لێژنەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، ساڵانە ڕۆژی 6ی شوباتی بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە ناساندووە، بەمەبەستی نەهێشتنی ئەم دیاردەیە لەسەرتاسەری جیهاندا, لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و ستراتیژیی بۆ بەرەنگاربوونەوەو نەهێشتنی.
خەتەنەکردنی مێینە یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژیی جەستەیی کە ڕووبەڕووی منداڵان و کچان و ژنان دەبێتەوە لە گشت قۆناغەکانی تەمەنیان، واتە لە تەمەنی چوار ساڵی تا قۆناغی کامڵ بوون و زۆرجار بەداخەوە لە تەمەنە زۆر گەورەکانیشدا ئەنجام دەدرێت و شێوازی ئەنجامدانی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، یاخود لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی جیاوازە.
دیارە ئەم دیاردەیە هیچ بنەمایەکی ئایینی نیە بەڵام بارگاوی کراوەو، وەک ئەرکێکی ئایینی بەپێی عورف و عاداتی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت, بەداخەوە لە هەندێک وڵاتدا لەکاتی ئەنجامدانی ئەم دیاردەیە زۆرجار کچان و ژنان ڕووبەڕووی مەرگ یاخود حاڵەتی مەترسیداری جەستەیی و تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر دەبنەوە.
وەکو زانراوە ئەم دیاردەیە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقیا ئەنجامدەدرێت، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەم کێشەیەو لە هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەنجامدەدرا، تا دروستبوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان کە بوو بە سەرەتایەکی گرنگ و پێویست لە ڕووبەروبەنەوەی ئەم دیاردەیەدا.
بەپێی ئامارەکان بەر لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی خەتەنەکردنی میێنە لەئاستێکی بەرزدابوو، واتە لە سەرووی سەدا هەشتا بوو، بۆیە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە دەستیپێکرد لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەو بڵاوکردنەوەی زانیاری لە سەر مەترسیەکان و ئاکامەکانی و ئامادەکاریی بۆ بەیاساییکردنی نەهێشتنی دیاردەکە، بۆیە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2011 لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژمارە (8) لە بڕگەیەکی یاساکەدا بە تاوان دانراوەو سزای یاسایی لە سەرە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان 2015 2016 بەهاوکاری یونیسێف ڕووپێوێکی ئەکادیمی و زانستی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بە ئامانجی گەیشتن بە ئامارو زانیاری دروست و کاریگەریی هەوڵەکان لە سەر دیاردەکەو ئاستی مانەوەی دیاردەکەو هۆکارو بەربەستەکان, لە ئەنجامی ڕوپێوییەکە دەرکەوت خەتەنەکردنی مێینە بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەهاوکاری ئاژانسەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکاری دەکات بۆ داڕشتنی کۆمبی پلانێک، کە بەهاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەت و ڕێکخراوەکان جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستە بە دروشمی:
(نا بۆ خەتەنەکردنی کچان.. بەڵێ بۆ کۆمەڵگەیەکی تەندروست)، هەڵمەتی خاڵیکردنی کوردستان لە دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە دەست پێدەکات، بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکان و ڕێکخراوەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
با هەموومان بەشداربین لە سەرخستنی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی خێزان لە مەترسی و ئاکامەکانی خەتەنەکردن، با کاربکەین بۆ دروستکردنی خێزانێکی تەندروست وخۆشگوزەران..
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
#06-02-2019#