ماوەی چەندین ساڵە دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای فڕۆکە جەنگییەکانی و تۆپخانە دوورهاوێژەکانییەوە خاکی کوردستانی باشور بۆردومان دەکەن، و لە ئاکامی ئەم دەستدرێژیانە چەندین هاوڵاتی سڤیل بونەتە قوربانی.
هەرچەندە هەندێ جار پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شەرمەوە ئیدانەی ئەم شاڵاوانەیان کردوە، و حکومەتی عێراق خۆی لێ بێدەنگ کردووە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ولاتە زلهێزەکانیش بێ دەنگیان هەڵبژارد، و هەندێ لایەنی سیاسی کوردستانی هەڵوێستی ناڕەزایی سەبارەت بەم دەستدرێژییانە دەڕبڕیەوە، بەڵام تێکڕای هەڵوێستەکانی ناڕەزایی سنووری بۆ ئەو دەستدرێژییانە دانەناوە.
ئەم ڕەوشە کە هاوکاتە لەگەڵ دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا و بەردەوامبوونی قوربانی خەڵکی سڤیل وایکرد کە دوای شەهید بوونی ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانی دەڤەری شێلادزێ لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا، جەماوەری تێکۆشەری ئەم دەڤەرە لە نەبەردییەکی تێکۆشەرانەدا پەلاماری بارەگای سوپای تورکیا کە لەم دەڤەرە بنیاتی ناوە، بدەن و دەست بەسەر چەندین تانک و ئۆتۆمبیلی سەربازی سوپای تورکیا بگرن و سەربازە دیلەکانیش تەسلیمی هێزی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، هەرچەندە لە ئاکامی تەقەکردنی سەربازە تورکەکان بەپێی هەواڵەکان شەهیدێک و چەندین بریندار لە خەڵکی سڤیل هەیە.
ئەم ڕابوونەیەی خەڵکی شێلادزی و دێرەلوک و سیرێی سەر بە شارۆچکەی ئامیدی ڕاستییەکی ڕوون دەخاتە بەردەم هەر هێزێکی داگیرکەر کە بیەوێت دەستبەسەر خاکی کوردستان بگرێت و وانەیەکی ئاشکرایە بەوەی گەر حکومەتی هەرێم و بەغدا و هەندێ لایەنی سیاسی بە هەر هۆیەک بێت سەبارەت بەم دەستدرێژییانە بێ دەنگ بن، بەڵام جەماوەری تێکۆشەری کوردستان بێ دەنگ نابێت و هەڕشە و خۆ نواندنەکانی فرۆکەی ئێف 16ی تورکیا خەڵک ناترسێنێ، و کوردستان مەڵبەندی بەرەنگاربونەوە و تێکۆشانە و ئەو زەلکاوە نییە کە حوکمڕانە دیکتاتۆرەکان لە هەڕەشەکانیاندا باسی دەکەن.
حزبی شیوعی کوردستان لە کاتێکدا سەرخۆشی خۆی لە خانەوادەی شەهیدان دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت، داوا دەکات هێز و هەژمون و دەستتێوەردانی تورکیا و سەرجەم هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان کۆتایی پێ بێت، و هیچ هێزێکی داگیرکەر و ناخوازیار و میلشیا لە سەرجەم کوردستانی باشور نەمێنێ، و سەروەری خاکی کوردستانی باشور بپارێزرێت.
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
#26-01-2019#