رەوشی ئابووریی ئێران ڕاستەوخۆ کاری کردووەتە سەر سەبەتەی خۆراکی خەڵک، ئەوان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆراکیاندا ماونەتەوە.
گۆشت پێکهاتەیەکی سەرەکیی سەبەتەی خۆراکی خەڵکە، بەڵام لەو چەند مانگەدا نرخەکەی ئەوەندە بەرزبووەتەوە، دابینکردنی بۆ کەم کەس دەستدەدات.
مریشک و گۆشتی سوور، نرخەکەیان چەند بەرامبەر بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتریش دەبێ. شەپۆلی گرانی لە بازاڕەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتێکدایە، داهاتی زۆربەی خەڵک یان هەر وەکو ڕابردووە یان کەمتر بووە.
لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکێکی زۆر کەم داهاتیان زیادیکردووە. مووچەخۆر، کرێکار، دووکاندار و زۆر پیشەی هاوشێوە، چیدیکە بە داهاتی سنوورداریان دەرەقەتی خەرجییە زۆرەکان نایەن.
گرانییەکانی بازاڕ تایبەت بە یەک و دوو جۆر کەلوپەل نین، هەموو بەشەکانی گرتووەتەوە، بەڵام ئەو خۆراکانەی کە لەودیوی سنوورەکاندا پارەی زیاتر دەکەن، زیاتر نرخەکانیان بەرزبووەتەوە. بڕیارەکانی حکومەتیش بۆ قەدەخەکردنی هەناردەکردنی هەندێک جۆری خۆراک پێشی بە ڕەوتی گرانییەکان نەگرتووە.
پێشتر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەبوونی کار و داهاتی گونجاو بە گلەیی بوون، داوایان ئەوە بوو ڕەوشی ژیانیان باشتر بکرێت، ئێستا هەوڵ و هیوایان ئەوەیە؛ لانی کەم سەبەتەی خۆراکیان دەستبکەوێت.[1]
#14-02-2019#