بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەکە، 11 ژن لەشاری #سلێمانی# مۆڵەتی زانستی شەرعییان وەرگرت و لەمەودوا دەتوانن جگە لە ئیمامەتی ژنان، مارەبڕینی کوڕان و کچانیش بۆ هاوسەرگیری بکەن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 23ی شوباتی 2019، دەزگاکانی (خوشکان و زانایان)ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەئامادەبوونی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە و #هەڤاڵ ئەبوبەکر#، پارێزگاری سلێمانی، لەمەراسیمێکدا لە هۆڵی نیعمەتخان، مۆڵەتی شەرعی بەخشرایە 11 ژن.
#سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین#، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دوای مەراسیمەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکاران ڕایگەیاند: ئەو کارە یەکێکە لە کارە گرنگەکانی زانایانی حیزبەکەی و پڕۆژەیەکی نەوعی جیاوازە و یەکێک بوو لە ئاواتەکانی خۆیشی وەکو ئەمیندار، چونکە پێیوایە خوشکان و ئافرەتان موحتاج و موستەهەقی ئەم خوشکانەن کە شارەزای زانستی شەرعی بن.
د.#ئەحمەد شافیعی# کە سەرپەرشتی پێدانی مۆڵەتی شەرعی بەو ژنانە کردووە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەو کارە بۆ ژنان کراوە، ئەو ژنانەش جگە لەوەی بڕوانامەی پەیمانگە و کۆلێجی زانستە شەرعییەکانیان هەیە، لای ئەوانیش زیاتر لە حەوت ساڵ لە زانستی شەرعی خوێندوویانە، نزیکەی یەک ساڵیشە سەرقاڵی ئەم پڕۆسەیەن و تاقیکردنەوە و توێژینەوەی دەرچوونیشیان پێکراوە.
بەوتەی شافیعی، ئەو ژنانەکاری توانای باشیان لەتەفسیری قورئان و زانستەکانی حەدیس و فیقهی ئیسلامیدا هەیە بەتایبەتی ئەگەر ئافرەتان پرسی شەرعییان هەبێت دەتوانن ئەوان وەڵامیان بدەنەوە.
سەبارەت بەوەی ئەو ژنانە بۆیان هەیە وەکو مامۆستایانی پیاوانی ئایینی وتاری ڕۆژانی هەینی پێشکەشی هەینی بکەن، ناوبراو وتی: لەفیقهی ئیسلامیدا وتاری هەینی دەبێت پیاوان پێشکەشی بکەن، ئەگەر مزگەوتی تایبەت بە ژنان هەبێت، ئەم ژنانە دەتوانن ئیمامەتی و پێشنوێژی بکەن، بەڵام دەتوانن مارەبڕینی هاوسەرگیری بکەن ئەگەر لەشوێنێک پێویست بێت.
مامۆستا #ئەحمەد قامیشی#، وتاربێژ و ئەندامی ئەنجومەنی زانستی لە #وەزارەتی ئەوقاف# و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم بۆ دواڕۆژی ڕوونکردەوە: زانست و زانیاری لەئایینی پیرۆزی ئیسلامدا لەنێوان ڕەگەزەکانی نێر و مێ جیاوازی نییە، ئەم جۆرە مۆڵەت پێدانانەش زۆر گرنگن بەتایبەتی بۆ خوشکان.
ناوبراو ڕوونیکردەوە: ئافرەت بۆی هەیە ئیمامەتی و پێشنوێژی بۆ ئافرەتان بکات، زۆرجار ئافرەتانیش پرسیاری شەرعییان هەیە و ڕەنگە پێیان شەرم بێت لای مامۆستایانی ئاینی بیکەن، ئەم ژنانە دەتوانن وەڵامیان بدەنەوە، بەڵام بۆ وتاری ڕۆژانی هەینی نابێت، چونکە بەشداری وتاری ڕۆژانی هەینی لەسەر ئافرەتان واجب نییە.
قەدریە سەعید یەکێک لەو ژنانەی ئەمڕۆ مۆڵەتی شەرعی وەرگرت بەدواڕۆژی وت، لەکوردستان لەهەموو بوارەکاندا ئافرەتان ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام لەبواری زانستی شەرعی کەلێنێک هەبووە و ئەمڕۆ توانییان ئەو بڕوانامەیە بەدەست بێنن کە زۆر گرنگە و بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ بەتایبەتیش ئافرەتان.
لەزانستی شەرعی بە مامۆستایانی ئاینی دەوترێت مەلا، گەزیزە جەبار ژنێکی دیکەی دەرچووی زانستی شەرعییە و بۆ دواڕۆژی وت: تائێستا قسەیان لەسەر ئەوە نەکردووە خەڵک بەمامۆستا یان مەلا بانگیان بکەن، بەڵام ئاساییە بەهەر شێوەیەک بانگیان بکەن و جیاوازی نییە.
بەڵام د.ئەحمەد شافیعی جەختیکردەوە: لەڕووی شەرعییەوە ئاساییە پێیان بوترێت مەلا، بەڵام لەڕووی زاراوە و نەریتی کوردی، مەلا بەو مامۆستا ئاینییە پیاوانە دەوترێت کە لە مزگەوتدان، بۆیە ئەم ژنانە دەبێت پێیان بوترێت مامۆستا.
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد[1]