نزیکەی 100 هەزار کرێنشین لای کۆمەڵەی بەرگریی لە مافی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و سەرۆکی کۆمەڵەکەش ئاماژە بە خراپیی دۆخی کرێنشینان دەدات.
بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لە کۆمەڵەی بەرگریی لە مافی کرێنشینانی کوردستان-ی وەرگرتووە، کۆمەڵەکە زیاتر لە 93 هەزار ئەندامی هەیە و ئامارەکەش بەردەوام لە هەڵکشاندایە.
کارزان ڕەسول، وتەبێژی کۆمەڵەی بەرگریی لە مافی کرێنشینانی کوردستان، باس لە دۆخی خراپی کرینشینانی هەرێمی کوردستان دەکات و کرێچێتیی بە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان ئەژمار دەکات.
کارزان، ڕوونیدەکاتەوە، کە دوای هاتنەئارای قەیرانی دارایی کێشەکانی کرێنشینان زیاتربوون، بەهۆی ئەوەی ناتوانن کرێی مانگانە لەکاتی خۆیدا ڕادەست بکەن و وتی: کرێچیی هەیە، کە ئەندامی کۆمەڵەکەمانە و ماوەی پێنج مانگە نەیتوانیوە کرێ خانوو بدات.
هەروەها، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە دۆخی خراپیی ئابووریی وایکردووە، ساڵانە ئاماری کرێچێتیی لە هەرێمی کوردستان بەرز ببێتەوە، بەڵام حکومەت بێئاگایە.
وتەبێژی کۆمەڵەی بەرگریی لە مافی کرێنشینان، تیشکی خستە سەر پرۆژەکانی یەکەکانی نیشتەجێبوون، کە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بە ناتەواویی وەبەردەهێندرێن و بۆ ئەوەش نمونەی هێنایەوە و وتی:پرۆژەی گوندی کۆری، کە خەونی پێنج هەزار خێزانە، سێ ساڵە دەستی دەستیان پێدەکرێت، هەزار خانوو تەواو کراوە و دابەش کراوە، بەڵام چوار هەزار خێزان ماون نازانرێت چارەنووس چییە.
ئەو ئامارەی خرایە ڕوو تەنیا ژمارەی ئەو خێزانە کرێچییانەن، کە لە کۆمەڵەکە تۆمارکراون، بەڵام ژمارەی ڕاستیی کرێنشینان زۆر لەوە زیاترن و بەڕێوبەرایەتیی ئاماری کوردستان باس لە هەبوونی زیاتر لە 200 هەزار کرێنشین دەکات.
کۆمەڵەی بەرگریی لە مافی کرێنشینان لە ساڵی 2004 دامەزراوە لە ساڵی 2015 ئۆفیسەکانیان لە #هەولێر# و #دهۆک# بە بیانووی نوێ نەکردنەوەی مۆڵەتی کۆمەڵەکەیان داخران، بەڵام وتەبێژی کۆمەڵەکە دەڵێت، کە داخستنی بارەگاکانیان کاریگەریی نەکردووەتە سەر کار و چالاکیەکانیان و بەردەوامن.[1]
#30-01-2019#