بەرەو گەرمیانی مەرگ و ئەنفال
ئێستا کە (2019)یە واتا پێش 31 ساڵ (03-04- 1988)
ئارام هەورامی
شوێن: تەپەگەروس
لە بن دیواری ماڵێکی زەندەق چوو
لە دوای چەند شەو و ڕۆژێکی پڕ خوێن، ئاگر و دوکەڵ.. مردن..بەرەو دەڤەرێک کەوتوینەتە ڕێ، کە ناوی گەرمیانە، گەرمیانی میوانداری و ئامێزی گەرم. چون کۆمەڵێک مێروی سەر لێشێواو، لە لوتەکەی قۆپیەکانەوە، ئەوەی دەتوانێ بروا و هەندێ دەشەلن، ملی ڕێمان گرتووە. لە سەدان تێپەڕمان کردوە، شەو و ڕۆژمان پێکەوە وەک بەستەری چەند دۆڵێک پێکەوە گرێ داوە و شوێن: (بانی مۆرد...تەپە گەڕوس..تیلەکۆ..کوردە میرەکان، ، زەنگەنە، داوێ...کانی قادر..)ە..خاکی ئەو پێ دەشتە کاکی بە کاکییە و وەک سۆمای چاوی کورپەیەکی تازە لە دایک بوو، کە بۆ سنگی دایکی دەگەڕێ، سپی وەک بەیانییە پڕ تەمەکانی ڕۆخ ڕوباری تانجەرۆ، چاوەڕێمانن.
هەندێ منداڵ هێشتا نازان چ باسە، گەمە دەکەن، چەند مامەیەک، بن دیواری مزگەوت و ماڵەکانیان لە کانی عوبید و فەقێ موستەفا، گرتووە و بە نیگای چاو لێمان دەپرسن بۆ کوێ دەچن، کوێیەک کە خۆشمان نازانین کۆتاییەکی کەی تەواو دەبێ...ئێمە هەموو بە پێی خۆمان بەرەو پێری مەرگ دەچین. مەرگ زۆربەمان دەکاتە قورگی ئەژدیهایەک کە ناوی فتوحاتی ئەنفالی بەعسە. مەرگ لە جەستەی بەشێکیشمان هەڵدی و ئێمە بەردەوام دەبین لە کاروانی ڕۆیشتن، مەرگی ئێمە، وەک هی گەرمیان و قەرەداغ نابێ، ئێمە لە لێواری مەرگێکی سەرەخۆین..