە لە پاشەڕۆژدا ڕاستی و دروستیی ئەم بەڵگەنامەیە بسەلمێدرێت.