دواڕۆژ، ڕاپۆرتی پشتیوان جەمال
هێشتا جەژنی نەورۆز زیاتر لە سێ هەفتەی ماوە، بەڵام لەئێستاوە بەشێکی زۆری کابینەکانی شارۆچکەی دوکان لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە بەکرێ گیراون و نرخی کابینەکانیش لە 350 دۆلارەوە دەستپێدەکات تا 900 دۆلار.
سیستمی بەکرێدانی کابینەکان بۆ جەژنی نەورۆز بۆ ڕۆژانی 20 و 21ی ئازاری 2019یە و دەبێت گەشتیار نیوەڕۆی ڕۆژی 22ی ئازار شوێنەکە چۆڵبکات.
دیاری عەبدوڵا، لەیەکێک لەشارە گەشتیارییەکانی شارۆچکەی دوکان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: نرخی کابینەکان لای ئەوان دوو جۆرن گەورەکان بە 900 دۆلار و بچووک بە 700 دۆلار، لە 14 کابینەش تائێستا پێنج کابینەیان ماون، ماوەی مانگێکیشە خەڵک کە زۆرینەیان کوردن دەستیان بەکرێگرتنی کابینەکان بۆ جەژنی نەورۆز کردوە.
وەک ئەو ڕوونیکردەوە: ئەمساڵ بەکرێگرتنی کابینەکانیش دواکەوتووە، چونکە ساڵانی ڕابردوو دوو مانگ لەمەوبەر هەمووی بەکرێدەدران، بەڵام تائێستاش قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر خەڵک جێهێشتووە.
سەبارەت بەوەی بۆچی نرخی کابینەکان بۆ جەژنی نەورۆز گرانن، دیاری ئاماژەی بەوەکرد: ئەوان لەوەرزی پایز و زستان کار ناکەن، جگە لەوەش حکومەتی هەرێم کرێی کارەبای زۆر گران کروە بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو 28 ملیۆن دینار کارەبایان بۆ هاتۆتەوە، جگە لە پارەی کارمەندیش.
کاروان ئەحمەد، خاوەنی شارێکی دیکەی گەشتیارییە بۆ دواڕۆژی ڕوونکردەوە لە کۆی 10 کابینە 3 کابینەیان ماوە، شەوی بە 200 دۆلار و 175 دۆلارە، بەڵام بۆ دوو شەوی جەژنی نەورۆز بە 350 دۆلار یان 375 تا 400 دۆلارە.
ناوبراو باسی لەوەشکرد: ساڵانی ڕابردوو خەڵک لە مانگی کانوونی یەکەمی کۆتایی ساڵەوە کابینەکانیان بەکرێ دەگرت، بەڵام ئەمساڵ خەڵک درەنگتر ڕۆیشتوون بۆ بەکرێگرتنی کابینە و ئەوانەشی هاتوون کوردن.
کاروان وتی: بۆ سەری ساڵ یەک کابینەی بەکرێداوە، چونکە هێشتا قەیرانی دارایی کاریگەری ماوە و ئەم ئیشەشیان تەنیا لەجەژنی نەورۆز هەیە.
لەهەفتەی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری #سلێمانی# یەکەمین دیداری نێرگزی لە شاری سلێمانی بەبەشداری زیاتر لە 200 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی ڕێکخست بەمەبەستی ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ پارێزگای سلێمانی.
ئارام شوانی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: بەپێی سیستمی بازرگانی کە لە عێراقدا هەیە بازاڕ ئازادە، کابینە گەشتیارییەکانیش زیاتر جەژنی نەورۆز خەڵک ڕوویان لێدەکەن، کاتەکانی دیکەی ساڵ بێکار دەبن، بۆیە لەوەرزی بەهار و نەورۆز نرخ گرانتردەکەن.
ناوبراو وتی: هەرچەندە ئێمە ئەو بەرزبوونەوەی نرخەمان پێباش نییە، بەڵام دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵیاندا و زانینی گرفتەکانیان، تاڕادەیەک بەلامانەوە ئاساییە کە نرخەکانیان لەو بۆنە و وەرزەدا گرانن، چونکە بەدیلی باشتر نییە و لەڕسوماتی ئاو و کارەبا و باج ئاسانکارییان بۆ نەکراوە تا ئەوانیش بتوانن لە بەرامبەردا داشکانی نرخ بکەن.
شوانی ئاماژەی بەوەشکرد: بەرزبوونەوەی ئەو نرخانە لەشارۆچکەی دوکان تەنیا لەکابینەکان بەو شێوەیەن، ئەگەرنا شوێنەکانی دیکەی شارۆچکەکە نرخیان ئاساییە، هەندێجاریش خەڵک لەبەرئەوەی زۆر ڕوو لەو شوێنە دەکەن بۆیە نرخەکانیش بەو شێوەیە گران دەبن.
لە شارۆچکەی دوکان جگە لە کابینەکان، دوو جۆر کەپریش هەیە مۆدێرن و میللی، قادر عەبدولڕەحمان، هەردوو جۆری کەپرەکانیان هەیە بۆ دواڕۆژی ڕوونکردەوە: تائێستا خەڵک بۆ بەکرێگرتنی کەپر سەردانیان نەکردوون و نرخەکانیشیان دیاری نەکردوە، بەڵام ڕەنگە لە 50 هەزار بەرەو خوارەوە بێت.
عادل ئیبراهیم، کاسبکارێکی تەمەن 35 ساڵە و هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ دوو خێزانی دیکەی نزیکیان کابینەیەکیان لەشارۆچکەی دوکان بەکرێ گرتووە و دەیوت: بە 350 دۆلار بۆ دوو شەو کابینەکانمان گرتووە، ئەو پارەیەشمان لەنێوان خۆماندا بەشکردوە و لەسەر هەر خێزانێکمان نزیکەی 120 دۆلار کەوتووە.
عادل وتی: ڕاستە نرخەکان گرانن، بەڵام ئەگەر بە چەند خێزانێک کابینەکان بگیرێت ڕەنگە باشتر بێت، ساڵی ڕابردووش چووینە ئەو کابینانە و خزمەتگوزارییان باش بوو، بەڕاستیش جەژنی نەورۆز واتە شارۆچکەی دوکان.
شۆڕش خەسرەو، فەرمانبەرێکی تەمەن 42 ساڵە و بەنیازبوو بۆ جەژنی نەورۆز لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری نزیکی ڕووبکەنە ئەو کابینە گەشتیارییانە، بەڵام لە کاتی زانینی نرخی کابینەکان بەلایانەوە زۆر بووە، بۆیە لە بڕیارەکەیان پاشگەز بوونەتەوە.
شۆڕش وتی: نرخی 350 دۆلار هەر زۆر بوو، ڕاستە جەژنی نەورۆز بۆنەیەکی خۆشە و خەڵک حەز دەکات کاتێکی خۆش بەسەر ببات، بەڵام نرخی کابینەکان گرانن، چونکە گەشتیار جگە لەو پارەیە، دەبێت مەسرەفی دیکەش بکات.
د.نیهاد خالید، پسپۆڕی ئابووری لە لێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ ڕایگەیاند: ئابوری هەموو وڵاتێک لەسەر داواکاری و خواستە، بەو پێیەی ساڵانی ڕابردوو ئەو کابینانە زوو گیراون، بۆیە خەڵک زووتر دەڕۆن بۆ بەبەکرێگرتنی کابینەکان.
بەوتەی ناوبراو: سەردانکردنی خەڵک بۆ شارۆچکەی دوکان بەتایبەتیش بۆ کابینەکان زیاتر بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆشە، چونکە خەڵکانێک ئەگەر توانای دەرەوەی وڵاتیان نەبێت، دەیانەوێت بڕۆنە شوێنێکی وەکو دوکان.
د.نیهاد ڕوونیکردەوە: بۆ گرانی نرخەکان کەوتۆتە سەر خزمەتگوزاری ئەو شوێنانە، ئەگەر خزمەتگوزارییان باش بێت ئەو نرخە باشە، بەڵام ئەگەر خزمەتگوزارییان باش نەبێت ئەوە شتێکی دیکەیە.
ئەو پسپۆرە ئابورییە بەپێویستی زانی باج لەو کابینە گەشتیارییانە وەربگیرێت، بەڵام لەو کاتەشدا دەبێت حکومەتی هەرێم دوو هەنگاو بنێت کە یەکێکیان مووچەی خەڵک باش بکات واتە ئەو پارەیە بۆ گیرفانی خەڵک بگەڕێتەوە، پاشان خزمەتگوزاری ڕێگەوبان و شەقام کە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە دەبێت بۆیان باش بکات.
شارۆچکەی دوکان لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە و ناوچەیەکی گەشتیارییە، ساڵانە لە وەرزی بەهارەوە گەشتیار ڕووی تێدەکات تا کۆتایی وەرزی پایز، بەپێی ئامارێک کە دراوەتە دواڕۆژ، لە شارۆچکەی دوکان، 3 هۆتێل، 200 کابینەی گەشتیاری، نزیکەی 250 کەپری مۆدێرن و نزیکەی 600 تا 650 کەپری میللیش هەیە.[1]
#25-02-2019#