دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت: لە سەرەتای ئەمساڵەوە 19 تاوانی جیاواز ڕوویانداوە و 29 تۆمەتباریش دەستگیرکران.
ئەمڕۆ شەممە 26ی کانونی دووەمی 2019 عەمید عەبدولقادر محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: لەماوەی 25 ڕۆژی کانونی دووەمدا، 19 تاوان ڕوویانداوە کە دوو تاوانی کوشتن و دوو تاوانی ساختەکردن و یەک تاوانی ماددەی هۆشبەر و 14 تاوانی دزیکردن بووە.
وتیشی: لەو 14 تاوانەی دزیکردن 6 تاوانیان دزینی ئۆتۆمبێل بووە کە 10 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر دزراون و تاوانباران دەستگیرکراون و ئێستا لەبەردەم دادوەردان و تاوانەکانی دیکەی دزیکردنیش بریتی بوون لە بڕینی مارکێتەکان بە دزینی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت و بڕینی قاسەی پارە و دزینی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی.
ئاماژەی بەوەشکرد: یەکێک لەو ڕووداوانەی کە هەبوون دەستگیرکردنی دوو تاوانبار بوون کە هەم ماددەی هۆشبەریان پێبووە هەم چەکی بێ مۆڵەت و هەمیش پاسپۆرتی ساختەیان لە دەستدا گیراوە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە پۆلیسی هەولێر هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران، لەوبارەیەوە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وتی: هەڵمەتەکە بەردەوامە و ژمارەیەک سەرپێچیکاریش دەستگیرکراون و ئەوانیش ڕۆژانە ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن بۆ ئەوەی کاردانەوەی یاساییان لەگەڵدا بکەن.[1]
#26-01-2019#