دوو کۆچی تەواو پێچەوانە لە #خانەقین# و دەوروبەری لە دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر بەتەواوەتی سیمای دەشێوێنن. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لەو ساڵەدا زیاتر لە 450 خێزان لە خانەقینەوە بەرەو #سلێمانی#، #هەولێر# و #کەلار# سەری خۆیان هەڵگرتووە، هاوکات زیاتر لە 1550 خێزانیش گوندەکانیان چۆڵکردووه، بەپێچەوانەشەوە دەیان خێزانی عەرەب لە دیالەوە ڕوویان لە خانەقین کردووە.
بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەی ماددەی 140، یەکێکە لەوانەی بەهۆی نائارامی و ترس لە چارەنووسی ناوچەکە، ڕوویکردووتە سلێمانی.
عەدنان مەنسوور، بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەی ماددەی 140ە و ئەو پیاوەیە کە بەردەوام کاری بۆ ئەوە دەکرد سیما کوردستانییەکەی خانەقین لەوە زۆرتر نەشێوێ، ئەو دەڵێ ''لەوەتەی لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەرچووین، نەگەڕاوینەتەوە خانەقین، چونکە دەترسین. سەدان خێزانی عەرەبی هاوردەش هێنراونەتەوە خانەقین.
هەرچەندە سەرۆکی ئەنجوومەنی شارۆچکەی خانەقین و قایمقامی شارەکە دەڵێن نووسراوی ڕێگەپێدان بۆ هیچ خێزانێک ناکەن تاوەکو خانەقین جێبێڵن، بەڵام ئەوە ناتوانێ شەپۆلی سەرهەڵگرتنی کوردەکانی ئەوێ ڕابووەستێنێ.
خانەقین، یەکێکە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و ساڵانێکە کۆتی ماددەی 140 ڕێگە به گەڕانەوەی نادات بۆ سەر باشووری کوردستان. لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوه، هێزە عێراقیەکان بێ گوێدانە یاسا و بەرپرسانی ئیدارەی شار، دەرگای هاتنە ژوورەوەیان بۆ دەیان خێزانی عەرەب کردووەتەوە، ڕێگەشیان بۆ خۆشکردوون موڵک بکڕن ببنە خاوەن خانووی خۆیان.
سەمیر نوور محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای خانەقین دەڵێ ''لە پشتی ئێمەوە بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی تاپۆ، پارێزگار و بەغدا 57 ماڵیان بە ناوی عەرەبەوە کردووە، فشارمان دروست کرد، بەڵام سوودی نەبوو و کردیان.
هیچ یاسایەک نییە قایمقام ناچاربکات ڕێگری لە هاتنی خەڵک و چوونی بگرێت، چونکە ئێستا خانەقین بەشێکە لە عێراق و خەڵک لە هەرکوێی عێراقەوە بێن، ئازادن لە خانەقین بژین.
31 گوندی خانەقین چۆڵکراون، ئه و گوندانەی قوتابخانەی کوردییان هەبووە دەرگاکانیان داخران و خوێندی کوردی لە نێو خانەقین تووشی هەيەشەی تەعریب بووەتەوە.
دارا حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی پەوەردەی #گەرمیان# دەڵێ ''بەدواداچوون دەکەین و دەچینە لای پۆلیس و دادگا بۆ ئەوەی ڕێگەی یاسایی خۆیان بگرنەبەر، چونکە پێمان وایە سەرەتای تەعریبە لە ناوچەکە و دەیانەوێ قوتابخانە کوردییەکان دابخرێن و قوتابیانی کورد بتۆرێن.
خانەقین، شارۆچکەیەکی کوردستانی فرەپێکهاتەیە و لە 13 گەڕەک پێکدێت، نزیکەی 200 هەزار کەسی تێدا دەژین. لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، خەڵکەکەی هەست بە ئارامی ناکەن. تەنیا لە ساڵی 2018 چەکدارانی #داعش# 46 هێرشیان کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان، بەو هۆیەوە 33یان لێ کوشتوون و 35ی دیکەشیان لێ بریندارکردوون، ئەوە سەرباری تەراتێنی بەردەوامی چەکدارانی داعش لە خانەقین.[1]
#30-01-2019#