(فاروق عەلی مەولود شێخانی) ساڵی 1955 لە گوندی (داربەسەر)ی قەزای کۆیە لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە گوندی (ئیلنجاغی گەورە) و ناوەندی لە کۆیە تەواوکردووە. لەپاش هەرەسی شۆڕشی ئێران بنەماڵەی (عەلی مەولود) تێکۆشەری نێوداری کورد ڕوو لە ئێران دەکەن تەنانەت پاش گەڕانەوەش بۆ ئێراق نەفی کرا بۆ شاری دیوانیەی باشووری ئێراق.
لە ساڵی 1976 هەر لەدوای ئەوەی سزای دوورخرانەوەکەی لەسەر لابردرا و گەڕاوە کوردستان لە ڕێگای (عەلی ساڵح) کادیری پێشکەوتووی کۆمەڵە پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە کرد و لەو ماوەیەدا کادرێکی هەڵسوڕاوی کۆمەڵە بوو لە ناوچەکەدا.
ساڵی 1977 لە شاڵاوە گەورەکەی دەزگا ئەمنیەکانی ڕژێم لەسەر ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە دەستگیکرا و بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم درا بەڵام لە ساڵی 1979 بە لێبوردنی گشتی ئازادکرا.
دوای چوار مانگ لە ئازادبوونی پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کرد لە هەرێمی 8ی دەشتی هەولێر.
ساڵی 1980 لە شەڕی (قەڵاسنج)ی خۆشناوەتی بریندار دەبێت.
ساڵی 1981 دوای کۆنفرانسی یەکی کۆمەڵە بووە کادیری ڕێکخستن لە هەرێمی 8ی دەشتی هەولێر و دواتریش بووە ڕابەری سیاسی هەرێمەکە.
بەشداری لە کۆنفرانسی 2 و 3ی کۆمەڵەدا کردووە.
ساڵی 1983 بووە جێگری فەرماندەی تیپی 85ی بەڕانەتی و پاشان بەهەمان پلە گوێزرایەوە بۆ تیپی 86ی دەشتی هەولێر.
ساڵی 1987 بڕیاردرا بکرێتە فەرماندەی تیپی 86ی دەشتی هەولێر بەڵام بەر لەوەی لێپرسراویەتەکە وەربگرێت لە ئۆپەراسیۆنی گرتنی ناحیەی تەقتەق لە 29ی ئایاری 1987 زۆر بە سەختی بریندار بوو بە پەلەپڕوزێ گەیەندرایە نەخۆشخانەی بالیسان لەبەر سەختی برینەکەی نێردرایە نەخۆشخانەی سینا لە شاری تەورێزی ئێران. دوای ماوەیەک گەرایەوە کوردستان بەڵام بەهۆی برینداری و نەخۆشیەوە نەیتوانی بەردوام بێت و ڕوویکردە شاری سەقز پاشان بۆ تەواوکردنی چارەسەر نێردرایە وڵاتی ئەڵمانیا.
لە دوای ڕاپەڕینی ئازاری 1991 و یەکخستنی هیزی پێشمەرگەی کوردستان بووە یاریدەدەری فەرماندەی قۆڵی هەولێر. ساڵی 1996 ڕاژەکەی گواسترایەوە بۆ بەڕیوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بەپلەی ڕائید.
لە کۆنگرەی 3ی (ی.ن.ک) بە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی هەڵبژێردرا.[1]