زەید ئەحمەد عوسمان، کەسایەتییەکی سیاسی و ڕۆشنبیری شاری #هەولێر# بووە.
لە ساڵی 1924ز. لە هەولێر لەدایک بووە، لە #17-09-1978#ز. کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی بنەماڵەکەی لە #باداوە# نێژراوە.
زەید ئەحمەد عوسمان لە ساڵی 1958ز. وەک نوێنەری هەولێر هەڵبژێردراوە، دوای کودەتای 1968ز. چووەتە ناو شۆڕشی ئەیلوول، جێگای متمانەی ڕێبەرایەتی شۆڕش بووە و بەشداری لەو شاندانە کردووە کە لەگەڵ حکوومەت وتووێژیان کردووە.
زەید ئەحمەد عوسمان، ئەوەندە مرۆڤێکی تێگەیشتوو و چالاک بووە کە تەنانەت باڵیۆزخانەی ئەمریکاش ستایشی کەسایەتی بەرزی کردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت لە بەڵگەنامەیەکی نهێنیدا لە ساڵی 1969ز. دەربارەی زەید ئەحمەد عوسمان دەڵێت:
(زەید عوسمان کە تەمەنی نزیکەی 47 ساڵە، پێش لە شۆڕشی کورد لە زانکۆی قاهیرە خوێندوویەتی و پاش ئەوە کاری یاسایی کردووە لە بەغداد. لە ساڵی 1966ز. یارمەتیدەر بووە بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەی کورد و حکوومەتی ئێراق لەلایەن سەرۆک وەزیران بەزاز. زەید عوسمان خۆی دەڵێت: بەهۆی چالاکی سیاسی 5 جار لە بەغدا خراوەتە بەندیخانە. دوای ڕووخانی حکوومەتەکەی بەزاز و دوای تێکچوونی نێوان بارزانی و حکوومەتی ئێراق لە 1968ز. زەیدی ناچاربووە لە بەغداد هەڵبێت. لەو کاتەوە زەید عوسمان لە بارەگای سەرکردایەتی بارزانی دەژی و زۆربەی جاران وەکوو لێژنە دەچێتە دەرەوەی ئێراق. زەید عوسمان پاش ڕێککەوتننامەی ئاداری 1970ز. نێوان بارزانی و حکوومەتی ئێراق نەچووەتە لای بنەماڵەکەی لە بەغداد، چونکە متمانەی بە ڕژیمی بەعس نەبووە. زەید عوسمان هەرچەند کە زۆر شارەزای زمانی ئینگلیزییە و بە ڕاستی بە سەر ئەم زمانەدا زاڵە، بەڵام مرۆڤێکی بە شەرم و حەیایە و لە قسەکردندا بەتەواوی مرۆڤ بە قەناعەت دەگەیەنێت. زەید عوسمان لایەنگری شێوە ژیانێکی دیموکراتیانەیە وەک ئەوەی لە ئەمریکادا هەیە) (باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت). [1]