لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە شارۆچکەی #ڕانیە# سووتانی سەگێک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەرچەندە تاوەکو ئێستا نازاندرێت بە مردووی سووتێندراوە یان بە زیندووی، بەڵام خەڵکێکی زۆر دژی سووتانی ئەو سەگەن و ئیدانەی دەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە کە هەنسکی سەگێکی خەمبار بەدیار لاشەی هاوەڵە سووتاوەکەیەوە دەبینرێت، دەگوترێت لە سەرقەبرانی گەورەی شارۆچکەی چوارقوڕنە دوو کەسی نادیار و نەناسراو ئاگریان لە جەستەی سەگێکی مێ بەرداوە.
بەگوتەی چەند منداڵێک کە وەک شایەتحاڵ ڕووداوەکەیان بۆ ئاشکراکەرانی دیمەنەکە گێڕاوەتەوە، سەگە نێرەکەی هاوەڵی دیمەنی سووتانەکە دەبینێت بۆیە تا ئەوکاتەی لاشە سووتاوەکە دەشاردرێتەوە جێی ناهێڵێت و بەدیاریەوە دادەنیشێت.
ئومێد ئەحمەد، ئەو کەسەیە کە وێنەی سەگە سووتاوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە و دەڵێت: سەگە سپیەکە بەرەو ڕوومان دەهات، منیش منداڵێکی بچووکم لەگەڵ بوو حەزی دەکرد بیبەم بۆلای سەگەکە، نەمزانی لە نێوانمان سەگێکی سووتاوی لێیە، کە گەیشتینە لای سەگەکە لەبەردەمماندا پاڵکەوت و سەری خستە سەر سەری سەگە سووتاوەکە زۆر بە خەمباری سەیری ئێمەی دەکرد، وەک ئەوەی بیەوێت قسە بکات و بڵێت هاوەڵەکەی منیان سووتاندووە ئێوەی مرۆڤ ئاوا ئازارتان داوە.
دوای شاردنەوەی لاشەی سەگە سووتاوەکە، سەگە نێرەکەی هاوەڵی تەنیا و خەمبار لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە دەمێنێتەوە، بەڵام دواتر سەرقەبرانەکە جێدێڵێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕووونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی بنکەی پۆلیسی بیتوێن، ئه و سەگە پاش ئەوەی لە گۆڕستانێکی ناحیەکە لە نزیک کولانەکەی خۆی گیانی لەدەستداوه، هەر لەوێ لە لایەن منداڵێکەوە سووێتندراوە بۆ ئەوەی بۆن نەکات، پاشان لەلایەن کارمەندانی بنکەی پۆلیسی شارەدێی چوارقوڕنە ژێر خاک کراوە تاوەکو کاریگەری خراپی لەڕووی تەندروستی لەسەر هاووڵاتیان دروست نەکات.
دانا ڕەزگەیی، مامۆستایە و دڵگرانە بەو ڕووداوە و دەڵێت: هەرکەسێک زانیاریم پێبدات دەربارەی ئەوەی ئەم کارە قێزەونەی کردووە تەواوی مووچەکەمی پێشکەشی دەکەم لەپێناوی ئەوەی ئەو کەسە بدەینە دادگا تاوەکو ئەم کارە نەبێتە دیاردە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی سووتانی سەگەکەی چوارقوڕنە دەگاتە گوێی ڕێکخراوە جیهانییەکانیش، ڕێکخراوێکی ئاژەڵ دۆستی ئیتاڵی کە لە #هەولێر# کاردەکەن پەیوەندیان بە چالاکوانێکی چوارقوڕنەوە کردووە تاوەکو سەگەکە بەرنە لای خۆیان و خزمەتی بکەن.
زانا ئەحمەد، چالاکوان دەڵێت: ئەوان وتیان ئەو سەگە (هاوەڵی سەگە سووتاوەکە) دەبێت لە حاڵەتیکی تایبەتدا بێت، چونکە هاوەڵەکەی سووتێندراوە ئێمەش حسابی تایبەتی بۆ دەکەین، دەزانین سەگی بێخاوەن زۆر زۆرە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمە حاڵەتەکەی تایبەتە بۆیە دەمانەوێت ئەو سەگە هەرچیتان کردووە بۆمان بنێرن بۆئەوەی ئێمەش هاوکاری بین و لە شوێنێکی گونجاودا بەخێوی بکەین.
هەرچەندە بەشێک لە شایەتحاڵانی ڕووداوەکە دەڵێن سەگەکە بە زیندوویی سووتێندراوە، بەڵام بەشێکی دیکەی خەڵک پێچەوانەکەی دەڵێن بۆیە پۆلیس بەدوای سەرەداوێکدا دەگەڕێت، هەم ئەو دوو بۆچوونەی بۆ یەکلابکاتەوە هەم ئەنجامدەری کردەوەکەش دەستگیر بکات.[1]
#09-02-2019#