بۆ یادی تۆ..... کاک حەمەدەمین سیراجی
تێکۆشەر و نووسەر و سیاسەتمەدار هاوڕێ حەمەدەمین سیراجی
1934/9/23 ------ 2010/5/29
یەکەمجار ساڵی 1974 بوو، ناوبانگی تێکۆشەر حەمەدەمین سیراجیم بیست.
ئەو کاتەی من لەبەر چاڵاکی و زیرەکی و هینانە ڕیزی قوتابی یەکی زۆر بۆ ڕیزی یەکێتی قوتابیان و حیزب و لەسەر شانۆش بۆیەکەم جار و دواجار وەکو ئەکتەرێکی گەنج ڕۆڵم بینیبوو، جار جارەش شیعرم دەخوێندەوە، لەلایەن حزبی شیوعی عێراق ڕێکخراوی هەولێر خەڵات کرام بە دوو کتاب و مەدالیایەکی لینین لەلایەن هاوڕێ ی سەرپەرشتیکارمان عەبدولوەهاب ئەو دیاریانەم پێشەکەش کرا، هاوڕێ عەبدولوەهاب ئەو کاتە، قوتابی ئامۆژگای مامۆستایان بوو.
ئەو دوو نامیلکەیە یەکیان مانڤیستی کۆمۆنیستی
وەرگێری [م.آ.ڕەوەند] واتە کاک [حەمەدەمین سیراجی] و
ئەوەی تریان قۆناغەکانی گۆڕانی کۆمەڵ وەرگێری [جەلال دەباغ] بوو.
پاش ئەوەی خولی پەروەردە کردنی کادیرانی قوتابیان لە هەولێر کرایەوە و منیش یەکێک لەو قوتابیانە بووم کە بەشداریم دەکرد ئا لەوێ زانیم کە م.ا.رەوەند تێکۆشەر حەمەدەمین سیراجی ئەندامی سەرکردایەتی [حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران]ە و لە بەغدا کاری حزبی دەکات.
هەر ئەوکاتە بۆیان ڕوونکردمەوە کە تێکۆشەران غەنی بلووریان و حەسەنی قزلجی و ڕەحیمی قازی و عەلی گەلاوێژ و کەریمی حیسامی و حەمەدەمین سیراجی و سەعید کوێستانی و مەلامحەمەدی خدری و جەلیل گادانی و حەسەنی ڕاستگار و هێمن مەهابادی و هەندەکی تر ئەوانە هێڵی چەپن یا [مارکسی لینین]ین لەناو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پەیوەندی یان بە حزبمانەوە گەلێک بەهێزە.
لە ئەدەبیاتی حزبدا باسی ئازادکردنی غەنی بلوریان و عەزیز یوسف مان دەکرد. تێکۆشەر کاک حەمەدەمین سیراجی کە لە ئێران لەدەست ڕژێمی شای گۆڕبەگۆڕ ڕایکردووە و هاتۆتە کوردستانی عێراق، حزبی شیوعی عێراق یارمەتی داوە و دەفتەرنفوسی بۆ دەرکردووە بۆ ئەوەی بە ئازادی هاتوچۆبکات و لەشاری سلێمانی هاوڕێ یانی حزبی شیوعی عێراق یارمەتیان داوە و ماڵی حزبیان بۆ دەستنیشان کردووە. کاک حەمەدەمین سیراجی ئەگەر بیرەوەری یەکانی بنووسیبایەوەو لە چاپی بدابایە ڕەنگە باسی ئەوەی دەکرد کە حزبی شیوعی بووە هۆی هاوسەرگیری لەگەڵ ڕوناک خان دایکی مژده و گۆران.
دیسان کە لە هەشتاکان جارەکی تر ڕژێمی خومەینی کۆنەپەرست کاک حەمەدەمین و هاوڕێ یەکانی ڕاو ناوە، حزبی شیوعی بارەگای هەبوو، لە ناوچەی (نۆکان و توژەڵە و زەڵێ)کە لە سنوور نزیک بوون، یارمەتیان داوە و هەتا گەیاندیانە سوریا و پاشان پراگ و پاشان سوید.
لە سوریا لەگەڵ هاوڕێ یان جەلال دەباغ و مامۆستا دڵزار و ڕەفیق سابیر و پەخشان زەنگەنە و محمود خدر[مامۆستاگۆران] و ئەستێرە و مامۆستا ڕزگار [گۆڤاری ئاشتی و سوسیالیزم] یان دەرکردوە و پاشان لە پراگ بووە بە نوێنەری حزبی تودە لە [گۆڤاری ئاشتی وسوسیالیزم].
لە پراگ یەکەم جار بە هەردوو تێکۆشەران مامەغەنی بلوریان و کاک حەمەدەمین سیراجی ئاشنابووم.ئەو کاتە کاک حەمەدەمین و مامەغەنی لە پراگ یەکەم جار میوانی حزبی شیوعی چیکۆسلۆڤاکیا بوون لە میوانخانەی حزب و پاش گیرانی سەرکردایەتی تودە لە تاران، تێکۆشەر عەلی خاوەری بووە سکرتێری حزب مامە غەنی بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کاک حەمەدەمین سیراجیش بووە ئەندامی لێژنەی مەرکەزی حزبی تودەی ئێران، بەناوی [مەحموود ئازاد] دەبێتە نوێنەری حیزبی تودەی ئێران لە گۆڤاری مەسەلەکانی ئاشتی و سوسیالیزم لە پراگ.
هەر لە پراگ لەبەر زیرەکی کاک حەمەدەمین هاوکاری هاوڕێیانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوڕوپا مەرکەزی پراگ دەکات.
حزبی شیوعی عێراق کە بڕیاڕی دا شەڕی چەکداری لەدژی حزبی بەعسی وەل بوو بکات، ساڵی 1979 هاوڕێ یان بنکەی پێشمەرگایەتیان کردەوە کەسانێکی وەکو مەلامحەمەدی جوانڕۆ و حوسێن مەرجان چوونە ڕیزی حزبی دیموکرات و شانبەشانی حزبی دیموکرات لەدژی ڕژێمی خومێنی شەڕی چەکداریان کرد و هەردوو ئەو تێکۆشەرانەش بریندار بوون و هەتا ئەمڕۆکە بەو برینانە دەژین [حسین مەرجان کە بە ابوعلی ناسراوبوو پێش چەند ساڵێک لە کوردستان ماڵئاوایی لە هاوڕێ یانی کرد. ابو تاراش هەتا هەنوکە لە ژیانە و هیوادارم تەمەن درێژ بێت. باسی پەیوەندی حزبمانیان دەکرد لەگەڵ هاوڕێ یانی حزبی دیموکرات ].
پەیوەندی یەکانی هەردوو حیزب لە چیاش هەر بەردەوام بوو، گەلێک جار هەردوو سەرکردایەتی پێکەوە هاوکاری یەکتریان دەکرد. کاک حەمەدەمین سیراجی لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێ یانی دەست لە حزبی دیموکراتی قاسملۆ و مەلا عەوڵای حەیاکی دەکێشیتەوە و لایەنگەرانی کۆنگرەی چوارەمی حزبی دیموکراتی کوردستان ڕادەگەینن و پاشان دەچنە ڕیزی حزبی تودەی ئێران و دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی.
هەر بەناوی م.ا.رەوەند هەندێک بابەتی وەرگێراوە و لە گۆڤاری ئاشتی و سۆسیالیزم بڵاوکردۆتەوە. بەڵام بەداخەوە یاداشتەکانی تۆمارنەکردوو بڵاوی نەکردەوە بۆ ئەوەی لاوانی کورد پێی ئاشنا بێت و گەلێک نهێنی حیزبی دیموکراتی کوردستان و تودەی لەگەڵ خۆی بردە ژێر گڵ.
لەوکاتەی ماڵئاوایی کرد توانیم بۆدواجار نێوچەوانی ماچ بکەم و ئەو ئاخ وئۆفەش هەڵکێشم کە بەداخەوە ئەو هەموو نهێنی و زانیاری یانەی لەگەڵ خۆی بردە جیهانێکی تر و خەڵکی کوردستانی بێبەش کرد دەربارەی خەباتی سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی تودەی ئێران.
کەریمی حیسامی و حەسەنی قزڵجی و حەمەدەمینی سیراجی و غەنی بلوریان شانازی بەو دۆستایەتی خۆیان لەگەڵ حزبی شیوعی عێراق دەکەن و بەتایبەتیش دۆستایەتی بەهێزیان لەگەڵ بەرێز کاک عەزیز محمەمەد سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی عێراق کە بۆخۆم گەلێک لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو دۆستایەتیم و لەگەلێک دانیشتنی هاوبەشی ئەو بەرێزانەش بەشداریم کردووە.
پەیرەوانی کۆنگرەی چوار ڕاگەیاندنیکیان بڵاوکردەوە هەندێک کاتیش بەناوی گروپی حەوت نەفەری ناوبانگیان هەبوو ].
سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو بڵاوکراوەیە 28 لاپەڕەیە کە ڕۆژی 25 جۆزەردانی 1359 [1980] لەلایەن فەوزیە قازی و هێمنی شاعیر و غەنی بلووریان و ڕەحیمی قازی و فاروقی کەیخوسرەوی و نەویدی موعینی و ئەحمەدی عەزیزی ئیمزاکراوە و بڵاوکرایەوە.
هەردوو بەرێزان کاک حەمەدەمینی سیراجی و فاروقی کەیخوسرەوی دەورێکی سەرەکیان بینیووە بۆ هێنانی مامەغەنی بۆ ڕیزی پەیرەوانی کۆنگرەی چوارەم.
کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دیموکرات ڕۆژی 30/11/1558 [19/2/1980] سەعاتی 3ی دوای نیوەڕۆ کرایەوە و 310 کەس بەشداربوون وەک نوێنەر و خاوەن دەنگ. لەو کۆنگرەیە قسەکەی کاک حەمەدەمین ناوبانگی دەرکرد کە خوزیا لەجیاتی ئەو هەموو ئەندامەی حیزب 300 کادیری تێگەیشتوو و لێهاتووی هەبوایە.
کاک حەمەدەمین سیراجی لە گۆڤاری ئاشتی و سۆسیالیزم ژمارە 1 ڕەزبەر خەزەل وەری 1985 لە لاپەڕە 82 هەتا 123 [بەرنامەی لینینی مەسەلەی نەتەوایەتی و شێوەی بە جێ گەیاندنی وەگیراوە و بەناوی م.آ. ڕەوەند بڵاوکردۆتەوە.
هەروەها لە لاپەرەی 25 هەتا 35 ی ژمارەی 2 خاکە لێوەی 1986 ی هەمان گۆڤاردا بەناوی [مەحموود ئازاد نوێنەری حیزبی تودەی ئێران ڕاگەیاندنی بڵێسەی شەر دانامرکی ] بڵاوکردۆتەوە.
چەپکە گوڵێک بۆ سەر گڵکۆی کاک حەمەدەمین سیراجی تێکۆشەر و ماندوونەناس
فەهد گردەوانی 7 ئایاری 2019 ستۆکهۆڵم