بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 270 بەنداوی بچوک و مام ناوەند و 10 بەنداوی گەورە هەیە و لە ئێستادا 20 بەنداو لەژێر پلان و دروستکردندان، بەهۆی نەبوونی بودجەشەوە کارکردن لەبەشێک له و پڕۆژانە وەستاوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداوی بچوک و گەورە و مامناوەندی هەیە لەگەڵ زیاتر لە 97 بۆند، لەکاتێکدا زیاتر لە 20 بەنداو و بۆندەکان لەژێر دیزاین و تەواوکردندان و بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تیایدا وەستاوە.
بەپێی ڕووپێوێکی ئه و بەڕێوەبەرایەتییە، بە مەبەستی گلدانەوەی ئاوی پێویست هەرێمی کوردستان پێویستی بە 270 بەنداوی بچوک و مام ناوەند هەیە لەگەڵ 10 بەنداوی گەورە.
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتيی بەنداو و کۆگاکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو (ئەمڕۆ شەممە 6ی نسیانی 2019) بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان تەنیا 17 بەنداوی بچوک و گەورە و مامناوەند هەیە لەگەڵ زیاتر لە 97 بۆند، لەکاتێکدا دەبووایە ژمارەی بەنداو و بۆندەکان زیاتر بووایە لە 300.
وتیشی: ئێستا توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەترسێجا ئاومان هەیە، بەڵام بەنداوەکان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و بەهۆی قەیرانی داراییشەوە، پرۆژەکان وەستێنراون.
ئاماژەشی بەوەکرد: بۆئەوەی هەرێمی کوردستان ئاسایشی ئاو بۆ نەوەکانی داهاتووش پارێزراوبکات، پێویستی بە دروستکردنی زیاتری بەنداوی گەورە و بچوک و مامناوەند هەیە.
ڕوونشیکردەوە: بەهۆی باشبوونی باری دارایی هەرێم و ناردنی پارە لە لایەن بەغداوە بە مەبەستی تەواوکردنی کارەکانی ژمارەیەک بەنداو، پێویستە بودجە بۆ بەنداوە تەواو نەکراوەکان تەرخانبکرێت، کە لە ئێستادا لەژێر کارکردندایە.[1]
#06-04-2019#