ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (#هەپەگە#) دەربارەی چالاکیی گەریلاکانی یەکینەکانی ژنی ئازاد (یەژا ستار) و لە #شەمزینان# و بۆردومانی فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، (ڕێکەوتی 11ی ئادار\20ی ڕەشەمە کاتژمێر 10:15 هێزەکانی یەژا ستار لە سنووری شەمزینانی جۆلەمێرگ لە دژی سەربازانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر گردی سڤریی ناوچەی بێزەلێ چالاکییەکیان ئەنجام دا. کاتێک سەربازەکان لە ڕەبایەکی نۆبەتگرتندا لەسەر گردەکە کۆبووبوونەوە، گورزیان لێ درا. لە ئەنجامی چالاکییەکەدا 4 سەرباز کوژران و سەربازێکیش بریندار بوو. دوای چالاکییەکە سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ئۆبوس و هاوەن بۆمبارانی دەوروبەری کرد. دانی ئێوارە کاتژمێر 20 سەربازە کوژراو و بریندارەکانیان بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لە ناوچەکە دەرخست.)
بۆردومانی فڕۆکەجەنگییەکان
لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە بۆردومانی فڕۆکەجەنگییەکانی سوپای تورک کراوە. تیایدا هاتووە: (ڕێکەوتی 11ی ئادار\20ی ڕەشەمە لەنێوان کاتژمێر 6:30 - 9 فڕۆکەجەنگییەکان بۆردومانی ناوچەی سدا-ی هەرێمی زێ و دەوروبەری گوندی کانی سارکێی هەرێمی گارا-یان کرد. هەروەها ڕێکەوتی 12ی ئادار\21ی ڕەشەمە کاتژمێر 8:45 فڕۆکەجەنگییەکان جارێکی دیکە بۆردومانی گردی شەهید شاهین-یان کرد لە سنووری کونشکا-ی هەرێمی زێ. بەهۆی ئه و بۆردومانانە هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە.)[1]
#12-03-2019#