دواڕۆژ، ڕاپۆرت، زریان محەمەد
سەوزە یەکێکە لەو خۆراکانەی بەردەوام لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەکاتی ژەمە خواردن سفرەکانیان پێدەڕازێننەوە، سەوزەی جەرجیر کە ساڵانێکە هاتوەتە بازاڕەکانە و هاوڵاتیان پێی ئاشنابوون، لەئێستاشدا خواستێکی زۆری لەسەرە و چاندیشی زیادیکردوە.
گۆران عومەر، کڕیاری سەوزە لە عەلوەی #سلێمانی# لە لێدوانێکدا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەئێستادا جەرجیر بۆتە یەکێک لە سەوزە سەرەکیەکان و بەردەوام لەلایەن هاووڵاتیانەوە خواستیش لەسەرە و جوتیارانیش بەرهەمهێنانیان زیادکردووە و توانیویانە پێداویستی ناوخۆيی زیادبکەن و هەناردەی شارەکانی خواروی عێراقیش بکرێت.
وتيشی: سەوزەی جەرجیر لەم وەرزەدا لە خانووە پلاستیکییەکاندا بەرهەم دەهێنرێت و ڕۆژانە 10 هەزار دەسک جەرجیر دێتە بازاڕەکانی سلێمانی، ئێمە لە جوتیارانی وەردەگرین و دەیفرۆشینەوە، ئەو ڕێژەیەش ڕۆژانە زیاد دەکات و دەشتوانین هەناردەی شارەکانی تریشی بکەین.
جەرجیل لەو سەوزانەیە، کە پزیشکان ڕێنمايی هاووڵاتیان دەکەن بیخۆن، لەبەرئەوەی چەند سودێکی گرنگی بۆ جەستە هەیە.
وەسفی خەلیل، ڕاوێژکاری کشتوکاڵی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە دواڕۆژی وت: لە سنوری پارێزگای سلێمانی 40% خانووە پلاستیکییەکان لە وەرزی سەرمادا سەوزە بەرهەم دەهێنن و دەیخەنە بازاڕەوە.
وتیشی: لەکۆی 800 خانووی پلاستیکی لەئێستادا 300 خانویان سەوزە لە جۆرەکانی جەرجیر و برۆکلی و سپێناغ و پاقلە و چەند جۆرێکی دیکەی سەوزە بەرهەم دەهێنن کە ئەمانەش بەرهەمی ناوخۆی پڕدەکەنەوە و پێویست بە هاوردەکردنی سەوزە ناکات بۆ هەرێم.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەگەر حکومەت هاوکاری خانووی پلاستیکی بکات و لە وەرزی زستاندا پێداویستی گەرمکەرەوەیان لە غاز بۆ دابینبکات، ئەوا دەتوانن بەرهەمی هاوینە لە زستاندا بەرهەمبهێنن و هەموو جۆرە بەرهەمێک لە وەرزی زستاندا هەبێت.
کەمال علی، هاووڵاتیەکی سلێمانیە پێیوایە خواردنی سەوزە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان بۆ تەندروستی مرۆڤ و بۆ دواڕۆژ وتی: من لەسەر قسەی پزیشک و هەواڵە زانستییەکان کە باسی سودی جەرجیر دەکەن، ڕۆژانە دەیکڕم و دەیخۆم بۆ خوێن سوودی زۆرە و کۆڵسترۆڵی زیانبەخش لە لەشدا لەناودەبات.
بەهۆی زۆری خانووی پلاستیکی لەهەرێمی کوردستاندا لە ئێستادا زۆربەی بەرهەمە هاوینیەکان لەوەرزی زستاندا بەرهەم دەهێنرێت و هاووڵاتیان دەتوانن سوود لەبەرهەم هێنانی خانووە پلاستییکەکان وەربگرن.[1]
#21-02-2019#