دوای ئەوەی 7 پارتی کوردستانی پاڵپشتی خۆیان لە لیستی #هەدەپە# ڕاگەیاند، ڕاپرسییەک دەریدەخات کە دانانی قەیومەکان نەبوونەتە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگی هەدەپە لە باکووری کوردستان و دەنگەکانیان لە شارە گەورەکان زیاد دەکات.
بەپێی ڕاپرسیی کۆمپانیای ڕاوێست بۆ ڕاپرسی و لێکۆڵینەوە لە شارەکانی مێردین، #ئامەد# و وان ڕێژەی دەنگەکانی هەدەپە لەنێوان 5 بۆ 8 لەسەد بەرزبووەتەوە. هەدەپە هەروەها بڕیاریدا لە 6 ناوچەی ئیستەنبووڵ کە ڕێژەی دانیشتووانی کورد تێیاندا بەرزە، بەربژێری بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی دەستنیشانبکات.
هەدەپە لە هەڵبژاردنی 31ی ئادار لەگەڵ 7 پارتی باکووری کوردستان هاوپەیمانی دروستکردووە لەژێر ناوی بەرەی نەتەوەپەروەر و دیموکرات، بەڵام هەریەک لە پارتی ئازادی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی کوردستان و هاکپار پاڵپشتی لە هەدەپە ناکەن و بۆ خۆیان لە 5 شاری باکووری کوردستان بەربژێریان دەبێت.
کەمتر لە دوو مانگ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ماوە. ئاکپارتی و مەهەپە لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور، جەهەپە و ئیی پارتیش لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی میللەت بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن.
ئەنجامەکانی کۆمپانیای ڕاوێست بۆ ڕاپرسی و لێکۆڵینەوە بەمشێون:
-لە وان دەنگی هەدەپە لە 53.1% بۆ 57.3% بەرز دەبێتەوە، بەڵام دەنگی ئاکپارتی لە 41.2% بۆ 38.5% دادەبەزێت.
-لە ئامەد دەنگی هەدەپە لە 55.1% بۆ 62.3% بەرزدەبێتەوە، کەچی دەنگی ئاکپارتی لە 35% بۆ 32.8% دادەبەزێت.
-لە مێردین، دەنگی هەدەپە لە 52.2% بەرزدەبێتەوە بۆ 58.2% بەڵام ئاکپارتی ڕێژەی دەنگەکانی لە 37.4% بۆ 35.4% دادەبەزێت.
هەدەپە نەوەک تەنیا لە باکووری کوردستان، بەڵکو لە بەشێک لە شارەکانی تورکیاشدا لە چالاکییەکانی بەردەوامە و ئێستا پلانداڕێژی بۆ ئەوە دەکات لە 6 ناوچەی ئیستەنبووڵ کە ڕێژەی کورد تێیاندا بەرزە، بەربژێر دیاری بکات. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەدەپە بەربژێری بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دیاریی نەکردووە.[1]
#06-02-2019#