دواڕۆژ، هۆگر کەمال
گەشتوگوزاری #سلێمانی# ئاشکرایدەکات لەماوەی هەشت ڕۆژدا نزیکەی 30 هەزار گەشتیار ڕوویان لە پارێزگاکە کردووە.
ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی (ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی شوباتی 2019) بە دواڕۆژی وت: لە ڕۆژی 1 تا 8ی شوباتی 2019، بەهۆی ئەوەی پشووی خوێندنی پارێزگاکانی عێراق بووە، 29 هەزار و 986 گەشتیاری خواروو و ناوەڕاستی عێراق ڕوویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە.
وتیشی: گەشتیارەکان بە ڕەگەز عەرەبن و لە ڕێگەی بازگەکانی (تاسڵوجە و عەربەت و کەڵەوانان) هاتوونەتە ناو پارێزگای سلێمانی.
ئارام شوانی، ئاماژەی بەوەشدا هاتنی گەشتیاران سوودێکی زۆریان بە بواری گەشتیاری لە پارێزگاکە گەیاندووە، چونکە هۆتێلەکانیان بۆ مانەوە بەکارهێناوە و سەردانی مۆڵ و ڕێستۆرانت و چێشتخانەکان و بازاڕەکانیان کردووە.
وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو کە بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان، بۆ ئەوەی لە بۆنەکاندا زۆرترین گروپی گەشتیاری بهێننە پارێزگای سلێمانی.
پێداچونەوە: شیروان شەریف[1]
#10-02-2019#