یەکەمین کۆنفڕانسی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد، لە ڕۆژانی 11 و 12ی مانگی ژانویەی ساڵی 2019 بە بەشداری ئەندامان و دەستەی ئامادەکاری ڕێکخراوەکە لەدەرەوەو لە کوردستان، بەشێوەی چڕوپڕ بەڕێوەچوو.
سەرەتا بە بەخێرهێنان و وتەیەکی کورت لە لایەن هاوڕێ فەریبا محەمەدی، کۆنفڕانس کاری خۆی دەست پێکرد. دواتر هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان قسەو باسێکی لەسەر گرنگیی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەو ئەرکەکانی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
هاوڕێ عومەر لە قسەکانیدا باسی لە بارودۆخی ئێستای کوردستان و ئەو هەلومەرجە کرد کە ژنی کورد تێیدایەو، سەربەخۆیی بزوتنەوەی ژنان و هەنگاوی بوێرانە دژ بە داب و نەریتی کۆنی بە پێویست و گرینگ زانی. هەروەها باسی لەوە کرد کە خەباتی ژنان پشتیوانی زۆرتری پێویستە و کۆمەڵە لەو بارەوە ئامادەی هەموو هاوکارییەکە. لە هەمانکاتدا ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد و چالاکوانانی ئەرکی سەرشانیان قورستر دەبێ و پێویستە ئەم ڕێکخراوە هەست بە بەرپرسیاریەتی و چالاکی زۆرتر بکات لە ئێستادا.
یەکەم باسی کۆنفڕانس لەلایەن هاوڕێ سنور حەنیفیپور لە ژێرناوی: ئەرکەکانی ژنی پێشمەرگە، پێشکەش کرا.
لەم باسەدا هاوڕێ سنور ئاماژەی بە چەندین خاڵی گرنگ دا کە پوتانسیەلی ژنێکی پێشمەرگەی کۆمەڵەی دیاری دەکرد.
قسە کردن لەسەر تواناییەکان و ئەرکەکانی ژنێکی پێشمەرگەی کۆمەڵە، بەشێک بوو لە باسەکەی هاوڕێ سنور.
دواتر ئەم باسە بە ڕاوبۆچوونی هاوڕێیانی بەشداربوو لە کۆنفڕانس زیاتر دەست خرایە سەر چەندین خاڵی گرنگی تر.
لە هەمان ڕۆژ و لە یەکەمین ڕۆژی کۆنفڕانس، دووەمین باس لە لایەن هاوڕێ جەمیلە ڕەحیمی پێشکەش کرا.
هاوڕێ جەمیلە باسەکەی بە چەند وتەیەک لەسەر نەریت و بیرو فکرە ژنکوژەکان دەست پێکرد. دواتر مێژوو و چالاکیەکانی ژنی کوردی لە کاتە دژوارەکانی دایە بەرباس و باسی لەوەش کرد کە چەندە کۆمەڵە دەورو نەخشێکی گرنگی لەم بزووتنەوەیەدا گێڕاوە.
ئاماژەکردن بە خەباتە جیاجیاکانی ژنان لە کوردستان و گۆڕانی بارودۆخەکە بە پێی کات، بەشێک بوو لە باسەکەی هاوڕێ جەمیلە ڕەحیمی.
دواتر لە درێژەی کۆنفڕانسەکە، سێیەمین باس لەلایەن هاوڕێ ئارێز محەمەدی لە ژێرناوی ژنی کورد و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی پێشکەش کرا.
هاوڕێ ئارێز باسی لەوە کرد کە ئازادی وەک چەمکێکی گرنگە بەڵام ڕەفتارە توندە کۆمەڵایەتیەکان وای کردووە ژن لە سووچی ماڵدا بمێنێتەوە. مێژووی خەبات بۆ یەکسانیخوازی لە کوردستان و بەربەستەکانی بەردەمیی و هەتا ئێستا کە بزووتنەوەی ژنان تێکەڵ بە بزووتنەوەکانی تر بووە، باسێک بوو کە هاوڕێ ئارێز کردی و پێی وابوو کە خەباتی بێوچانی ژنان لە کوردستان گرێدراوی خەباتی خوێندکاران و توێژی لاوی کۆمەڵگایە.
دوای ئەو قسەو باسە یەکەمین ڕۆژی کۆنفڕانس کۆتایی پێهات.
دووەمین ڕۆژی کۆنفڕانس تەرخان کرا بە باس کردن لەسەر پێڕەوی ناوخۆ و پرۆگرام و پەسەند کردنی. پێڕەو و پڕۆگرام کە لەلایەن دەستەی ئامادەکاری ڕێکخراوەکە ئامادە کرابوو، خاڵ بە خاڵ و بەوردی لەلایەن هاوڕێ فەریبا محەمەدی خوێندرایەوەو بە بەشداری هاوڕێیانی بەشداربووی دەرەوەو ناوەوەی کوردستان بە گرنگیی و هەست بە بەرپرسیاریەتیەوە باس لە خاڵەکان و ئەرکەکانی داهاتووی ڕێکخراوەکە کرا.
پاشان دوای پەسەند کردنی پێڕەو و پڕۆگرام، لە پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژی دووەمی کۆنفڕانسدا و لە کەش و هەوایەکی خۆش و هەست بە بەرپرسیارەتیدا دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد درایە بەر دەنگدان و بەم شێوەیە پێنج کەس وەک دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد هەڵبژێردران.
بەشی کۆتایی کۆنفڕانس بە چەند وتەیەک لەلایەن هاوڕێ فەریبا محەمەدی کە هیوای سەرکەوتن بۆ ڕێکخراوەکەو پیرۆزبایی لە دەستەی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراو و هەروەها جەخت کردنەوە لەسەر هاوکاری زیاتری هەموومان و سەرخستنی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی بوو، کۆتایی پێهات.
لە دوو ڕۆژ کاری چڕوپڕی کۆنفرانسدا دیالۆگ و باسی گەرموگوڕ سەبارەت بە خەباتی ژنانی کوردستان و پرسە جوراوجۆرەکانی لە لایەن بەشداربوانەوە هاتە ئارا کە هەموو هاوڕێیان وشیارانە و بە دەربەستەوە بەشدارییان تێدا کرد و باسەکانی کۆنفرانسیان دەوڵەمەندتر کرد.
دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد پێکهاتوو لە هاوڕێیان:
جەمیلە ڕەحیمی
پرشنگ محەمەدی
سنور حەنیفیپوور
لەتیفە محەمەدی
ئارێز محەمەی
بژی ئازادی و بەرابەری
سەرکەوێت بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
#15-01-2019#