هۆز و تیرەو لقەکانی کورد بریتین لە نزیکەی (500) بەش لە کوردستان و دەوروبەری هەندێک وڵاتی دراوسێ بڵاو بوونەتەوە. مێژوو ناسەکان هەموویان بە شێوەیەکی گشتی باسی هەموو تیرە و هۆزەکانیان نەکردووە. هەر یەکەیان ناوی هەندێکیانی بردووە.ئەو کەسانەی ئەیانەوێ لە هۆز و تیرەکانی کورد شارەزا بن سەیری ئەم سەرچاوانە بکەن: (مجموعە ملاحزات واخبار حول کردستان ل 686 میسیۆ ئەلەکسەندەر ژابا، پەرتووکی مسیو نیکیتین و بەرگی بیست و یەکەمی ئینسکلوپیدیای گەورە پەرتووکی (هانری)و (کاپتان های)و (مێجەرسۆن)و پەرتووکی (سیرمارک سایکس، پیسین میران خلیفە)و پڕۆفیسۆر (ئاکیازارۆ) دکتۆر (ڕیچ)، (ئارکالیان) و (مورگان)و شرەفنامە....هتد[1]
کورتەیەک لە ژیانی ئاغاوەیسی گەورە
ئاغاوەیسی گەورە کوڕی محەمەدی کوڕی موڕاد وەیس بووە و یەکێک بووە لە نەوەکانی هۆزی جاف لە جوانڕۆ لە سەرتای ساڵەکانی 1700ز لە جوانڕۆ لە دایکبووە، بە گوێرەی ئەو ڕووداوە مێژوویانەی کە لەو سەردەمەدا ڕووی داوە پێدەچێت ساڵی لە دایکبوونی 1721ز بێت وە هەر وەها بەگوێرەی ئەو تەمەنەی کردوویەتی کە
زیاتر لە هەشتا ساڵ تەمەنی بووە کاتێک کە لە سەرەتای ساڵەکانی 1800ز لە جوانڕۆ کۆچی دوای کردووە، شایەنی باسە کە ناوی تیرەی ئاغاوەیسی لە ناوی ئەم کەڵەپیاوەوە هاتووە کە بە ئاغاوەیسی گەورە ناسراوە و باپیرە گەورەی ئاغاوەیسییەکانە، وە هەر وەها یەکێک لە ناودارترینی کوڕەکانی ئاغاوەیسی گەورە ناوی میری وەیس بوو کە دەکاتە باوکی ئاغاوەیسی بچوک، وەک ئاشکرایە کە جوانڕۆ مەڵبەندی دێرین و ڕەسەنی گشت هۆزی جافە، وە هۆزی جافیش هەمیشە هەزارها ڕۆڵەی دلێر و لێهاتووی تێدا هەڵکەوتووە، وە ئاغاوەیسی گەورە یش یەکێک بووە لە ڕۆڵەکانی، وەک ئاشکرایە کە گەلی کورد هەمیشە خاوەنی مێژوویەکی پرشنگدار و پڕ سەروەری بووە، بەڵام دوژمنانی هەمیشە هەوڵیان داوە بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی کلتور و مێژووی گەلەکەمان، بۆیە دەبینین زۆربەی ئەو بەڵگە مێژووییانە تیاچوون و فەوتاون، چونکە هیچ تاکێکی کورد نەبووە کە چەندین جار ماڵی کاول نەکرابێت و نەسووتابێت بە دەستی دوژمنانی، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و کاولکاریەی کە بە درێژایی مێژوو بە سەر گەلی کوردی ستەم دیدەدا هاتووە، دەبینین بەهۆی کەسانی دڵسۆزەوە زۆربەی ئەو باس و بەسەرهاتانە دەماودەم گەیشتووەتە ئێمەی نەوەکانی، وە بووەتە هۆکارێک بۆ زیاتر شارەزایی و ئاشنابوونمان لە مێژووی ژیانی کەسانی ناودار و بە ئەمەکی تیرەکانی هۆزی جاف بە تایبەتی، وە سوودێکی زۆرمان لێی وەرگرتووە لە بواری مێژووی گەلی کورد بە گشتی. بۆیە هۆزی جاف بە درێژایی مێژوو هەمیشە خاوەنی هەزاران ڕۆڵەی وەک ئاغاوەیسی گەورە بووە بۆیە پێویستە لەسەر نەوەکانی داهاتوو ناوی ئەو کەڵەپیاوانە فەرامۆش نەکەن وە هەر زانیارییەکیان لە بارەیانەوە دەست بکەوێت بینووسن و نەهێڵن بفەوتێت بۆ ئەوەی وەک مێژوویک بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان.
تێبینی:
ئەم وێنە تایبەتە بە کەسایەتی ئاغاوەیسی گەورە کە لەلایەن وێنەکێشی بە ناوبانگ مامۆستا (عدنان عەبدولقادر الرسام)ەوە کێشراوە کە وەک دیارییەک پێشکەشی کاک (کەریم محەمەد ئەحمەد ئاغاوەیسی) کردووە و ئێمەیش زۆر سوپاس و دەست خۆشی لێ دەکەین. [2]