بە دەستپێشخەریی گروپێکی ژینگەیی و بە ئامانجی سەوزکردنی چیاکانی کوردستان، هەزار و 500 دەنک بەڕوو لە چیای کێوەڕەش لە شارۆچکەی #ڕانیە# چێندرا.
دوانیوەڕۆی ئەمرۆ گروپی وشیاری ژینگەیی، هەڵمەتێکی چاندنی بەڕووی لە چیای کێوەڕەش لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین دەستپێکرد.
ئامانجی ئەم هەڵمەتە، سەوزکردنی چیاکانی کوردستان و گەڕاندنەوەی مرۆڤە بۆ ناو سروشت، هەروەها ئەم گروپە لە ڕێگەی ئەم کارەوە دەیانەوێت هۆشیاریی ژینگەیی بڵا بکەنەوە و هاوڵاتیان هان بدەن، کە زیان بە ژینگە نەگەیەنن.
سەلیم حەمەعەلی، سەرپەرشتیاری گروپی وشیاریی ژینگەیی بە ڕۆژنیوزی وت: ئامانج لە چاندنی بەڕوو ئەوەیە دەمانەوێت ژینگەی وڵاتەکەمان زیندوو بکەینەوە، دەمانەوێت ئەو هەڵمەتەی ئێمە ئەنجامان داوە بکرێتە کلتور و خەڵکی دیکەش چاومان لێبکەن، بۆ ئەوەش لەگەڵ مامۆستایانی ئاینیی قسەمان کردووە بۆ ئەوەی خەڵک لەبواری ژینگەپارێزی وشیار بکەنەوە.
عومەر ئەبوبەکر، کارمەندێکی تەندروستیە و بەشداری هەڵمەتەکەی کردووە، بە ڕۆژنیوزی وت: ژینگە تەندروستی ژیانی ئێمەیە چۆن مرۆڤ خۆی دەپارێزێت پێویستە ژینگەکەشی وەک خۆی بپارێزیت، هیوادارین هەر کەس لە ئاست خۆیەوە گرنگی بە ژینگە بدات، وەک دەبینین تا ژینگە زیاتر پیس دەبێت نەخۆشی زیاتر دەبێت، بۆیە با هەموومان کوردستان سەوز و ئاوەدان بکەینەوە.
بەشداربوویەکی دیکە بە ناوی ڕێبوار ئیبراهیم، ئاماژەی بەوەکرد، کە پێویستە حکومەت سزای قورسی ئەو کەسانە بدات کە زیان بە ژینگە دەگەیەنن و دار دەبڕنەوە، هەروەها داوای لە هاوڵاتیان کرد خزمەت بە ژینگە بکەن و لەڕێگای هەڵمەتی لەو شێوەیەوە بەشداریی لە سەوزکردنی ژینگەی کوردستاندا بکەن.
لە هەڵمەتەکەی ئەمڕۆی شارۆچکەی ڕانیەدا 1500 دەنکە بەڕوو لە هەر دوو دیوی چیای کێوەڕەش چێندرا، هەروەها لە شارەکانی #هەڵەبجە# و #دهۆک# هەڵمەتی هاوشێوە بەڕێوەچوو.[1]
#22-02-2019#