نووسین: #ڕێبوار سیوەیلی#
چاپی یەکەم: 2019، #ماڵی وەفایی#، #ئەکادیمیای کوردی# و ڕێکخراوی زەریاب، #هەولێر# [1]
(چەند ڕامانێک لە دنیای مەجازی)
ئەمە ناونیشانی دوایین بەرهەمی منە کە لەسەرەتای ساڵی 2019 وەک بەرهەمێکی دیکەی #ئەکادیمیای کوردی# و ڕێکخراوی_زەریاب بۆ خزمەتگوزاریی کولتووری لە (260) لاپەڕەدا، بڵاو دەکرێتەوە. تابلۆی سەربەرگ هونەرمەندان #ڕێبوار سەعید# و #عەدنان کەریم#، بەرگ: عوسمان پیرداوود و پێداچوونەوەی زانستی بە کتێبەکەدا مامۆستا #محەمەد تەها حسێن#. شایانی باسە ئەم کتێبە پێشکەش بە شاعیری جوانەمەرگ (ئازاد سوبحی) کراوە، کە کاتی خۆیشی پێشنیاری کرد زوو تەواوی بکەم..
ئەم بەرهەمە باس لە کاریگەرییەکانی ئینتەرنێت و تۆڕی کۆمەڵایەتی بە گشتی و کاریگەرییان لەسەر (خود)ی مرۆڤ بە تایبەتی دەکات. یەکێک لەو کاریگەرییانە ئەوەیە کە چیتر کتێب سەرچاوەی ڕۆشنبیریی ئێمە نییە و ڕەنگدانەوەی نەبوونی ئەمەش لە دنیای فەیسبووکدا بە ڕوونی دەبینین. کتێبەکە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە چۆن ڕۆشنبیریی کتێبخوێندنەوە لەلایەکەوە ببووە هۆی بەهێزکردنی تاکایەتی و لەلایەکیترەوە پرۆسەیەکی شوناسبەخش بوو بۆ مرۆڤی کورد.. لە غیابی ئەم ڕۆشنبیرییەدا هەم تاکایەتی کەوتۆتە بەرهەڕەشە و هەم شوناسیش لەبەردەم شێواندایە. لە دۆخێکی ئاواشدا، مرۆڤ دەکەوێتە ناو قەیرانێکی گەورەی ویژدانیی و ئاکارییەوە و بەدەر لە هەر ڕێنمایی و بەها و پرانسیپێک، ئەوەی لەسەر فەیسبووکەکەی بە زمان و مێشکیدا هات دەینووسێت. بۆیە لە ئێستادا ئەوەندەی تۆڕی کۆمەڵایەتی و دنیای مەجازی، دەستنیشانی پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ مرۆڤەکانیتر و لە دنیای واقیعییدا دەکات، خودی پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی ئێمە لەگەڵ مرۆڤە ڕاستەقینەکاندا ئەو بایەخەیان نەماوە. ئێمە ئێستا لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین، کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسە ژیر و دڵسۆزەکانی لە جیهانی واقیعییدا هیچ پەیوەندییەکییان لەگەڵ یەکتر نەماوە و هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەوان لە دنیای مەجازیی و شاشەییدا یەکتریان زویر و بیریندار کردووە..
بەشێکی زۆری کتێبەکە ڕوو لەو دایکاوباوکانەش دەکات کە منداڵەکانیان ئاڵوودەی گەمە ئەلیکترۆنییەکان بوون و بە هۆی ئەمەشەوە لە واقیعی کۆمەڵایەتی و هاوڕێکانیان و یارییە فیزیکیی و جەستەییەکان دابڕاون. بۆیە کتێبەکە بە ئەرکی خۆی زانیوە گەلێک پێشنیاز پێشکەش بە دایکان و باوکان بکات تا بە هۆیانەوە بتوانن کاتی بەکارهێنانی منداڵەکانیان بۆ گەمە و شاشەکان، سنووردار و ڕێکبخەن و نەهێڵن نەوەی داهاتوو شاشە وەک بەدیلی واقیع تەماشا بکات.
لە کتێبەکەدا گەلێک بەڵگەی ئەوتۆ باسیانکراوە، کە دەیسەلمێنن ڕۆژگارێک ئەم شەپۆلە لەبەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەو باوەی نامێنێت، بەڵام ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت کە نەک هەرتۆڕێکی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمەیشی بە زۆر شێوە هەڵوەشاندنەوە. ئەو ڕۆژگارە تێدەگەین کە نەدەبوو زۆر کەس و هاوڕێ و دۆست لەدەست بدەین و یەکتری بریندار بکەین..
بەرهەمەکە جەخت لەسەر بەکارهێنانی دروستی ئەم میدیایە دەکاتەوە، کە دەتوانێت لەیەک کاتدا سەرچاوەی کێشە و بێرێزیکردن بە کەرامەتی ئەوانیتر بێت و لە هەمان کاتیشدا میدیایەک بێت بۆ بەگەردوونیبوونی خودی مرۆڤێکی لۆکاڵی، کە ئێمە خۆمانین.
بیروڕای چەندین بیرمەند و فەیلەسووف لەم کتێبەدا ڕەنگیانداوەتەوە بەڵام (کیاکەگۆرد)ی دانمارکی لە هەمووان زیاتر قسەی لەسەر بەڕەشۆکیکردنەوەی خەڵک لە میدیاکاندا هەیە
ئەو پێشبینیکەر بوو.