دانیشتوانی شارەدێی شیلادزێ دژی شەهیدکردنی چوار هاووڵاتی سنورەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و هێرشیانکردەسەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لەکۆمەڵگەی سیریێ. لەو خۆپیشاندانەدا گەنجێک بە چەکوشێکەوە چووەسەر تانکێکی تورکی و دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە کاوەی ئاسنگەری سەردەم ناوی دەرکرد.
رۆژێک دوای خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شێلادزێ، دوای هەوڵێکی زۆر دواڕۆژ توانی ئەو گەنجە بدۆزێتەوە و لەلێدوانێکیدا باس لە ڕۆژی خۆپیشاندانەکە و بڵاوبوونەوەی وێنەکەی دەکات.
فەلاح کەریمخانی تەمەن 20 ساڵ، ئەو گەنجەی لەسەر تانکێکی تورکیا لە شیلادزێ بە چەکوشێکەوە دەرکەوت بەدواڕۆژی وت: کاتێک لە بنکەی سەربازی تورکیا نزیکبوومەوە، دایکی شەهید ئازاد مەجید-م بینی کە هاوڕێی من بوو و پێش ساڵێک بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە شەهیدبوو، له و کاتەدا دڵم پڕ بوو و بڕیارمدا بچمە ناو بنکەی سەربازی تورکیا ئەگەر بزانم سەد لە سەدیش دەکوژرێم.
وتیشی: چوارجار هەوڵمدا بچمە سەر ئه و تانکە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی شیلادزێ ڕێگرییان لێکردم تا دواجار توانیم بچمە ناویەوە و دەرگای تانکێکی سەربازییم کردەوە و چەکوشێکم لێی هێنایە دەرەوە.
فەلاح کەریمخان باسی لەوەشکرد: نازانێت کێ وێنەکەی گرتووە و ئاگادار نەبووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ گەنجێک بەناوی نەورۆز نێروەیی ئه و وێنەیەی گرتووە.
فەلاح دەربارەی وێنەکە دەڵێت: هاوڕێیەکم بەناوی شڤان لەتیف و کەسێکی دیکە بەیەکەوە چووینە سەر تانکەکە و پێکەوە بەدەنگی بەرز هاوارمانکرد (سەرکەڤتن) بەڵام نەمزانی کەسێک وێنەمان دەگرێت و به و شێوەیە بڵاودەبێتەوە و تائێستا نازانم ئه و کەسەی وێنەکەی گرتبوو کێیە.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی وێنەکەی و ناوبردنی بە کاوەی ئاسنگەری سەردەم، ئەو گەنجە دەڵێت: سەربەرزم بەمشێوەیە باسمدەکرێت و سوپاسی هەموویان دەکەم.[1]