دواڕۆژ، ڕەڤەند گوهەرزی
هەودا زیاتر لە ساڵێکە لە دەستی چەکدارانی #داعش#دا نەماوە لەپاش ئەوەی لەساڵی 2014 و لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە #شنگال# ڕفێندرا، بەڵام ئەوەی بیرناچێتەوە کە لە ماوەی ئه و سێ ساڵەدا وەک خۆی دەڵێت 19 جار کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە لەلایەن چەکدارانی ئه و گروپەوە و جارێکیش دووگیان بووە و منداڵەکەی سکی لەناوبردووە.
هودا کەمال، ژنە ئێزدی کە ئێستا تەمەنی 19 ساڵە لە کۆتایی ساڵی 2017 لە سوریا لە دەستی داعش ڕزگارکرا و گەڕایەوە ناو کەسوکارەکەی لە کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان.
ئه و ژنە ساڵی 2014 و دوای سێ ڕۆژ لە ڕفاندنی لە گوندی کۆجۆ لە سنوری شارۆچکەی شنگال لەلایەن چەکدارانی داعش لەگەڵ دوو خوشکیدا گوێزراوەتەوە بۆ شاری ڕەققەی سوریا.
هودا بە دواڕۆژی وت: دوای 16 ڕۆژ لە کۆنتڕۆڵکردنی کوجۆ لەلایەن داعشەوە، کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ چەکدارانی ئه و گروپە هاتنە بەردەرگای ماڵەکەمان و پێیانوتین وەرنە دەرەوە، من و دوو خوشکم و دوو برام و دایکم و ژنبراکەم پێکەوە هاتینە دەرەوە و براین بۆ شوێنێک و دواتر ژن و پیاو لەیەکترجیاکراینەوە سەرجەم پارە و زێڕ و مۆبایلەکانیان لێوەرگرتین.
هودا و کچەکانی تر گوازراونەتەوە بۆ گوندی سۆلاخ و لەناو باخێکدا و دوای ڕۆژێک براونەتە شاری #موسڵ# و لە خانوی هاوڵاتیەکی مەسیحیدا بوون لەوێشەوە گوێزراونەتەوە بۆ ئه و شوێنەی کە خۆیان پێشبینییان نەدەکرد، شاری ڕەققە لە سوریا.
رەققە ئەوکات بە پایتەختی داعش دادەنرا کە زۆربەی ئه و کچە ئێزدیانەی لەلایەن چەکدارانی ئه و گروپەوە بەدیلگیرابوون دەگوێزرانەوە بۆ ئه و شارە و لەوێ مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیان پێوەکراوە.
هودا دەڵێت: لە ڕەققە براینە ناوچەیەک کە پێیان دەوت سپی و لە بارەگایەکی داعش گیرساینەوە و دوای سێ ڕۆژ (ئەبو مالیک) کە ئەمیرێکی داعش بوو هات و خوشکێکمی بۆ خۆی برد و (ئەبوتابوت)یش کە ئەمیرێکی تری داعش بوو خوشکەکەی ترمی برد و منیش کەوتمە دەست ئەمیرێکی تر کە ناوی (ئەبو ساڵح ئەلئەنساری) بوو، ئه و بەدرێژایی مانگێک دەستدرێژی کردەسەرم.
دواتر هودا دەگاتە ناوچەی مەعدان لە ڕەققە و پڕۆسەی کرین و فرۆشتن پێوەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستپێدەکات کە سەرەتا بە کەسێک فرۆشرا بەناوی ئەبو فەحس و دواتریش هەر چەکدارێکی داعش بەوەی تری فرۆشتووەتەوە کە بەوتەی خۆی سەرجەمیان گەیشتووەتە 19 جار.
ئه و قوربانییە ئێزدییە وتی: سێ له و ئەمیر و چەکدارانەی داعش کە کڕین و فڕۆشتنیان بە منەوە کرد لە بۆردومان و شەڕەکاندا کوژران.
دوای 44 ڕۆژ لە فرۆشتنی بە ئەمیرێکی داعش بەناوی (ئەبو ئیبراهیم ئوردونی) پێکەوە چوونە لای پزیشک و پێیان ڕاگەیاندووە کە دووگیانە، بەڵام دواتر منداڵەکەی لەباربردووە.
بەر لەوەی هودا ئازادبکرێت بە نۆزدەیەمین کەس فرۆشراوە کە ناوی (ئەبو عومەر فەلەستینی) بووە کە ڕۆژێک چووە بۆ شەڕ و نەگەڕاوەتەوە.
لەپاش چەند ڕۆژێک لە کوژرانی ئه و ئەمیرەی کە هودا لای بووە یەکەم هەنگاوی ئازادکردنی دەستپێدەکات کاتێک لە ناوچەی هەجینی شاری دەیرزور بووە.
هودا وتی: کەسێک هات بەناوی دڵشاد و بەمنی وت خۆت ئامادەبکە دەچینە شوێنکی تر، لەوکاتەدا بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکان بەردەوامبوو، دواتر منی بردە ماڵی (ئەبو شامل سوری) ئەویش لەبەرامبەر (16) هەزار دۆلار منی گەیاندە #شەڕڤان#انی یەکینەکانی پاراستنی گەل (#یەپەگە#) لە ڕۆژئاوای کوردستان کە دواتر زانیم ئه و پارەیە لەلایەن کەسوکارمەوە دابینکرابوو بۆ ئازادکردنم.
سەرەڕای ئەوەی هودا ئازادکراوە هێشتا چاوی لە چارەنوسی دایکی و دوو برای و براژنێکێتی کە تائێستا چارەنوسیان دیارنییە و وەک ئه و لەلایەن داعش دیل بوون.[1]
#25-02-2019#