بەپێی بەدووداچونێکی ڕۆژنیوز، تا ئێستا لە سنووری بادینان نزیکەی 80 کەس لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان دەستگیرکراون، جگە لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، سوکایەتی بە دەستگیرکراوانی دیکە کراوە، هاوکات هەڵکوتانە سەرماڵان و دەستگیرکردنی چالاکان بەردەوامە.
دوای ئەوەی لە 23ی ئەم مانگە- دا دەوڵەتی تورک لە بادینان کۆمەڵکوژی پێکهێنا، هاوڵاتیان لە 26ی مانگ-دا، لە شارۆچکەی #شیلادزێ# ڕاپەڕین و بارەگایەکی دەوڵەتی تورک-یان سوتاند، دواتر بڕیاربوو لە شاری #دهۆک#یش بەهەمان ئامانج خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت، بەڵام لەکۆی ئەو ڕووداوانەدا، هیزە ئەمنییەکانی دهۆک زیاتر لە 80 کەسیان دەستگیرکرد و زۆرینەیان چارەنووسیان نادیارە.
ئەیهان سەعید، ئەندامی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە یەکێک بووە لە دەستگیرکراوان و دواتر ئازادکراوە، بە ڕۆژنیوزی وت، بەو پێیەی ئێمە ئەندامی حزبی بووین و لە سەروبەندی دانوستان و پێکهێنانی کابینەی نوێداین، من و چەند ئەندامێکی دیکەی بزوتنەوەی گۆڕان ئازادکراین، بەهەمان شێوە، کادرو ڕۆژنامەنووسەکانی ی- ن- ک ئازادکران.
بەوتەی #گوهدار زێبار#-ی ئەندامی ئەنجومەنی سەنتەری میترۆ لە پارێزگای دهۆک، کە یەکێک بووە لە دەستگیرکراوەکان و پاشان ئازاد کراوە، هەموو کەسە حزبییەکان ئازادکران، ئەوەی ماوەتەوە کەسانی سەربەخۆ و چالاکوانانی بەشداربووی ناڕەزاییەکانە.
گوهدار وەها بۆ ڕۆژنیوز دووا:من خۆم ئەفسەرێکم دەناسی، هەربۆیە بەڕێزەوە مامەڵەم لەگەڵدا کرا، بەڵام وەک بەئێمە وتراوە، دەستگیرکراوانیتر لەکاتی لێکۆڵینەوەدا سوکایەتییان پێکراوە.
دەستگیرکردنی چالاکوانان بەردەوامی هەیە
گوهدار دەربارەی ژمارەی دەستگیرکراوان، باس لەوە دەکات کە ئامارێکی ورد لە بەردەستدا نییە، وەک خۆی دەڵێت بەهۆی ئەوەی دەستگیرکردنی چالاکوانانی بادینان بەردەوامیی هەیە، نەتوانراوە ئامرێکی ڕاست بەردەستبخرێت، بەڵام دەتوانم بڵێم زیاتر لە 80 کەس دەستگیرکراون، بەهۆی ئازادبوونی کەسە حزبییەکانەوە، ئێستا زیاتر لە 50 کەس لە زیندانەکاندا ماونەتەوە.
ئەو ئەندامەی سەنتەری میترۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەوان بەردەوام دەبن لە بەدوواداچوونەکانیان بۆ زانینی شوێنی دەستگیرکراوان و ئازادکردنیان، دەشڵێت:بەردەوام لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا لە پەیوەندیداین، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیوە شوێنی دەستگیرکراوان ئاشکرا بکەین، چونکە بە ئێمەش ناڵێن لە کوێن.
گوهدار باسی لەوەشکرد، بەو پێیەی تاکور زەردەشتی و شێروان شێروانی و بەدەل بەرواری ڕێکخەری گردبوونەوەی دهۆک بوون، مەترسی زیاتریان لەسەر، ئەوەشی وت:دەربارەی ئەو سێ کەسە ئاسایش دەڵێت ژیانیان پارێزراوە، بەڵام شوێنی مانەوەکەیان ئاشکرا ناکەن.
لەوەڵامی ئەوەی ئایا هێزە ئەمنییەکان ناڵێن دەستگیرکراوان ئازاد دەکەن یاخود نا، ئەندامەکەی میترۆ لە دهۆک دەڵێت:وتیان ئازادیان دەکەین، بەڵام کاتەکەی دیاریی ناکەن.
لەسەر دوایین دۆخی بادینان، گوهدار زێباری وتی:هێشتا دۆخی بادینان ناجێگیرە، هێزێکی زۆری ئەمنی لە بادینان جێگیرکراون، بەتایبەت سنووری شیلادزێ تا ناو سەنتەری دهۆک.
گوهدار ئاشکراشیکرد، کە دوای سەرهەڵدانەکەی شیلادزێ کۆمەڵێک خوێندکار لەشاری دهۆک بە وتنەوەی سرود پشتیوانی خەڵکی شیلادزێیان کردووە، بەڵام ئاسایش دەیەوێت دەستگیریان بکات و وتیشی:یەکێک لەو خوێندکارانەی زانکۆی دهۆک پەیوەندی بەمنەوە کرد و داوای هاوکاری کرد، چونکە ئاسایش چونەتە سەر ماڵەکەیان بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، لە ناو دەستگیرکراواندا، جگە لە ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، سێ ئەندامی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هاوسەرۆکی هەرێمی بادینانی تەڤگەری ئازادیی چەند ئەندامێکی دیکەی تەڤگەری ئازادیی دەستگیرکراون وتا ئێستا ئازاد نەکراون.
ڕۆژنیوز پەیوەندی بە سیپان #ئامێدی# پەرلەمانتاری نەوەی نوێ-وەکرد، بەڵام بەبیانووی ئەوەی بەو کەیسەوە مەشغوڵە، وتی دەرفەتم نییە و سەرقاڵی کەیسی دەستگیرکراوانین، لە کاتێکی دیکەدا قسە دەکەین.
جێگای ئاماژەیە، پێشتر سەرچاوە هەرێمییەکان ڕایانگەیاندبوو، کە ژمارەی دەستگیرکراون 50 کەس بووە، بەلام لە ئێستادا ڕوون بووەتەوە کە زیاتر لە 80 کەس دەستگیرکراوە.[1]
#30-01-2019#