کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی کیمیابارانی #هەڵەبجە#
قوربانیان و بریندارانی کیمیابارانی هەڵەبجە
هاونیشتمانیانی هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی
31 ساڵ لەمەوبەر بە چەکی کیمیاوی ڕژێمی فاشیست و دیکتاتۆری بەعس شاری هەڵەبجەی قارەمانی کیمیابارانکرد و لە ماوەیەکی یەکجار کەمدا 5000 هاونیشتمانی کوردی شەهید کردو ژمارەیەکی زۆریش لە هاووڵاتیان بریندار بوون، لەم ساڵڕۆژە خەمناکەدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە دادەنوێنم و دەخوازم هەموومان بتوانین خزمەتی هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان بکەین.
ئەوێ ڕۆژێ، ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس نەوەستا و بەهەموو شێوەیەک هەوڵی پاکتاوکردن و لەناوبردنی گەلی کوردی دەدا، لەم پێناوەدا بە دڕندانەترین شێوە تاوانەکانی ئەنفال، کیمیابارانکردن، تەعریب و تەبعیس و تەرحیل، گرتن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و کوشتن بەرامبەر گەلی کوردو خەباتە ڕەواکەی ئەنجام دەدا، بەڵام خەباتی گەلی کورد بەردەوام بوو تا لەبەهاری 1991 و دواتر لە ساڵی 2003 بە یەکجارەکی ڕژێمی بەعس لەناوچوو.
ئەمڕۆ کە هەڵەبجە پایتەختی ئاشتی هەرێمی کوردستانە و هەنگاوەکانی بەکردەیی بەپارێزگابوونی شارەکە دەستی پێکردووە، ئەرکە لەسەرمان لەهێزو لایەنە سیاسییەکان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین بۆ خزمەتی شارەکە و هەوڵی جدی بدەین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە لەئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شارەکە.
هاوکات ئەرکە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پلان و بەرنامەی وردیان هەبێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان و چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئەم تاوانە دڕندانەیە.
هەزاران سڵاوو دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان
#کۆسرەت ڕەسول عەلی#
جێگری سکرتێری گشتی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
#15-03-2019#