ئه و هێرشەی دوێنێ کرایە سەر ڕۆڵەکانی ئێمەی ئێزیدخان - یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (YBŞ) بەتووندی شەرمەزار دەکەین.
هەر وەک چۆن لە فەرمانەکەدا بینیمان کە حکوومەتی عێراق کچ و ڕۆڵەکانی ئێمەی نەپاراست و ئێزیدخانی بۆ چەتەکانی #داعش# بەجێهێشت، ئەمڕۆش لە بری ئەوەی خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدیدا، هێرشمان دەکاتەسەر. لە نیسانی 2018 بەدواوە؛ دوای ئەوەی سوپای عێراق هاتە هەرێمەکە زۆر جار هێرشی کردووەتە سەر میللەتی ئێمە، زەختی خستووەتەسەر کچ و کوڕانی ئێمە، لە هەموو ڕوویەکەوە ژیانی لێمان تەنگ کردووە و ئێمەی گەمارۆ داوە. هاتنی ئەوان بۆ شەنگال لە هیچ ڕوویەکەوە نەبووەتە گۆڕانێکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگەی ئێمە. بۆ نموونە ئه و دەروازەیەی کە کچ و کوڕانی ئێمە بۆ ڕزگارکردنی میللەتی خۆیان بە خوێنی خۆیان کردبوویانەوە و دەروازەکە بەتایبەتی لە ڕووی تەندرووستی و پێداویستییەکانی ژیانەوە بۆ ئێمە وەک جێی هەناسەدان بوو، داخرا. بەداخەوە بە هاتنی سوپای عێراق جێی هەناسەدانی کۆمەڵگەی ئێمە داخرا. هەتا ئێستا کچ و ڕۆڵەکانی ئێمە لە دەستی داعش ڕزگار دەکرێن، بەڵام لە لایەن سوپای عێراقەوە ڕێگرییان لێ دەکرێت و دەروازەیان بەڕوودا دادەخرێت. دایکانی ئێمە و میللەتی ئێمە کە دەیانەوێت ئه و دەروازەیە بکرێتەوە، هەموو جارێ لە لایەن سوپای عێراقەوە چەکیان لێ ڕادەکێشرێت و هەڕەشەیان لێ دەکرێت. هەموو جیهانیش باش دەزانێت کە دوای فەرمانەکە میللەتی ئێمەی ئێزدی لە هەموو دەڤەرەکانی جیهان بڵاوبووەتەوە. بەڵام هیچ کەس وەک حکوومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ سەر خاکی خۆیان بەربەستی درووست نەکردووە.
دەیانەوێت ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێمە بشکێنن
بەر لە چەند ڕۆژ فالح فەیاز بە ناوی دەوڵەتەوە هاتە شەنگال و داوای لە لایەنە ئێزدییەکان و بەتایبەتی هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی کرد کە بخرێنە چوارچێوەی پۆلیسی فیدڕاڵی. ئەمە دەریدەخات کە نە لە ڕووی پاراستنەوە، نە لە ڕووی سیاسییەوە لە مەنتقی دەوڵەتدا گۆڕانکارییەک درووست نەبووە و دەیەوێت جارێکی دیکە وەک کاتی بەر لە فەرمانەکە ئەم کۆمەڵگەیە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی. کاتێک سەیری ئەم هێرشەش بکرێت کە کرایە سەر ڕۆڵەکانمان #شەڕڤان#انی یەبەشە، دەردەکەوێت کە دەوڵەت نەیتوانی لە ڕووی سیاسییەوە ئەم ئیرادەیە بشکێنێت و تێگەیشت ئەم ئیرادەیە وەک پێشوو زوو بە زوو تەسلیم نابێت. بۆیە جارێکی دیکە دەیەوێت لە ڕێی چەکەوە ئه و کچ و کوڕانەی ئەم کۆمەڵگەیە دەپارێزن بکاتە ئامانج و بیانترسێنێت.
با گەلەکەمان ناڕەزایەتی پیشان بدات
ئێمە وەک ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی شەنگال بەتووندی ئه و هێرشەی سوپای حکوومەتی عێراق شەرمەزار دەکەین و داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە بەرانبەر پیلانەکانی دەوڵەتی عێراق وشیار بن و ڕێ نەدەن کە دەوڵەت ئیرادەی ئازادی کۆمەڵگەکەمان پێشێل بکات. لە هەمان کاتدا داوا لە گەلی خۆمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەندەران دەکەین کە بە ڕۆحی بەرخۆدانی شەنگال ڕاپەڕن و لە بەرانبەر ناوەندە نەتەوەییەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان و دامودەزگەکانی مافی مرۆڤ ئه و هێرش و پێشێلکارییانە شەرمەزار بکەن کە دژی ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکرێن.
#18-03-2019#