ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرترین چەکی تێدا فرۆشراوە و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیشی لەبەردەمە، ئەمە سەردێڕی بەشێک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ئەڵمانیایە، کە لە ڕۆژانی 15 تاوەکو 17ی ئەم مانگە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
یەکێک لەو ناوچانەی ڕاپۆرتی ئاسایشی میونشن تیشکی خستووەتەسەر، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێیدا ئاماژە بە دوو بابەت کراوە: فرۆشتنی چەک، هەروەها مەترسییەکانی بەرپابوونی شەڕ.
سەبارەت بە فرۆشتنی چەک، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەنێوان ساڵانی 2013 تاوەکو 2017، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر، دوو هێندە زیادی کردووە، ئەوەش ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لەو ناوچەیەد زیاتر دەکات.
هەرچەندە، ڕاپۆرتەکە بە دیاریکراوی ناوی ئەو وڵاتانەی نەهێناوە، کە زۆرترین چەکیان کڕیوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت، وڵاتانی عەرەبی و ناوچەی کەنداو بەتایبەتی سعودییە، بەشێک بن لەو وڵاتانە.
سەبارەت بەو وڵاتانەی زۆرترین چەکیان فرۆشتووە، ڕاپۆرتەکە ئەمریکای لە پلەی یەکەم داناوە، بە ڕێژەی 53%، پاشان فەرەنسا 11%، بەریتانیا 10%، کەنەدا 7%، ئیتاڵیا 6%، ئەڵمانیا 3% و تورکیا بەڕێژەی 2%.
بەشی دووەمی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئاسایشی میونشن، مەترسییەکانی ڕووبەڕوبوونەوەی سەربازییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
راپۆرتەکە هۆشداری داوە لەئەگەری مەترسی پێکدادانێکی بەڕێکەوت لەنێوان، ئەمریکا، ئیسرائیل و سعودییە دژی ئێران و دەڵێت: ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە ناکرێت بەکەم تەماشابکرێت.
لە 55ەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ئەمساڵدا، سەران و سەرکردە و وەزیرانی بەرگری زیاتر لە 80 وڵاتی جیهان بەشداری دەکەن.[1]
#13-02-2019#