دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ئەنجومەنی وەزیران ڕایدەگەیەنێت: زیاتر لە 284 هەزار پەنابەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
فەلاح مستەفا، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم دوای بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی فراوانکردنی بواری پاراستنی مافی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕایگەیاند: بەپێی دواین ڕاپۆرتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان 284 هەزارو 132 پەنابەر نیشتەجێن.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم وتیشی: بەپێی ڕاپۆرتەکە 249 هەزارو 639 پەنابەری سوری، 20 هەزارو 575 پەنابەری تورکی، 13هەزارو 162 پەنابەری ئێرانی و 756 پەنابەری فەلەستینی هەن.
مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد: 63%ی ئاواره و پەنابەرەکان لە شارو ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەژین و تەنها لە 37%ی پەنابەران لەناو کەمپەکاندا دەژین کە ژمارەیان 38 کەمپە.
ئەوەشی خستەڕوو: هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕێکارە یاساییەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری پرس و کێشەی پەناخوازان، جەختیش لەسەر مسۆگەرکردنی ماف و پێداویستییەکانی پەنابەران کە لە هەرێم نیشتەجێن دەکاتەوە.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە: بۆ ئەوەی وڵاتانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بە ئاسانی هاوکاری پەنابەران بکەن، ئه و هاوکاریانەی کە لە فیشخابوورەوە هاتوونەتە ناو هەرێم هیچ باجێکیان لێوەرنەگیراوه و لە ڕووی ڕێکارەکانیشەوە ئاسانکاری تەواویان بۆ کراوە.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم گەرچی خەڵکی کوردستان بەهۆی زوڵم و زۆردارییەکانی ڕژێمی بەعس پەناهەندەی وڵاتانی ئێران و چەند وڵاتێکی تری ئەوروپی بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەنابەرێکی زۆری کوردانی ڕۆژئاواو باکوورو چەند شوێنێکی تر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
هەرچەندە حکومەتی هەرێم لە ڕووی داراییەوە ئەوکات توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئه و پەنابەرانەی نەبوو، بەڵام لە ڕێگەی وڵاتان و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە توانی هاوکاری بگەیەنێتە ئه و پەنابەرانە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی #داعش#یش لە ساڵی 2014 زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەی شارەکانی عێراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە ئێستاشدا نزیکەی 900 هەزار له و ئاوارانە لە شارەکانی هەرێم نیشتەجێن.
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد[1]
#07-02-2019#