بە پێی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، لە #گەرمیان#، #هەولێر# و ڕاپەڕین، لە کۆی دوو هەزار و 997 کچ، 313 کەسیان خەتەنەکراون، زۆرترین حاڵەتیشیان لە ڕاپەڕین بووە.
ئەمڕۆ 6ی شوبات ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، کە ئەم ڕۆژە بە پێی بەندەکانی 19 و 24ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، پەسەندکراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1989، بڕیاری لە سەر دراوە.
ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە یەکێک لە کارەکانی نەهێشتنی خەتەنەکردنی مێینەیە، لە ساڵی 2018، ڕاپرسییەکی بە بەشداریی دوو هەزار و 997 کچ ئەنجامداوە، کە تەمەنیان لەنێوان 0-18 ساڵییدابووە و بەشێکیان ئەو کەسدانە خۆیان و و بەشەکەی دیکەیان کەسوکاریان وەڵامی پرسیاری ڕێکخراوەکەیان داوەتەوە، کە سەبارەت بە خەتەنەکردن بووە.
ڕاپرسییەکە لە گەرمیان، هەولێر و ڕانیە ئەنجام دراوە و لە ئەنجامدا دەرکەوتووە لەو ژمارەیە 313 کچ خەتەنە کراون، کە بەم جۆرە دابەش بوون، لە گەرمیان 29 حاڵەت، لە هەولێر 120 و لە ڕانیە 164 حاڵەت هەبووە، زۆرترینیشیان تەمەنیان لەنێوان 8- 14 ساڵیی بووە.
ئامارەکەی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی نیشانی دەدات، کە لە ئێستاشدا منداڵی کچ هەڕەشەی جدیی خەتەنەکردنی لەسەرە و 4. 10٪ی کچان خەتەنە کراون.
شۆخ محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی ڕیکخراوی وادی ئەڵمانی، کە ماوەی 10 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، زانیاریی زیاتری بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو و وتی: بەپێی ئەزموونە ئێمە هەمانە ئەوە ڕوون بووەتەوە کە دیاردەی خەتەنەکردن تا ئێستاش بە نهێنی بەردەوامە.
ڕاشیگەیاند: هەندێک ژن لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیریی خەتەنەکراون و بەزۆرییش ئەو کارە لە ماڵەکاندا دەکرێن.
کاریگەرییەکانی خەتەنە کردن لە ڕووی تەندروستییەوە
شیرین جەمال، پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبوون، بەم جۆرە باسی لە زیانەکانی خەتەنەکردن کرد:
زۆر جار لەکاتی ئەنجامدانی خەتەنەکردن کەرەستەی پیس بەکار دەهێندرێت، کە کەسەکە تووشی خوێنبەربوونی زۆر، گوزاز، ئیلتهابات دەکات، هەندێک جار کەسەکە لەوکاتەدا گیانی لە دەستداوە، ئەگەر کەرەستەی دیکەش بەکار هێنرابێت مەترسیی تووشبوونی ئایدزی لە سەر دروستبووە.
خەتەنەکردن کاریگەریی درێژخایەنیشی هێناوەتە ئاراوە، وەک نەهێشتنی هەستەوەرەکان لەکاتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، نەزۆکیی و دواجار دورستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتیی.
خەتەنە کردن لە ڕووی یاساییەوە
بەگوێرەی یاسای یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011 ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، خەتەنەکردن قەدەغەکراوە، بەندەکانی یاساکە بەم جۆرەیە:
-هەر کەسێک هەوڵی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێیینەیدا بە غەرامەیەک سزا دەدرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
- هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداریی تێداکرد، ئەوا سزای بەندکردنی بۆ ماوەیەک دەیگرێتەوە، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامەکەشی لە دوو ملیۆن کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆنیش زیاتر نەبێت و دەبێت بە یەکێک لەو دقوانە سزا بدرێن.
- هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ناکامی ئەنجامدا یان بەشداریی تێدا کرد ئەوا سزای بەندکردنی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و غەرامەشی لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن زیاتر نەبێت.
- باری تاوانکارەکە توندتر دەبێت ئەگەر بکەرەکە پزیشک، دەرمانساز، مامان یان یاریدەدەرەکانیان بوو، لەسەر دادگایە فەرمان بدات کارەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ قەدەغە بکات.
ئەگەر چی یاساکە هەیە، بەڵام زۆرێک لە ڕیکخراوەکان و هاوڵاتیانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە لە جێبەجێکردنیدا کەمتەرخەمیی هەیە و نەیتوانیوە ڕێگریی لە خەتەنەکردن بکات.
ئایا ئاینی ئیسلام ڕێگەی داوە بە خەتەنەکردنی مێینە؟
قومریە محەمەد، سکرتێری ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی، دەربارەی دیاردەی خەتەنەکردن لە ئاینی ئیسلام، بە ڕۆژنیوزی وت: لە ئاینی ئیسلامدا بە هیچ شێوەیەک باسی خەتەنەی مێینە نەکراوە و نەبووە، بەڵکو لە پێش ئاینی ئیسلام و لە سەردەمی جاهلیەت لەناو کۆمەڵگەی عەرەبییدا ئەم دیاردەیە باو بووە، کاتێک ئایینی ئیسلام-یش هات قەدەغەی نەکرد ڕاستەخۆ و وتی 'بە پێی نەریتی خۆتان ئەوەی کە زیانی لێدەکەن با نەبێت، چونکە گەورەترین تاوانە'.
دەربارەی ڕەوایەتییدان بەو دیاردەیە لە لایەن کەسایەتی ئاینی، قومریە، وتی: حەڵاڵکردنی خەتەنەکردن بەواتای تێنەگەشتن لە ئاینی ئیسلام دێت، کۆمەڵێک ئایەت هەیە کە تێگەیشتنی هەڵەی بۆ کراوە وەک فرە ژنی، کە لە کۆمەڵگەی کوردییدا هەندێک هەیە فرەژنیی بە فەرز دەزانێت لەکاتێکدا وانییە.
بۆ ڕیگرییکردن لە دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە، قومریە محەمەد، بە ئەرکی دایکان وباوکانی هۆشیار و ڕێکخراوەکانی دەزانێت، هۆشیاریی بڵاوکردنەوە، هەروەها بە ئەرکی #وەزارەتی ئەوقاف#ی دەزانێت ئەو زانا ئاینییانە بنێرێتە سەر مینبەر، کە شارەزابن و لە ناوەڕۆکی ئەو بابەتانە تێبگەن.[1]
#06-02-2019#