ژنانی خۆڕاگری کوردستان
رۆژی 8ی مارس ڕۆژێکی پڕ شکۆ و کاریگەرە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە هاوتەریبە لەگەڵ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی چینایەتی سەرمایەداری و جۆرەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزیی و چەوساندنەوەی مرۆڤ، ئەمڕۆژە ڕۆژی یەکدەنگی و هاوبەشی جیهانییە بۆ بە دەستهێنانی مافی مرۆڤ. دەستەبەرکردنی یەکسانیی هێنانەکایەی هەلومەرجی باشتر بۆ بەره و پێشبردنی کۆمەڵانی سەر ڕووی زەوی. لەم ڕۆژەدا ژنانی جیهان بە شێوازی جیاواز داواکاری و ناڕەزایەتییەکانیان دەخەنەڕوو، جەخت لە بەردەوامیی خەبات و تێکۆشان دەکەنەوە لە پێناو بەدیهێنانی جیهانێکی ئارام و دوور لە هەڕەشە و مەترسی توندوتیژی لەسەر ژنان. دیارە کێشەی ژنان لەگشت کۆمەڵگەکانی جیهاندا گەورەترین کێشەیە کە تا ئێستاش لە هیچ کۆمەڵگەیەکدا کۆتایی نەهاتووە. ڕەنگە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەی تر جیاوازی هەبێت. نابەرابەری تاکەکانی کۆمەلڕ، نەخوێندەواری و بێکاری و کەمیی سوودمەندنی ژنان لە تەکنەلۆژیا سەردەمییەکان و بازرگانی بە مرۆڤەوە و ناچار کردنی بە لەشفرۆشی و … بۆشاییەکی فراوانی دروست کردبوو، پڕ کردنەوەی ئه و بۆشاییانەش پێویستی بە پلانی نێودەوڵەتی جیهانی گشتیگر ترە.
لە کوردستاندا ئەگەرچی ئازایەتی ژنانی کورد بەرامبەر شاڵاوی دڕەندەترین گروپی توندوتیژی دژە بە مرۆڤایەتی لە لایەک و داگیرکەرانی کوردستان لە لایەکی تر جیهانی سەرسام کرد و بوونە سیمبولی ئازایەتی و بەرخۆدان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەهەر چوارپارچەی کوردستان دیاردە دزێوەکانی دەرهاویشتەی فەرهەنگی کۆنەپەرستی و باوکسالاری درێژەی هەیه و کوشتن بە بیانوی شەرەف و خۆکوشتن و زەبر و زەنگی جەستەیی و دەروونی بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەیە.
ئاسەواری جەنگ و ئاوارەیی و قەیرانە سیاسی و ئابووریەکان و کێشە نەتەوەییەکان کاریگەری زۆری لەسەر دۆخی ژنان هەیە و هەوڵەکان بۆ گۆڕانکاری سستن.
لە هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەی هەندێک چاکسازی لە یاساکاندا کراوە و ژنان بە ڕێژەیەک بەشدارن لە ناوەندەکانی بڕیاردا و چەندین دامەزراوه و دەزگای دەوڵەتی و مەدەنی هەیە تایبەت بە پاراستنی ژنان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژنان بەڵام ئاماری پێشێلکارییەکان زۆر بەرزە.
یەکێتی ژنانی کوردستان بە بۆنەی 8ی مارسەوە، جەخت دەکاتەوە لەسەر درێژەدان بە خەبات لەپێناو مافە ڕەواکانی ژناندا و پشتوانیی خەباتی ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستانە بە تایبەتی و ژنانی جیهانە بە گشتی، له و بڕوایەدایە کە مەسەلەکانی ژنان لە هەر شوێنێک هاوشێوەیەء ژنان بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی دەتوانن گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کۆمەڵدا بکەن و مافەکانی خۆیان بچەسپێنن.
بژی خەباتی ژنی کورد
یەکێتی ژنانی کوردستان
#06-03-2019#