بەخێوکردنی مەڕوماڵات ئه و پیشەیە لە کۆنەوە تا ئێستا سەرچاوەی داهاتی زۆربەی زۆری دانیشتووانی گوندەکانی پارێزگای #ورمێ#یه لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێستاشدا بەسەرچاوەیەکی سەرەکی ئابووری پارێزگاکە دادەنرێت و ساڵانە بە هەزار تەن بەربومی شیرەمەنی هەناردەی دەرەوە دەکەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا)ی ئێرانی، بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئه و پارێزگایە، کە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێن، بە یەکێک لە بەرهەمە باشەکان ناسراون، بەڵام لە ئێراندا بەگشتی و لەناو ئه و پارێزگایەدا لە پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵداریدا لە پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکان دواکەوتوون و هەر بە شێوازی کاردەکەن و ماڕوماڵات بەخێودەکەن.
کێشە سەرەکیەکەی ئێستای کەرتی ئاژەڵداری لە پارێزگای ورمێ بەقاچاخبردنی ئاژەڵ و مەڕوماڵات بۆ وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان، ئه و پرسە ساڵانێکە بوونی هەیە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا و بە تایبەت دوای سەپاندنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بازاڕی گەرمی قاچاخی ئاژەڵیشی گەرمکردوە.
جەلال مەحمودزادە، نوێنەری شاری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران و جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ بەشی ئابووری (تەسنیم) دەڵێت: هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی بە قاچاخ بردنی مەڕوماڵات بۆ دەرەوەی ئێران، سیاسەتە هەڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەشی هەناردەی ئاژەڵ و مەڕوماڵات و هەوڵ بۆ زیادکردنی سوو و قازانجی ئاژەڵداران لە ڕێگەی فرۆشتنیان بە دەڵاڵە بیانییەکانە.
مەحمود زادە دەشڵێت: تەنیا لە 9 مانگی ساڵی 2018 دا بیست هەزار و 300 سەد سەر مەڕ و ماڵات بە قاچاخ براوتە هەرێمی کوردستانەوە.
نوێنەری مهاباد، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پرسی بەقاچاخی بردنی ئاژەڵ بە جیاوازی نرخ ناودەبات و دەڵێت: لە ئێستادا نرخی هەر کیلۆیەک ئاژەڵ بە شێوەی قاچاخ 130 هەزار تمەن و نرخی حکوومیشی 80 هەزار تمەنە، بۆیە ئه و جیاوازییە لە نرخی فرۆشتندا بووەتە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی بەقاچاخ بردنی مەڕو ماڵات.
عەلیرەزا عەزیز وڵاهی، سەرۆکی ئاژەڵدرانی ئێران بە ئیسنای وتووە، ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن سەر مەڕوماڵات، لە سنوورە ڕۆژئاواییەکانی ئێران واتە ناوچە سنوورییە کوردنشینەکانی ئێران بەره و هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا و سعودیە ڕەوانە دەکرێن و ئه و ڕەوتەش لە ساڵی ڕابردوودا 10 ملیار دۆلار زیانی بە دواوە بووە.
جەلال مەحموود زادە لە کۆتاییدا دەڵێت: ئەگەر حکومەت گۆشت بە نرخی جیهانی لە ئاژەڵداران بکڕێت و ئه و بودجەیەی بۆ هاوردەی گۆشت لە دەرەوەی ئێران دابینی دەکات، بە بەخێوکەرانی گاوداری و ئاژەڵداران بدات، کێشەی قاچاخی مەڕوماڵات چارەسەر دەبێت.[1]
#30-01-2019#