پۆلیسی #سلێمانی# ڕایدەگەیەنێت لەماوەی زیاتر لە دوو هەفتەذا توانیویانە 64 تۆمەتبار دەستگیربکەن کە هەندێکیان تۆمەتبارن بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی (ئەمڕۆ 28ی شوباتی 2019) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەڕۆژانی 11ی شوبات تائێستا توانیویانە 64 تۆمەتبار دەستگیربکەن بە تۆمەتەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و دزی و هاککردن.
ناوبراو ڕوونیکردەوە: ڕۆژی 24-25ی شوبات، سێ تۆمەتبار لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەرچناوە بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون کە یەکێکیان ئافرەتە، ڕۆژی 25ی شوباتیش بنکەی پۆلیسی دادگا لەکاتی پشکنیندا دوو ئافرەتیان دەستگیرکردووە کە ماددەی هۆشبەریان پێبووە و ڕادەستی ئاسایش کراون، هەروەها لەلایەن بنکەی سەیدسادقیش تۆمەتبارێکیان بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە کە پێشتریش سزادراو بووە.
نەقیب سەرکەوت ئاماژەی بەوەشکرد: لەچەند شارۆچکەیەکی دەرەوەی سلێمانی، پێنج کەسیان بە تۆمەتی دزینی ئاژەڵ دەستگیرکردووە کە دوویان ئافرەتن و ئەو کەسەش دەستگیرکراوە کە ئاژەڵەکانی لێکڕیون.[1]
#28-02-2019#