کورد، ئەو نەتەوە ڕەسەنەی خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەن پێشینە و دیرۆکێکی تەمەندار و دێرینە، خاوەنی ئەو بستە زەمینەی سنورەکانی لە باکورەوە دەریای ڕەش، لە ڕۆژهەڵات دەریای قەزوین، ڕۆژئاوا بە دەریای ناوەڕاست و باشووریشی کەنداوی عەرەبیە. لەبەر گرنگی هەڵکەوتەی خاکەکەی و مەزنی فەرهەنگی دانیشتوانەکەی، سەردەمانێکە خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد سەرباری داگیرکاری و چەوساندنەوە، توشی کوشتن و بڕین و بۆتەوە و تا ئێستاش هەوڵی لەناوبردنیان دەدرێت. یەکێک لەو هێزە داگیرکەرانە، تورکەکانن.
تورکەکان، وەک میوانێکی داگیرکەر، نزیک بە نۆ سەدەیە دەستیان لە خوێنی کورد وەرداوە و بێ بەزەییانە دوور لەهەر بەهایەکی مرۆیی و ئاینی ڕۆژانە تاکی کورد دووچاری کوشتن دەکەنەوە. لە ئێستادا و لەسەدەی بیست و یەکدا، لە جیهانی دیموکراسی و ئازادیدا دەوڵەتی کۆماری تورکیا چەند ساڵێکە هەڵدەستێت بە بۆردومانکردنی ناوچە سنووریەکانی باکووری هەرێمی کوردستان، لە ئاکامی ئەو بۆردومانانەدا ڕۆڵەکانی کورد بوونەتە قوربانی.
لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و خەمخۆری و هەستی کوردانە و مرۆڤ دۆستانەدا، ناوەندی زەردەشتیانی کوردستان هاوخەمی و هاوسۆزی خۆی بۆ کوردانی شارۆچکەی #ئامێدی# سنووری پارێزگای #دهۆک# دەردەبڕێت لەبەرامبەر بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگیەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووی سوپای تورکیا بۆ سەر دانیشتوانی شارەدێی دێرەلوک و کوشتنی چوار هاوڵاتی مەدەنی.
سەرەڕای ئیدانەکردنی توندی ئەو هێڕشانە، ناوەندی زەردەشتیانی کوردستان پەیامی هاتنە دەنگ دەدات بە گوێی خەمخۆرانی جیهانیی مافی مرۆڤ، داوا لە لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێم دەکات هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆی وەربگرێت، هەروەها پشتیوانی وپارێزگاری لە سەربەستیی تاک بە تاکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سەروەریی خاکەکەی بکات. ڕێگە نەدەن گیانێک کە ئافەریدگار ئازادانە بەخشیویەتی، بێبەزەییانە لەلایەن مرۆڤەوە بسەنرێت.
ڕاگەیاندنی ناوەندی زەردەشتیانی کوردستان
8ی ڕێبەندانی 2718
#28-01-2019#