ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پاشەکشەی بەرچاوی کردووە، ئامارەکان ئاماژە بە دۆخی خراپی کەرتی ئاژەڵداری دەکەن و ئاژەڵدارەکان بە ناچاری پشتیان لە کارەکەیان کردووە، ژمارەکانی ئێستا بەراورد بە ئاماری ئاژەڵ لە ساڵی 1970 لە هەرێمی کوردستان، نزیک لە نیوە کەمیکردووە، سەرەڕای جوگرافیا و ئاووهەوای گونجاو بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ.
هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی کوردستان لە نێوان بازنەی پانی (33-37)ی باکور و درێژیی (41-46) ڕۆژهەڵاتە لە ناوچەی شاخاویی و نیمچە شاخاویی و گرد و دەشت پێکهاتووە، ئاووهەواکەی شێدار و نیمچە وشکە، ڕێژەی باران بارینیشی ساڵانەی لەنێوان (250-1200ملم)دەبێت، ئەوەش بە گوتەی شارەزایان ژینگەیەکی تەواو لەبارە بۆ کاری ئاژەڵدرای بە تایبەت(مەڕ و بزن و مانگا و گامێش)، بەڵام ساڵ دوای ساڵ بەخێوکردنی ئاژەڵ کەمیکردووە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، کە دەست پەیسەر پرێس کەوتووە، لە ئێستادا ژمارەی ئاژەڵ(مەڕ و بزن و مانگا و گامێش) چوار ملیۆن و 596 هەزار و935 سەرە، کە بەم جۆرە دابەشبوون سێ ملیۆن و 112 هەزارو 494سەر مەڕ، ملیۆنێک و 223 هەزار و 949 سەر بزن، 256 هەزارو 999 سەر مانگا، سێ هەزار و 120 سەر گامێش.
بەڵام ئه و ژمارانە زۆر کەمترن لە ژمارەی 50 ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک بەپێی ئاماری ساڵانی 1970 بۆ 1979 بە تەنها ژمارەی مەڕ و مانگا لە عێراق، 14 ملیۆن و 469 هەزار سەر بووە، کە له و ژمارەیە سەدا 49ی لەی باکوری عێراق، (هەرێمی کوردستان)ی ئێستا بووە کە نزیکەی حەوت ملیۆن سەر بووە، ئەوەش ژمارەیەکی ئیجگار زۆر بووە بەراورد بە شارەکانی خوارووی عێراق.
ئه و ئامارانە پاشەکشەی ڕوون و بەرچاوی کەرتی ئاژەڵداری لەهەرێمی کوردستان پشتراستدەکەنەوە، کە ئەگەر بەراورد بکرێت بە گەشەی ژمارەی دانیشتووان و ساڵانی حەفتاکان لە سێ ملیۆن تێنەدەپەڕی ئێستا ئه و ژمارەیە نزیکەی دوو هێندەیە، ئاژەڵداری ڕوو لە نەمان دەچێت، بەوپێیەی نەک گەشەی نەکردووە لە نیو سەدەی ڕابردوودا سەدا 50ی بەرهەمی خۆی لەدەستداوە.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر گۆشتی سور هەیە، بەڵام هەرێم بۆ پڕکردنەوەی ئه و خواستە بەرێژەی سەدا 45 پشت بە گۆشتی هاوردەی دەرەوە دەبەستێت، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 83 هەزار تەن گۆشتی سوور هەیە، لەم بڕەش تەنها 45 هەزار تۆن لە ناوخۆ بەرهەم دەهێندرێت، 38هەزار تۆن لە دەرەوە هاوردە دەکرێت کە دەکاتە ڕێژەی سەدا 45.
دۆخی ئاژەڵداری هەرێم لە ساڵی 2008 باشتربوو لە ئێستا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2009 وەزارەتی کشتوکاڵ کۆنگرەی پلانی ستراتیژیی بەست بۆ گرنگی پێدان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی، لە ساڵی 2008 بڕی بەرهەمهێنانی گۆشتی سوور 100 هەزار تۆن بوو بەرهەمی شیر 200 هەزار لیتر بوو.
بەپێی پلانی کۆنگرەی کشتوکاڵ لە ساڵی 2009 دەبوایە لە ماوەی چوارساڵدا و تا ساڵی 2013 دا ڕێژەی بەرهەمهێنانی گۆشتی سوور بگاتە 200 هەزار تەن لە ساڵێکدا، هەروەک بەرهەمهێنانی شیر بگاتە 400 هەزار لیتر لە ساڵێکدا، بەڵام نەک ئه و پلانە سەری نەگرت بەڵکو بەرهەمهێنان دابەزینی زیاتری بەخۆوە بینی.
بەپێی ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر تاکێک ساڵانە پێویستی بە 25کیلۆگرام گۆشتی سوور و 112 لیتر شیر هەیە، بەڵام بەرکەوتەی هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا 14 کیلۆگرام لە گۆشتی سوور و 82 لیتر لە شیر بەرهەمە شیرەمەنییەکانە.
ئەگەر بەراوردی بەرکەوتەی هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تاکێکی وڵاتانی ئێران و تورکیادا بکەیت، دەبینین بەرکەوتەی گۆشتی سوور و شیر زۆر زیاترە لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەر تاکێک لە تورکیا لە ساڵێکدا 64 کیلۆگرام گۆشتی سوور و 144 لیتر شیری بەردەکەوێت، لە ئێرانیش هەر تاکێک 62 کیلۆگرام لە گۆشتی سووری بەردەکەوێت.
بەبڕوای پسپۆڕێکی سامانی ئاژەڵیش پاشەکشەکردنی کەرتی ئاژەڵداری بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەسەروو هەموویانەوە گوێ پێنەدان و پشتگوێخستنی لەلایەن حکومەتەوە وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات. بەهرۆز محەمەد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە سامانی ئاژەڵی بۆ پەیسەر ئاماژە بەچەندین ڕێگە چارە دەکات بۆ سەرلەنوێ بوژانەوە و گەشەکردنی سامانی ئاژەڵی.
گوتی، گرنگیدان بە گوندەکان و دابینکردنی هەلی کار لەسەر کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان و گرتنەبەری ڕێکاری زاستی لەم سێکتەرەدا و دابینکردنی کێڵگە و تاقیگەی زانستی پێویست و هەروەها دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت، ڕێگا چارەی گرنگ و سەرەکین، بەبڕوای ئه و نەبوونی باجی زۆر لەسەر هاوردەکردن و هێنانی ئاژەڵ بەشێوەی قاچاغ، هۆکارن بۆ ئەوەی جوتیار و ئاژەڵداران گوێ بە بەروبوومی ناوخۆ نەدەن.
هەرێم لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکانیشدا دۆخی باش نییە، ساڵانە پێویستی بە 485 هەزار لیتر شیر هەیە، لەم بڕەش تەنها 275 هەزاری بەرهەمی ناوخۆیە و 210 هەزاری هاوردە دەکرێت واتا ڕێژەی سەدا 44.[1]
#27-01-2019#