لە ئەنجوومەنی ئاسایش تاوتوێی دوایین هەنگاوەکانی شەڕی #داعش# کرا و #نەتەوە یەکگرتووەکان# دەڵێت هێشتا داعش خاوەن ئابووریە و سەدان ملیۆن دۆلاری لەدەستە.
لە دوایین ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی ئاسایشدا سەرەڕای ئەوەی ڕاگەیێندراوە؛ ژمارەی چەکدارانی داعش کەمبووەتەوە، بەڵام هێشتا داعش وەکو هەڕەشەی یەکەم بۆ سەر ئاسایشی وڵاتان دادەنرێت، ئەمەش ئەنجامی ڕاپۆرتێکە دەربارەی داعش کە پشت بە زانیاری هەواڵگریی زیاتر لە 100 وڵات دەبەستێت.
ڤلادمێر ڤۆرۆنکۆڤ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەڵێ داعش هێشتا هەڕەشەیە وەکو ڕێکخراوێکی جیهانی، کە سەرکردایەتیەکی ناوەندی هەیە.
راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی داعش پێچەوانەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکایە لەبارەی کۆتایی داعش لە عێراق و سووریا.
ڤلادمێر ڤۆرۆنکۆڤ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەڵێ داعش دەتوانێت بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەویش بە پشتبەستن بەو پارە و وەبەرهێنانە ئابوورییانەی هێشتا لە دەستیانە و بەهاکەی لە نێوان 50 بۆ 300 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
ئەمە جگە لەو 14 بۆ 18 هەزار چەکدارەی داعش کە هێشتا لە عێراق و سووریان.
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ ئێمە ناڵێین پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە مەیدانەکانی شەڕدا پێویستە بەشێوەیەک بەڕێوەببرێین. ئێمە ڕاستییەکان هەڵدەسەنگێنین و ڕایدەگەیەنین.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت لەسەر ئاستی باڵا، پێشنیاز پێشکەش بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکات لەبارەی چۆنیێتی بەرەنگاربوونەوەی داعش.
راپۆرتەکەی سکرتێری گشتی ئاماژە بە زانیاری دەزگای هەواڵگری ژمارەیەک وڵات دەکات لەبارەی ئامادەکاری داعش بۆ دامەزراندی تۆڕێکی تیرۆریستی نوێ کە ژێرخانی ئابووری و پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق بکاتە ئامانج. پارە و چەک و چەکداری ئەم تۆڕە لە سووریا دێت.
بەڵام نوێنەری ئەمریکا زیاتر تیشکی خستە سەر لایەنە ئەرێنییەکانی ڕاپۆرتەکە دەربارەی داعش.
باڵیۆز جۆناسن کۆهن، نوێنەری کاتیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە ڕاپۆرتەکەی سکرتێری گشتی ڕوونی دەکاتەوە هێرشەکانی داعش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2017دا کەمیان کردووە. ئەمە جگە لەوەی ئەو گرووپە تووشی شکستی سەربازیی گەورە هاتووە لە عێراق، سووریا و باشووری فیلیپین.
ئەم گەشبینییەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، پێچەوانەی بۆچوونی بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپایە.
باڵیۆز جۆناسن ئاڵن، جێگری نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ سەرەڕای لە دەستدانی چاوەڕوانکراوی هەموو ناوچەکانی ژێردەستی، داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی لە هەموو جیهاندا.
کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە دەربارەی داعش بوو، بەڵام بێ بەشداری نوێنەرانی عێراق و سووریا ئەنجامدرا.
فاسلی نابینزیا باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ ڕووسیا لەو باوەڕەدایە پێویستە نوێنەری ئەو وڵاتانە بانگهێشت بکرێن، کە زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە لەوانە عێراق و سووریا بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی هاوشێوەدا قسە بکەن و دوا زانیارییەکانمان پێشکەش بکەن.
هەروەها بەپێچەوانەی وتارەکانی پێشووی، ئەمجارە نوێنەری ڕووسیا ڕەخنەی لە بوونی ئەمریکا نەگرت لە سووریا و هاوڕا بوو لەگەڵ واشنتن لەبارەی کەمبوونەوەی هەڕەشەی داعش.[1]
#13-02-2019#