هێشتا چەندین کێڵگەی مینڕێژکراو لە ناوچە شاخاویی و شوێنە گەشتیارییەکانی باڵەکایەتی ماون و بوونەتە مەترسیی بۆ سەر هاوڵاتیان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کاروباری مینی #هەولێر#-یش دەڵێت: ئێمە بە بوونی بەشێکی زۆری ئه و کێڵگە مینانەمان نەزانیوە.
سنوری باڵەکایەتی، ناوچەیەکی سەرنجڕاکێش و دڵگیر، بە بوونی چیای بەرز و دارستانی زۆر و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران و شاخەوانان لە چوار وەرزی ساڵدا ناسراوە، بەڵام ئەو مین و تەقەمەنیانەی لە شەڕی عێراق-ئێراندا چێندراون، هێشتا ماون و بوونەوە مەترسی گەورە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و گەشتیاران و زۆرجار ئەو بەهەشتەیان لێدەکەنە دۆزەخ.
بەپێی ئامارێکی بەشی ڕاگەیاندنی دەزگای کاروباری مینی هەولێر، لە سنوری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 360 ناوچەی گومانلێکراو بە مین هەیە، کە بەشێکی زۆریان کەوتونەتە ناوچەی باڵەکایەتی، کە دەگاتە سەرووی 160 ناوچەی گومانلێکراو.
هەر بە پێی ئامارەکە، له هەرێمی کوردستان ساڵانە 50 تا 60 کەس بەر مین دەکەون.
ئەو کێڵگە مینڕێژکراونە جگە لەوەی بوونەتە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی سنوورەکە، هەروەها بوونەتە مەترسیی لەسەر ژیانی گەشیاران و شاخەوانانیش.
سالار #چۆمان#ی، کە شاخەوانه و لەگەڵ بەشێک لە هاوڕێکانی بەرەو چیای هەڵگورد بەڕێکەوتن، باس لەوە دەکات: باڵەکایەتی ناوچەیەکی شاخاوی و بەفراوییه، کە ئەوەش وای کردووە گەشتیاران و شاخەوانان بەردەوام ڕوو لە ناوچەکە بکەن و گەشتی تێدا ئەنجامبدەن، بەڵام جێگەی داخە، کە بە هۆکاری ئەوەی ناوچەکە سەر سنورە لە ساڵانی هەشتاکان شەڕێکی زۆری تێدا کراوه و ئێستاش ئاسەواری شەڕەکەی لێ ماوە و پڕیەتی لە کێڵگەی مین.
سالار ئەوەی خستەڕوو: ئەم مینانە مەترسییەکی گەورەن لەسەر ژیانی زۆربەمان، بۆیە داواکارین، کە دەزگای مین و حکومەت ئه و ناوچانە بخاتە ئەولەویەتی کارەکانی و مینەکان هەڵگرێتەوە تا بە ئاسودەیی و بێ مەترسی گەشتەکانمان بکەین.
ئاری عوسمان، هاوڕێی سالارە و لەگەڵ گروپی شاخەوانییەکە بەشداری کردوە، بۆچوونی وایە، مین به تەنیا زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت، بەڵکو مەترسییە لەسەر سروشت و هەموو ئاژەڵێک و زیانێکی گەورەیە بۆ ژینگە، بۆیە ئەگەر تا دوێنێ دەزگای مین و حکومەت تەنیا نیشانەکانی بۆ وەرزەکانی هاوین و بەهار دانابێت و تا ئاگاداری بداتە مەڕدار و کەسانی دیکە، ئەوا دەبێت لە ئێستادا حسابی ئه و گەشتیار و شاخەوانانەش بکات، کە لە وەرزەکانی زستانیش ڕوو لە شاخەکان دەکەن.
ئاری ئەوەشی وت: چیاکانی باڵەکایەتی سەختن و بەفری زۆری تێدا دەمێنێتەوه، بۆیەش ئه و نیشانه و تابلۆیانەی ئاگادارکردنەوەی مین، هەمووی بن بەفر دەکەون و ون دەبن و بەوەش شاخەوانان و گەشتیاران ڕێگایان لێ ون دەبێت و دەڕۆنە ناو کێلگە مینەکان و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.
بەڵام حکومەتی هەرێمیش لەگەڵ ئەوەی دوای 28 ساڵ ئەو نیشتیمانەی لە مین پاکنەکردوەتەوە، کەچی هێشتا بە بەشێک لە ناوچە مین ڕێژکراوەکانی نەزانیوە، زێبار خالید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای کاروباری مینی هەولێر، دەڵێت: بەشێکی زۆری ئه و کێلگە مینانە لای ئێمە پێ نەزانراون و تا ئێستا نیشانەڕێژ نەکراون، بۆیە له ئەگەری بونە مەترسی بۆ سەر گیانی شاخەوانان، پێویستە به زووترین کات پێمان بوترێت و ئاگادارمان بکەنەوە.
زێبار خالید دەشڵێت: ئێمە به پێی توانا هەوڵمانداوە، کە بەردەوام ئه و کێڵگە مینانە پاک بکەینەوە، بەڵام بەهۆی کەمیی توانست و ئیمکانیاتی مادییەوه، نەمانتوانیوە جێگای ڕەزامەندی هاوڵاتیان بین بۆ پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکان.[1]
#25-02-2019#