راپۆرتێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق دەریخستووە ڕێژەی مردنی ژنانی دووگیان لە #هەولێر# لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەمترینە.
بەشی تەندروستی گشتی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری مردنی خانمانی دووگیان ڕادەگەیێنێت، بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕێژەی مردنی خانمانی دووگیان لە کەربەلا زۆرترین و لە هەولێر کەمترینە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی مردنی خانمانی دووگیان لەنێو 100 هەزار حاڵەتی دووگیان و لەدایکبوون، دەگاتە 31 حاڵەت، کە زۆرترین حاڵەت لە کەربەلایە و 53.7 خانمی دووگیان دەمرن، لە هەولێر کەمترینە و 8.7 خانمی دووگیان لەنێو 100 هەزار خانمی دووگیان دەمرن.
د. سامان بەرزنجی, بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە هەواڵە تەندروستییەکانی ڕووداو ڕایگەیاند، کەمی ڕێژەی مردنی خانمانی دووگیان لە هەولێر بە بەراورد بە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئاماژەیەکی باشی پێشکەوتنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی خانمانی دووگیان و دایکانە لە نەخۆشخانەکان.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر هەروەها دەڵێت کوتانی بەردەوامی خانمانی دووگیان، دروستکردنی فایلی خانمانی دووگیان و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ تەندروستییان لە بنکە تەندروستییەکان و دانانی پلانی خێزانی خانمانی دووگیان لە گرنگترین پلانەکانی ئەوانن کە وایانکردووە سەرکەوتنی باش لە کەمکردنەوەی مردنی خانمانی دووگیان دەستبخەن.[1]
#02-02-2019#