هۆز و تیرە و لقەکانی کورد بریتین لە نزیکەی (500) بەش لە کوردستان و دەوروبەری هەندێک وڵاتی دراوسێ بڵاو بوونەتەوە. مێژوو ناسەکان هەموویان بە شێوەیەکی گشتی باسی هەموو تیرە و هۆزەکانیان نەکردووە. هەر یەکەیان ناوی هەندێکیانی بردووە.ئەو کەسانەی ئەیانەوێ لە هۆز و تیرەکانی کورد شارەزا بن سەیری ئەم سەرچاوانە بکەن: (مجموعە ملاحظات واخبار حول کردستان ل 686 میسیۆ ئەلەکسەندەر ژابا، پەرتووکی مسیو نیکیتین و بەرگی بیست و یەکەمی ئینسکلوپیدیای گەورە پەرتووکی (هانری)و (کاپتان های)و (مێجەرسۆن)و پەرتووکی (سیرمارک سایکس، پیسین میران خلیفە)و پڕۆفیسۆر (ئاکیازارۆ) دکتۆر (ڕیچ)، (ئارکالیان) و (مورگان)و شرەفنامە....هتد[1]
مامەش نێوی یەکێک لە هۆزەکانی نەتەوەی کوردە. مامەش یەکێکە لەو هۆزانەی کە لە چوارپارچەی کوردستان بوونیان هەیە بەڵام لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان نێویان زێدەترە، مامەشەکان زۆرترینیان دەکەونە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی نەغەدە، شنۆ، پیرانشار، ورمێ، مەهاباد و ناوچەی پەسوێ و بۆکان و سەردەشت و ماکو و خوەی، لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوای ئێران (پارێزگای ورمێ) دەژین، هەروەها مامەشەکان لە باشووری کوردستان لە ناوچەکانی پشدەر و بیتوێن، شارەکانی قەڵادزێ و حاجیاوا بە ڕێژەیەکی زۆر بوونیان هەیە، چەند تیرێکیشیان لە زەمانی خۆیەوە کەوتوونەتە دەشتی هەولێرێ و ناوچەی کەرکووکێ ئێستاشی دەگەڵدابێت هەر لە ئەوێ دەژین.
مامەشەکان دەگەڵ چەند هۆزی دیکە بەشداربوونە لە پێکهێنانی فدڕاسیۆنی بڵباس، گەلێک ساڵانیش ڕەئیسایەتی فدڕاسیۆنی بڵباسیان کردووە.
مامەشایەتی بەو ناوچەیە دەکوترێ کە مامەشەکانی تێدا دەژین، خاکێکی شاخاویە و کەشوهەوایەکی خۆشی هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مامەشایەتی بریتییە لە دەشتی لاجان و دەشتی سوندووس کە دەکەوێتە نێوان پیرانشار و مەهاباد، شنۆ و نەغەدە. بە جۆرێکی ئەو خاکە لە باکوورەوە بە نەغەدە ەوە بەستراوەتەوە، لە باشوورەوە بە پیرانشارەوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە مەهاباد و شارۆچکەکانی دەوروبەری سەقزەوە بەستراوەتەوە، هەروەها بە شنۆیە لە ڕۆژاواوە بەستراوەتەوە، مامەشایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێزیکی 200 گوند پێکدێت پێیتەختەکەیان شارەدێی پەسوێیە. مامەشایەتی لە باشووری کوردستان دەکەوێتە کەناری چۆمی ژاراوێ، لە گوندی ڕیشوان ەوە درێژ دەبێتەوە هەتا دەگاتە دەشتی وەزنێ لە شارستانی سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مامەشایەتی باشووری کوردستان لە نێزیکی 25 گوند پێکدێت پێیتەختەکەیان گوندی دێلۆ یە. بەگشتی ئەگەر مێژووی نووسراوی ڕۆژهەڵاتناسەکان بخوێنینەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە
هۆزی مامەش بە درێژای مێژوو تێکۆشاون و خەباتیان کردووە و لە جەنگ دابوونە دژی دەوڵەتانی بێگانە کە چاویان بڕیوەتە خاکی کوردستان. یەکێک لە بەهێزترین ئەو سەرۆک هۆزانەی ڕەئیسایەتی هۆزی مامەش و فدڕاسیۆنی بڵباس ی کەوتووەتە دەست قەرەنی ئاغای مامەش بووە کە پێشیان کوتووە (ئەمیر عەشایەر). لەنێو مامەشان چەندین کەسایەتی شەجیع و نێودار پەیدابوونە و هەڵکەوتوونە یەکێک لەوانە پێشەوا (قازی محەمەد کوڕی قازی عەلی کوڕی میرزا قاسم مامەش)
وێنەکە لە ئاڵبوومی (عەلی خان والی قاجار) وەرگیراوە، وێنەی ئاوای پەسوێ بە نێزیکەی 150 ساڵ پێش ئێستا، مڵکی حەمەد ئاغای مامەش (ئەمیرولعەشایەر).[2]