چاوەڕێدەکرێت پەسەندکردنی بودجەی 2019ی عێراق لەلایەن پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ببێتە هۆکارێک بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت دەستکاری مووچەی فەرمانبەران بکات و پارەیەکیش بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخان بکات.
زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: ئێمە کار لە پڕۆژەی بودجەی وەبەرهێنان دەکەین، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی ئاومان لە شارەکانی #هەولێر#، #سلێمانی# و #دهۆک# هەیە. هەروەها پڕۆژەی ڕێگاوبان، چەند تونێلێک، پڕۆژەی کارەبا، سایلۆ و پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی چەند قوتابخانەیەکمان هەیە.
بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: لە بودجەی 2019ی عێراق، تریلیۆنێک و نیو ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، کە ژمارەیان دوو هەزار و 500 پڕۆژەیە.
لەوەش زیاتر، ئاماژەی ئەرێنی هەن کە دەریدەخەن بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان لەمساڵدا باشتر دەبێت. ئەویش بە پشتبەستن بە:
- دیاریکردنی 10 تریلیۆن و 844 ملیار دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان
- جێگربوونی نرخی نەوت لە نزیک 60 دۆلار
- بەردەوامی کاری کۆمپانیاکانی نەوت
- دانەوەی 200 ملیۆن دۆلاری قەرزی بانکە ئەهلییەکان، کە ساڵی 2014 قەرزکرابوو
- دانەوەی 20%ی قەرزی بەڵێندەران، کە حکومەت بڕیاریداوە خەرجی بکات
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوتی خۆی بەردەوامە و قەبارەی وەبەرهێنانە نەوتییەکانیش لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتیییەکانەوە زیادیکردووە. ئەوەش بەو مانایەیە کە حکومەت داهاتێکی زیاتری جێگیری دەستدەکەوێت.[1]
#08-02-2019#