دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت: بەبۆنەی پشووی نیوەی ساڵەوە 26 هەزار گەشتیاری عێراقی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردوە.
نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەبۆنەی پشووی نیوەی ساڵ لە قوتابخانەکانی عێراق لە ڕۆژانی 1و 2ی شوبات، زیاتر لە 26 هەزار گەشتیار بۆ بەسەربردنی پشووەکانیان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
وتیشی: لەڕۆژانی دواتر هاتنی گەشتیاران بەردەوامبووە کە بووەتەهۆی جوڵەیەکی باش بۆ بازاڕەکانی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشکرد: ساڵی ڕابردوو زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و عێراق و کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئەنجامدراون بۆ داڕشتنی پلانی گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و ئەمساڵیش پلان دانراوە ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ ناو هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت بەراورد بە ساڵی پار، چونکە ساڵ لە دوای ساڵ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم زیاتر بە دیار دەکەون و ناوبانگ دەردەکەن لە وڵاتانی تر.
روونیشیکردەوە: کاتێک گروپی گەشتیاری دێنە هەرێم ڕێبەرێکی گەشتیارییان پێدەدەرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی شوێنە گەشتیارییەکانیان پی ئاشنا بکرێت و لەناوخۆشدا هاوکاری زۆری گەشتیاران دەکرێت و لە ڕووی ئەمنیشەوە پارێزراو دەبن کە لایەنێکی گرنگە بۆ ئەوەی گەشتیار زۆرتر سەردانی هەرێم بکەن.[1]
#06-02-2019#