ئامادەبووانی بەڕێز،
میوانە بەڕێزەکان،
بەیانیتان باش و بەخێربێن بۆ فۆرومی #هەولێر#.
بەخێرهاتنێکی تایبەتی ئه و میوانە بەڕێزانە دەکەم کە لە دەرەوە هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان. دەستخۆشی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو دەکەم بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو فۆروومە و کۆکردنەوەی 14 ناوەندی لێکۆڵینەوەی ناوچەکە لەم کاتە پێویستەدا. لەپێناو گفتوگۆکردن لەسەر دروستبوونی ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتن لە ناوچەکەماندا، هیوادارم گفتوگۆی پڕ بەرهەم و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەکدا ببینین.
بەڕێزان،
ئێوەی سیاسەتمەدار و توێژەران، خاوەن زانیاری و ڕوانگەی خۆتانن، بۆیەش دەمەوێ زۆر ڕاشکاوانە لێرە لەبەردەم ئێوەی بەڕێزدا، قسە بکەم.
بە ڕاستی ئێمە دەمانەوێت بەرامبەر خەڵکی کوردستان و عێراق بەگشتی، خاوەن بەڵێن بین. دەمانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق، ژیان و گوزەرانێکی خۆش و شایستەیان هەبێت. خۆشگوزەرانیی خەڵک بەدینایەت، ئەگەر سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا نەبێت. خزمەتگوزارییەکان دەستەبەر نابن، ئەگەر وڵات لە بارێکی شڵەژاوی ئەمنیدا بێت، لەبەرئەوەش دەبێ لەو دوو خاڵەوە دەست پێبکەین.
ئەگەر لەو دوو خاڵە ورد ببنەوە، دەبینن کە سەرکردایەتیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بەرلە ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، هەوڵێکی زۆری بۆ عێراقێکی بەو شێوەیە داوە. بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان، بەر لە ڕووخان و دوای ڕووخانی ڕژێم لە هەولێر ئەنجامدران. ئێمە چاومان لەوەبوو عێراقی هەمووان دروست ببێت، بەداخەوە ئەوە بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان پێکنەهات و سەرئەنجام دەوڵەتی مەدەنی و هاووڵاتیبوونیش پێکنەهات! بۆیەش ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان سوودیان لەو بارودۆخە وەرگرت و قاعیدە شوێنی خۆی لە عێراقدا فراوان کرد. دواتر لە بەرگی ئەنسارولسوننەدا بەهێزتر بوو، ئینجاش بووە ڕێکخراوێکی زۆر گەورەتر و بەهێزتری تیرۆریستی بە ناوی #داعش# کە بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و هەموو جیهانیشی تێکدا.
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئەگەر ئێمە بە چاوی ئەوەی ئەمە پیلانگێڕییە و داعش لە دەرەوە بۆ عێراق نێردراوە، تەماشای دیاردە و مەسەلەکە بکەین، ناگەینە هیچ چارەسەرێک و بەداخەوە لەوانەیە بەرەو بارێکی زۆر خراپتریش بچین!
ئێستا داعش جموجۆڵێکی بەردەوامی هەیە لە هێڵی ستراتیژی دیالە، #کەرکووک#، سەڵاحەدین، ئەنبار و مووسڵ تاوەکو سووریا. شەوانە جموجۆڵ و هێرش و پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و شوێنە گشتییەکان ئەنجامدەدات، زۆربەی زۆریشیان خەڵکی عێراقن! کەواتە داعش ماوە. لە دۆخێکی شڵەژاوی بەو شێوەیەدا ئەگەر داعش نەمێنێ، ڕێکخراوێکی دیکەی تیرۆریستی لەو پاشماوەیە و لەو زەمینەیەدا لەدایک دەبێت. لەبەرئەوە دەبێ بە جیددی لەسەر چارەسەرێکی بنەڕەتی بوەستین.
دەوڵەتی تازەی عێراق لە دەستوور و سیستەمی ئێستایدا خۆی بە دەوڵەتێکی دیموکراسیی فیدرالی پێناسە کردووە. لە دەوڵەتێکی بەو شێوەیەدا ئەگەر ئاوەدانی، خزمەتگوزارییەکان و بەشداری لە بەڕێوەبردندا بە شێوەیەکی گونجاو و هاوبەش نەبێت، ئەوا سەقامگیری و ئینجاش خوشگوزەرانی و پێشکەوتن، مەحاڵە.
پشتگوێخستنی بەشدارییەکی هاوشان، هەروەها ئەو شێوازە لە بڵاوبوونەوەی چەک، وایکردووە نەک پێشکەوتنی ئابووری، بەڵکو بەردەوامبوونی بزاڤی بازرگانی و ئابووری و زۆر پێویستیی ڕۆژانەش زۆر سەخت ببێت، هەروەها کاریگەرییەکی یەکجار خراپی هەبووە و هەیە و بووەتە ڕێگر لەبەردەم چارەسەرە سیاسییەکاندا. ناسەقامگیری بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە بە هەموو پێکهاتەکانەوە.دەبێ ئەوە بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێت. هەرێمی کوردستان کە ڕەخنەی هەیە لەوەی 55 ماددەی دەستوور، ئەوانەی پەیوەستن بە گەلی کوردستانەوە جێبەجێنەکراون، لە هەمووان زیاتر دەیەوێت دەستوور سەروەر بێت.
بەڕێزان،
بۆ ئەوەی گەراکانی تیرۆر لە عێراقدا هەڵبگرین و نەهێلین، دەبێ یەکەمجار شوێنە وێرانبووەکان ئاوەدان بکرێنەوە. زەمینەی گەشەکردنی تیرۆر، لەناو وێرانی و ناوچە بێ خزمەتگوزارییەکاندایە، بۆیە دەبێ زوو دەست بە ئاوەدانکردنەوە بکرێت.
بۆ هەموومان زۆر ناخۆشە کە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی ناوچەکە و جیهان، شاری مووسڵ بەو شێوەیە وێرانە. دەبێ حکوومەت پشتیوانی لە سەرمایەدارانی مووسڵ بکات بۆ ئەوەی دەستپێشخەریی ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ، لە دەستی ئەواندا بێت. دەبێ خەڵکی هەموو پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق، نەک تەنیا چەند کەسێک لەو پارێزگایانە، خۆیان بە هاوبەش و بەشدار ببینن لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات و کارگێڕیی عێراقدا. دەبێ پەیوەندیی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە کردەوە و بە شێوەیەکی قووڵ ڕاست بکرێتەوە.
بۆ نەهێشتنی تیرۆر و نەهێشتنی دەرکەوتنەوەی تیرۆر لەژێر ناوی دیکەدا، پێویستیمان بەوەیە سیستمی پەروەردەمان لە عێراق پێشبخەین، پلانێکی تازەی وردی ئاوەدانکردنەوەمان هەبێت، هاوبەشی و بەشدارییەکی گونجاوی هەموو نەتەوە و خاوەن ئایین و مەزهەبەکان هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و ڕێگەکانی پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە لە عێراقدا بەهێز و قووڵ بکەینەوە. بیمەی تەندروستی، بیمەی بێکاری و هەژاری، ژیان و خوێندن بۆ ئەوانەی بێ دایک و باوک بوونە، هەروەک لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بۆ هەمووان دابین بکەین.
بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ئەوە بکەین، دەبێ هەموو لایەنەکان بە ڕاشکاوی پێکەوە قسە بکەن و لێکگەیشتن و پێکەوەکارکردن و سازانێکی تازە لە عێراقدا دروستبکرێت. ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ ئەوەی لەمڕۆوە دەست پێبکەین.
بەڕێز سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی کەسێکی گونجاوە بۆ قۆناغێکی بەو شێوەیە و هەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەبێ گەیشتبنە ئەو باوەڕەی کە پێکەوەکارکردنمان بۆ بەڕێوەبردنێکی باشتر و دروستکردنی سەقامگیری زۆر پێویستە. بەتایبەتیش ئەگەر ڕێژەی کەمیی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنی ڕابردووی عێراقدا بێننە بەرچاوی خۆیان، ئەوە ئەوپەڕی بێباوەڕی بە سیستەم و بەڕێوەبردنی وڵات پیشاندەدات. دەبێ لایەنەکان بە کار و کردەوە و ڕەفتاری خۆیان، باوەڕی خەڵکی عێراق بە سیستەمی سیاسی دروست بکەنەوە.
بەڕێزان،
بەر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، هەرێمی کوردستان عێراقەکەی دیکە بوو. ئەو عێراقە بوو کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە ئۆپۆزیسیۆندا شانازییان پێوە دەکرد بۆ حەتمیەتی گۆڕینی ڕژێم و بۆ بنیاتنانی عێراقێکی پێشکەوتوو لەسەر بنەمای فیدرالی.
ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە کۆنگرەی لەندەن و سەڵاحەدین، فیدراڵی پەسند کرد، لە دەستووری کاتی و هەمیشەیی عێراقیشدا چەسپا. گەلی کوردستان لەو باوەڕەدا بوو کە بەپێی سرووشتی هەمەڕەنگی عێراق، ئەو سیستەمە زیاتر پێشدەخرێت و فراوانتر دەکرێت. ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا و ئێستاش لە عێراق دەیبینین، ئەوەیە کە بە ڕاستی فیدرالی ڕێگە و سیستمێکی ڕاستە بۆ فراوانترکردن لە عێراقدا.
بەڵام دەمەوێ زۆر ڕاشکاوانە بە ئێوەی بەڕێز بڵێم، بەداخەوە هەست دەکەین چەمکی فیدرالی و سیستەمی فیدرالی لە عێراقدا هێشتا نەچەسپیوە و هێشتاش تێگەیشتنێکی تەواو نییە بۆ چەمک و سیستەمی فیدرالی. لەبەر ئەوەش هێشتا جۆرە مامەڵەکردنێک هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کە بە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمێک ناچێت، بەڵکو هاوشێوەی مامەڵەکردنە لەگەڵ پارێزگایەکدا. هیوادارین ئەم شێوازە لە ماوەی دەسەڵاتی حکوومەتی ئێستای عێراقدا ڕاست بکرێتەوە.
هیچ کام لە ڕێککەوتن و بەڵێنەکان بەو شێوەیە نەبوون، هەروەها لە دەستووری عێراقدا، بنچینەی فیدرالی دانراوە و لە زۆر ماددەی دەستووری عێراقیشدا ڕێگەی فراوانکردن و چەسپاندنێکی قووڵ بۆ سیستەمی فیدرالی کراوەتەوە، بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبردنی عێراقدا سیستەمی فیدرالی زیاتر فراوان بکرێت و قووڵ بکرێتەوە، بەڵام ئەوەی دەیبنین لە مامەڵەکردن و پڕۆژەیاسا تازەکاندا، بە ڕاستی پێچەوانەی ئەو ڕوانگە دەستووریەیە، ئەوەش پێشێلکردنی بنەمای سازان و فیدرالییە، کەواتە تەواو پێچەوانەی دەستوورە.
بنچینەیەک لە دەستووری عێراقدا دانراوە بۆ ئەوەی یاساکان لەسەر بنەمای سیستەمی فیدرالی دابنرێن، یاسا نەگونجاوەکانیش لەسەر بنەمای گۆڕینی سیستەم بۆ فیدرالییەکی ڕاستەقینە هەموار بکرێن، بەڵام ئەوەی بە کردەوە دەیبینین پێچەوانەیە! بۆیەش دەمەوێ سەرنجی هەمووتان بۆ ئەو ئاراستە مەترسیدارە ڕابکێشم و پێویستە بە هەموو لایەکمان ئەو ئاراستەیە ڕاست بکەینەوە لە مامەڵەکردن و یاساداناندا، چونکە پێچەوانەی دەستوورە.
لە کۆتاییدا، زۆرم پێخۆشە ئێوە و هەموو دەستەبژێری سیاسی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیر لە عێراق لەسەر ئاسایش و سەروەری بە شێوەیەکی سەردەمیانە دەست بە گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاست و ڕاستەقینە، ئاسایش و سەرەوریمان هەبێت، نەک تەنیا بە دروشم و قسە!
دووبارە بەخێرهاتنتان دەکەم و سەرکەوتوو بن.
هیوای ڕۆژێکی خۆشتان بۆ دەخوازم.
#01-03-2019#