رۆژ : 31ی جێنیوەری 2019
بۆ: نەتەوە یاکگرتووەکان، وە ئەمنستی ئەنتەر ناشناڵ
بابەت: هەڕەشەی دەوڵاتی تورکیاو #پارتی دیموکراتی کوردستان#-پارتی لە هاوڵاتیانی بادینان
وەک ئاگادارن کە دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی 1995 وە سنوری بەزاندوە بەرەو خاکی کوردستان و چوەتە ناو گوندو ناحیەو شارۆچکەکانی کوردستانەوە. تەنها لە ساڵی 2015وە سوپای تورکیا نزیکەی 350 جار بۆردۆمانی ئەو ناوچانەی کردوە. بێجگە لەوەی کە ئەم کارە شکاندنی یاسا نێو دەوڵەتیەکانە، هەروەها ئەم کارە بوەتە هۆی دروستکردنی نائارامی و دڵەڕاوکی بۆ هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە. لەگەڵ هەر بۆردومانێکی فڕۆکەکانی سوپای تورکیا چەندین هاوڵاتی بوونەتە قوربانی، و وێرانکردنی زێدو هەروەها دروست کردنی ترس و دڵەڕاوکێی هەمیشەیی بۆ خەڵکی سیڤیلی ئەو ناوچانە.
ڕاپەڕێنی هاوڵاتیانی شارۆچکەی شێڵادزێ لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بەرواری 26ی جێنێوەری کاردانەوەی بۆردومانەکانی چەند هەفتەی پێشووی فڕۆکەکانی تورکیا بوو. سوپای تورکیا بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان-پ.د.ک هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران کە بوە هۆی گیان لە دەستدانی حسێن ڕێکانی تەمەن 12 ساڵان. هەروەها پارتی پ.د.ک زیاتر لە 50 هاوڵاتیان ڕفاندوە بۆ شوێنی نادیارو چارەنووسی نادیار. خێزانەکانیان لە خەمی ئەوەدان ئەگەر ئازارو ئەشکەنجە بدرێن و هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە کە پ.د.ک ئەیەوێت ئەو هاوڵاتیانە تەسلیم بە تورکیا بکات تا دڵسۆزی خۆیان بۆ تورکیا دوپات بکەنەوە وەک حەلیفێکی دڵسۆزی ئەوان.
هەمووشمان دەزانین کە تورکیا ڕیکۆردێکی ڕەش و خراپی تۆمار کردوە لە بارەی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤەوە، هەروەها پ.د.ک ش بوەتە خاوەنی ناوبانگێکی ڕەش و خراپ لەو بارەیەوە. هەر بۆیە ئێمە داواتان لێ دەکەین کە لەم بارەیەوە بچنە ناو بابەتەکەوە تا ژیانی ئەو هاوڵاتیانە لە ئازارو ئەشکەنجەو زیندانی کردن و لەناو بردن ڕزگار بکەن.
بێدەنگی و دواخستنی کارکردن و هەنگاو نان لە بارەی ئەم کێشەو پێشێل کاریانەی مافی مرۆڤەوە ئەبێتە هۆی هەڕەشەی زیاتر لەسەر ژیانی ئەو هاوڵاتیانە. ئێمە ئەوە لەبەرچاو دەگرین کە ڕاپۆرتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ساڵی 2018 ئاماژەی بە کوژراوەکانی هەندێک لەو گوندو شارۆچکانە کردوە کە ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی پێویستە بێتە دەنگ و سوپای تورکیا ڕاگرێت لەو سنور بەزاندن و پێشێلکاریانەو، هەروەها لێپرسینەوە لە پ.د.ک بکات لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆیان دەیکەن. ئەم کارەش بە دەنگی ئێمەو پشتیوانی و بەدەنگەوە هاتنی ئێوە دەبێت.
لەگەڵ ڕێزمان،
کەژاڵ حەمە ڕەشید
نیازی حامد برایم
چالاکوانانی مافی مرۆڤ-تۆرۆنتۆ/کەنەدا
#31-01-2019#