خاوێر کریمێنت
وەرگێڕانی: ئەمجەد عوسمانی
لەوەی کە دراوسێکەتان پاشماوەی خواردنەکانی لە تەنیشت ماڵ و سەر شەقامی نزیک ماڵتان فڕێبدات، ناڕەحەتی؟
ئایا ئەگەر هاوڕێیەکتان بە بەردەوامی و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێش وەخت بێتە ماڵتان و لە کات و پشودانت بگڕێ گلەیت هەیە؟
ئایا بۆتان پێش هاتووە کە کارێکتان لە فەرمانگەیەکی دەوڵەتی یان کۆمپانیایەک بۆ بێتەپێش و ئەورۆ و سبەییت پێ بکەن؟
ئایا لە گوێ گرتنی ئەو سیاسەتمدارانە کە بەردەوام قسە دەکەن و هێچ کردەوەیەکیان نییە لە بەرانبەر ئەو بەڵێنیانەی کە دیدەن، دڵگرانیت؟
هەڵسوکەوتتان لەگەڵ خێزانەکەت چۆنە، ئایا شەهامەتیی دەڕبرینی بیر و بۆچونەکانتان لە گەڵی هەیە؟
ئایا لە دەست هەڵسوکەوتی منداڵەکانتان ناڕازین؟
ئەگەر وڵامی ئەو پرسیارانەت ئەرێنیە، دڵگران مەبە چونکە تۆ لەگەڵ ژمارەیەک بێ شعور سەر و کارت هەیە. لەمبارەیەوە پەرتووکێک هەیە کە دوکتۆر خاویر کرێمنێت بە ناوی (asshole no more) نووسیویەتی کە من بە شێوەیەکی کوورت پوختەیەکی پەرتووکەکەتان لەم بابەتەدا بۆ باس دەکەم کە هیوادارم کەڵکی لێوەربگرن.
لەوانەیە بێ شعوری جۆرێک نەخۆشیی بێت وەک نەخۆشییەکانی دیکە کە پێویستی بە پێشگرتن و چارەسەری هەیە. هەرچەند نەخۆشییەک زۆرتر و باوتر بێت ڕێگەی بەرەنگاربوونەوی لەگەڵ چونییەتی ڕیشەکێشکردنی زیاترە، بەڵام بێ شعوری گەورەترین کێشەی مێژووی مرۆڤایەتییە کە تاکوو ئێستا ڕێگەی چارەسەرکردنی زانستیانەی بەشێوەیەکی بەرچاو نەخراوەتە خزمەت کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. بێ شعوری گەوجییەتی نییە، بەڵکوو بێ شعورەکان نسبەت بە مرۆڤە ئاساییەکان هۆش و ئامادەیی زیاتریان هەیە! خۆویستی، دەستدرێژی بۆ مافی خەڵکانی دیکە بە شێوەیەکی ئاگاهانە، خۆبەزڵزانین بناغەی کەسایەتی بێ شعورەکانە. بێ شعورەکان ئەگەر لە ئاست باردۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی نسبەت بە کەسانی دیکە باشتر نەبن خەراپتر نین.
پزشکێک کە مافی قسەکردن بە نەخۆشەکەی یا خود هاوڕێکانی نەخۆشەکە نادات یان سیاسەتوانێک کە بە زیرەکی خۆی لە ناهۆشیاری و نەخوێندەواری خەڵکانی دیکە بۆ بەرەوپێشەوەچوونی بەرنامەکانی خۆی کەڵک وەردەگرت و پەیمان و قەول و بەڵێنی بەدرۆیان دەداتێ وکەڵک وەرگرتنی خراپ لە ژیری ناهۆشیاریان دەکات. هیچکام لەوانە لە ڕووی گێلیایەتی و نائاگاهانە ئەو کارە ناکەن، هەروەها ئەو کەسەی بوتڵە پیپسیە خاڵیەکەی لە ماشێنەکەیەوە فڕێدەداتە سەر شەقام یا ئەو جیرانەتان کە پاشماوەکانی دەخاتە جۆگە ئاوەکەی بەر ماڵتان. هیچکام لەوانە لە ڕووی نائاگاهی و نەزانین لە پیس بوونی شەقام و جۆگەی ئاوەکە ئەو کارە ناکات.
لە ڕاستیدا، لە درێژایی مێژوودا هەموو ئەو کارەساتانەی کە مرۆڤایەتیی تووشی بووە لەلایەن کەسانی نەخوێندەوار و نەزان نەبووە، بەڵکوو لەلایەن ئەو بێشعورانەوە بووە کە خۆبەزلزانین و زۆرویستنیان و گەیشتن بە ئارەزوەکانیان لە هەرکارێکی ناڕەوا و دژەمرۆڤایەتییان سڵیان نەکردۆتەوە، تەنانەت لە دەستدرێژی بۆ ماڵ و نامووسی خەڵک لە هیچ کردەوەیەک خۆیان نەپاراستووە. نموونەی هەرەبەرچاو ئەو ڕێبەر و جەنایەتکارانەی کە مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە دیتوون.
لە دوونیای مودێرن و سەردەمی ئێستادا، لەگەڵ چوونە سەری ڕەفا و خۆشگوزەرانی و چونەسەری ئاستی خوێندن و زانست بێشعورێکی زۆر لەدایک بوون.تەنیا پێویستە کە سەیرێکی سەرسەری دەوروبەرت بکەیت بۆت دەردەکەوێت کە زۆرتر تئوریسین و پیاوکوژکان لە زانکۆکان سەریان هەڵداوە.
دوکتۆر خاویر کێرمنت ئەو ناو نیشانەی کۆمێدییەی بۆ پەرتووکەکی داناوە تا مرۆڤ لە ئاست ئەو ڕاستییە تاڵ و ژانهێنەرە تێ بگات و بە ئاگا بێتەوە.
خاویر کرێمنێت لە پەرتووکەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە بێ شعوری جۆرە ئالوودەبوونیکە وەک باقی ئالوودەبوونەکان بە ئەلکهول و ماددە بێهۆشکەرەکان کە ئاکامی خراپی بۆ سەر کەسەکە و ئەوکەسانە هەیە کە لە کۆمەڵگەدا لە گەڵی دەژین. خەراپترین تایبەتمەندی ئەو ئالوودەبوونە ئەوەیە کە خودی کەسەکە زەرەیەک لە بێ شعوری خۆی خەبەردار نییە.
هەر یەک لە ئێمە، لە قۆناغی ژیانماندا لەوانەیە لەگەڵ چەندین بێ شعور سەروکارمان هەبێت. یا خۆد لەوانەیە بێ شعوری لە ئێمەش دابوونی هەبێت، بەڵام ئاگادار نەبین. فۆرمۆلێک بۆ ناسینی وردی بێ شعورەکان لە دەستماندا نییە. بە هەمان شێوە کە مرۆڤەکان جۆراوجۆرن بێ شعورەکانیش هەروان. شێوەی چارەسەرکردنیشیان جیاوازی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانێت ئەو تایبەتمەندیانە لە بێ شعورەکاندا بوونی هەبێت.
1. خۆبەزڵزانێکی لە خۆبایی
2. ڕق و کینەیەکی بێسنوور
3. خێرکەرێکی لەخۆبایی
4. کەللە ڕەق
5. بەدەستهێنانی هێز و کەسایەتی بۆ خۆی بە بچوککردنەوەی خەڵکانی دیکە
6. دوورکەوتنەوە لە تایبەتمەندییە مرۆییەکان
7. کەڵک وەرگرتنی خراپ و بێ بەزییانە لە مرۆڤە سادە و دڵ پاکەکان
شێوەیەکی گشتی بۆ ناسینی بێ شعورەکان ئەو هەڵسوکەوت و ڕەفتارە قزەونانەیە کە مرۆڤی بێ شعور بە شێوەیەکی ئاگاهانە و ئیرادی لە خۆی نیشاندەدات و دەبێتە هۆی پەکخستنی کار و ئیستراحەتی کەسانی دەوروبەری، لەوەش کە بووەتە هۆی ئازار و ناڕەحەتی بۆ کەسانی دەوروبەری خۆشحاڵە.
لەوانەیە زۆرکەس لە بەکارهێنانی واژەی بێ شعوری گلەیان هەبێت، تەنانەت دوکتۆرەکانیش، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی بریندارکردنی هەستی نەخۆشەکە، بەڵام لە ڕوانگەی دوکتۆر خاویر کرێمنێت پێچەوانەی ئەو بۆچونەی قەبووڵە. دوکتۆر کرێمنێت پێی وایە کە بێ شعورەکانی هیچ هەستێکیان نییە کە ببێتە هۆی بریندارکردنی هەست و ئێحساسیان.
لە ڕاستیدا، دەبێت ئێمە لەو ڕاستییە ئاگادار بین کە دید و بۆچونمان سەبارەت بە بێ شعورەکان جۆرێک بێت کە وەک نەخۆشێک سەیریان کەین نەک وەک کەسانێکی بێ ئەدەب. خۆویستی وتموعی بێ شعورەکان بۆ خۆگەورە نیشاندان و خۆدەرخستنی خۆیان بە بهای شکاندنی کەسایەتی و سەرکۆنەکردن و خستنە ژێر کۆنترۆلی کەسانی دیکە، هاوسەنگی دەروونی بێ شعورەکان تێکدەدات و دەبێتە هۆیەک بۆتووشبوون و ڕۆچونی لە گێژاوی بەدبەختی بۆخۆی و ئازار و ناڕەحەتی بۆ کەسانی دەوروبەری، تا ئەو کاتەی کە بێ شعورێک دان بە بێ شعوری خۆی دانەنێت لەو گێژاوەدا دەمێنێتەوە.
مێژووی بێ شعوری:
بێ شعورەکان لە درێژایی مێژوودا بوونیان هەبووە، ئێستاکە ژمارەیان زیادی کردووە. ئەوەی کە زۆر پێویستە کە لە مێژووی بێشعورەکان بیزانی هەر ئەوەیە.
نیشانەکانی بێ شعوری:
ئەپیدمۆلۆژی بێ شعورەکان ئەوە دەردەخات کە کەسانێکی زۆر مەترسی تووشبوونیان بە بێ شعوری هەیە. زۆر یەک لە خەڵکان خەریکی ئەنجامدانی ئەوکارانەن کە پێویستیان زۆر بە ئیستیعداد و بەهرەی هۆشی نییە، وەک وتاربێژانی ئەخلاقی و کارمەندانی پشت مێزنشین، ...
لێرەدا دوکتۆر خاویر کرێمنێت لیستێکی لە پەرتووکەکەیدا ئامادە کردووە کە زۆرتر مەترسی تووشبوونیان بە بێ شعوری لێدەکرێت.کە من لە خوارەوە ئاماژە بە هێندێک لەو ناوانە دەکەم.
1. ئەفسەرەکانی هاتوچۆ
2. دادوەرەکانی دادگا
3. ئەو خەڵکانەی لە شارە دوکەڵاوی و قەرەباڵغەکاندا وەک تاران و نیۆیۆرک ژیان دەکەن.
4. کەسانێک بە زۆر دەیانەوێت خەڵک بۆ ڕێگەی ڕاست هیدایەت بکەن.
5. دەروونناسان
6. ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا
7. دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران
8. ئەوانەی کە دەنگی تۆمارکەری ماشێنەکەیان زیاد لە سنوور زۆر دەکەن.
9. ئەو کەسانەی کە کاتی خواردنی چێشت و نان خەریکی قسەکردن و موناقشەن.
10. دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
زیاتر لە هەموو ئەو کەسانە کارمەندانی بیمە و مالیات مەترسی تووشبوونیان بە بێ شعوری لێدەکرێت.
دوکتۆر ئێچ ئێم ڕۆید لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی بێ شعوری دەبن کردووە کە ئەوێ دەسەلمێنێت کە زۆرتر ئەو وتاربێژانە و سیاسەتوان و پزشکانەی کە گەیشتوونە پلەوپایە و لەم بوارەدا پسپۆریان وەرگرتووە لەژێر کاریگەریی بێ شعوری بووە کە گەیشتونەتە ئەو پلەیە، لەو ڕێگەیەوە ویستویانە بە سەر خەڵکدا زاڵ بن.
زۆریەک لە منداڵانیش مەترسی تووشبوونیان بەو نەخۆشییە هەیە کە دایک و باوکێکی بێ شعوریان هەبێت. ئاسانترین و باشترین ڕێگە بۆ ناسینی کەسانی بێ شعور خستنە ژێر کۆنترۆڵی هەڵسوکەوتی خۆویستانە و ڕەفتاری قۆڵدۆرانەی وانە کە ئەگەر نەتوانن لە ڕێگەی تۆقاندن و ترساندنی کەسانی دیکە کار و بەرنامەکەیان سەربخەن و بەرەو پێشەوەی ببەن ئەوە لە ڕێگەی فێل و تەڵکە ئەو کارە دەکەن. لە کاتی پێویستیشدا دەست دەوەشێنن و هەرچی لەژێر دەستیان بێت فڕێدەدەن و دەیشکێنن و دەنگ بڵیند دەکەن و دەیان هەوێت بە هاتوهاوار کارەکانیان پێش بخەن. هێندێک جاریش خۆیان مەزڵوم نیشاندەدەن. نیکتا خروشچێف نموونێکی بەرچاوی ئەو بێ شعورە جیهانیانەیە کە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوشەکەی هەڵگرت و لە مێزەکەی دەدا.
ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت ئەو تابۆیە بشکێنین و ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی مرۆڤێکی بێ شعوریان تێدایە، پێیان بڵێین، تا کو پێش هەڵس و کەوتی ناحەزەکانیان بگرین و لە ژمارەیان کەم کەینەوە.
ئێمە دەبێت وەک نەخۆشێک سەیری بێ شعورەکان بکەین بۆ چارەسەرکردن و دەرمانیان هاوکاریان بین تاکوو جیلەکانی دوای ئێمە زیاد تووشی ئازار و ناڕەحەتی بە دەستی بێ شعورەکان نەبنەوە. [1]