15 ی گوڵان جەژنی زمانی کوردی پیرۆزبێت
زمان مەرجێکی سەرەکیی بوونمانە!
لە دەوڵەت سەری پێشەنگانمان، دایکە پەروەردەکارانمان، دڵسۆزانی زمان و وێژە و فۆلکلۆری کوردی، زمانی کوردی ماوە و هەر و هەر ژیان دەکات. بە گیانی بەرخوردێرێتیی ئه و هەموو نرخ و پایە بەرزانەوە جەژنی زمانی کوردی لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین.
ئەوا سەدان ساڵە، هەر لە سەردەمانی کۆلۆنیالیزم و داگیرکاری لە سەر خاکی کوردستان دەستی پێکردووە، خەڵک، زمان و کولتووی گەلی کورد لە لایەن دەوڵەت و خەلافەتەکانی ئیسلام و سەردەستەکانەوە کەوتۆتە ژێر فشاری بشاوتن ئاسیمیلاسیۆن و سڕینەوە. بە پلان و پراتیک هەوڵیان داوە زمان و کولتووری کوردی بنبڕ بکەن. بەڵام لەبەر ڕەسەنیی و وابەستەبوونی ڕۆحی گەلی کورد بە زمان و کەلتوورە ڕەسەنەکەیەوە، ئەوهەوڵانەی داگیرکەر و دوژمنانیان پووچەڵ کردۆتەوە. بە بەرنگاری بەرخۆدان و ڕەنجی دڵسۆزانی ئەم زمانە شیرینە و کەلتوور و نرخەتایبەتمەندەکانی خۆمان پاراستووه.
بە درێژایی سەرەتای داگیرکاریدا، لەڕێگای ئیسلامی سیاسیەوە کوردستان دوچاری بە عەربکردن بوو. دواتر لە کاتی پارچەکردنی کوردستان بۆ دوو بەشەوە، تووشی بە فارسکردنیش بووەوە. له و سەردەمانەی کوردستان لە ژێر ڕکێفی هەردوو خەلافەتەکەی سەفەوی و عوسمانیەکانەوە بوو زمانی سەردەستی هەردوو دەسەڵاتەکان باڵادەست و کاریگەریی ترسناکی لەناوچوونی بۆ زمانی کوردی هەبوو. بەڵام هەر ئەوکاتیش بوو کە پێسەنگانمان بە نووسینە کوردیەکانیان تۆوی هەبوون و ڕەسەنایەتیی زمانی کوردیان ڕواند. ئەوانەی وەکو تاهیری عوریان، جزیری، حەریری، نالی، سالم، کوردی و هتد. ئەوان بوونە پێشەنگی دەکۆمێنت و بەڵگەی ڕەسەنایەتی زمانی کوردی و هەبوونی نەتەوەی کورد. خانی مەزنیش، پایە و ئه و هێزە ڕەسەنایەتیەی کوردی کردە فەلسەفەیەک و ڕێگاکانی نەجات و ڕزگاری پیشان داین.
لە مێژووی نوێی سەدەی 20 ەم، دیسانەوە مەترسیەکانی سەر زمانی کوردی بە هۆی دابەشبوونیی بەسەر چوار دەوڵەتی داگیرکەرەوە گەورەتر بوون. دەسەڵاتی شۆڤینی و ڕاسیستی دەوڵەتی تورکیا دەستیکرد بە تورک کردنی کوردستان. لە چوار لاوە بە سێ زمانی سەردەستەوە بە (عەرەب، فارس و تورک) کردنی کوردستان ویستیان کورد لەناوببەن. هەمدیس لەژێر چەپۆکی داگیرکاری چوار دەوڵەتی ستەمکار و دەسەڵاتە شۆڤینیەکایانەوە، بە ڕەنج و تێکۆشانی گیانفیدایی و خۆشەویستیی مرۆڤی کورد بۆ ڕەسەنایەتی زمان و کەلتوورەکەی خەونی دوژمنانیان لەگۆڕنا. لێرە نابێ باسی ڕۆل و خەباتی ماڵی میر بەدرخانەکان و ڕۆژنامەی کوردستان هەتا گۆڤاری هەوار هەموو پێشەنگانی تری ڕۆژنامەگەری و نووسین و وێژەی هەر چوار پارچەی کوردستان نموونەی مەحوی، هەکاری، قەدریجان، پیرەمێرد، ئەرەبێ شەمۆ، بریفکانی، گۆران و هەژار و هێمن و جەگەرخوین و هتد نەکرێن. بە تایبەتیش خەبات و ڕەنجی تێکۆشەرانی کۆڕی زانیاری کورد لە باشووری کوردستان.
ئەمڕۆ دوای زیاتر لە 100 ساڵ بەسەر دابەشکردنی کوردستان، ڕەوش و بارودۆخی هەر پارچەیەک لەوەی تر جیایە. بەڵام مەترسیی بۆ سەر زمانی کوردی لە هەموو کوردستان هەیە.ئااسیملاسیۆن و دژبەری و سووککردنی نرخی زمان و چاندی کوردی نیەت و پلانی داگیرکەرانی کوردستان هەروەها ناوەخۆیش لە ئارادایە.
لە باکوری کوردستان، پێشتر هەرچەندە زمان قەدەغە بوو، بەڵام لە گوند و شوێنە دوودەستەکان ترس لەسەر زمان نەبوو. ئەمڕۆ گوند ولادێکان هەمووی خاپورکراون و نەماون و لوبەر زوڵم و زۆری دەوڵەت و بۆ مەبەستی بژێوی ژیان خەڵکی ڕوویان لە شارە گەورەکان کردووە. لەم ساڵانەی دواییدا ڕێکخستن و سازیە کوردیەکان ڕۆر دامەزران و چالاکانە لەسەر پرسی زمان کاریان دەکرد و تا ڕادەیەک ئزاد بوون. لەلایەن دەسەڵاتداریی AKP MHP ه و دەوڵەتی تورکیای فاشیستەوە هەمووی قەدەغەکران و داخران. بۆیه چ لە وڵات و چ لە مەترۆپۆڵەکان هەروەها لە تاراوگەیش ئاسیمیلەبوون هەر دێ و زیادتر و ترسناکتردەبێت. ئەم ئاسمیلیاسیۆنە بە دەستی سازمانەکانی دەسەڵاتدارانەوە دەستی پێکردووە، لەهەمانکاتدا لە ناو خێزانەکاندا خۆمان بە دەستی خۆمان ئەنجام دەدەین. بناغەی ئەم سڕینەوەیە کاریگەری میدیا و ڕاگەیاندنەوەکانەوە سەرچاوە دەگرێ و زیاتریش لە سەر منداڵان کاریگەری بەهێزیرە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیسان لەبەر ئەوەی کە زمانی کوردی زمانی ژێردەستەیه، لە ڕەوشێکی مەترسیدار دایە. بە داخەوە لەلایەن دەزگا تایبەتیەکانی دەوڵەتەوە چالاکیەکانی زمان و چاندی کوردی بە هەموو شێوەیەک سانسۆرو قەدەغە دەکرێ. بزاڤی ڕۆشنبیری و وێژەیی کوردیش کەوتۆتە ژێر کاریگەری زمانی سەردەستی فارسی.
لە ڕۆژاوای کوردستان، سەڕەڕای ڕەوشی گەرمی شۆڕش و بەرخۆدان، زمانی کوردی و پەروەدە بە فەرمی ڕێوەبەری ئێستا باش بە ڕێوەدەچێ. بەڵام پێویستە ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت و دەستکەوتەکان بپارێزرێن.
لە باشوری کوردستان، هەر چەندە لە زووەوە ستوون و پێگەکانی بزاڤی وێژە و ڕۆشەنگەری و پەروەردە و خوێندن بە زمانی کوردی هەبووە و دانراوە و تا ئێستایش بەردەوامە. دەبوو چاوەڕوانی باشترمان بکردایە و زیاتر لە ڕووی ئەکادێمیکردنی زمانی خوێندن و پەروەردە بەره و پێس چووبایە. لەوێ زمانی کوردی نەک تەنها کەوتۆتە ژێر کاریگەری زمانی عەرەبی، بەڵکوکاریگەری سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و ئێران فارسی و تورکیش زاڵە بە سەریدا. ئەوەی هەرە ترسناکە لە سەر زمان و کلتووری کوردی ئەوەیە کاریگەری میدیا و و ڕاگەیاندنەکانی وەک تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ زمانی کوردی شێواندووە.
لە ڕووی پەروەردە و خوێندنی زمانی کوردی بەتایبەتی لە بەشە ئەکادێمیکان و زانستیەکاندا پشتگوێ خراوه. بە شێوەیەکی بەرچاو قوتابخانەی تورکی هەیە و ژمارەیەکی زۆری منداڵان له و قوتابخانانە بە زمانی تورکی دەخوێنن.
هەروەها هەوڵێکی بە هێز هەیە کە زمانی خوێندن و پەروەردە لە باشور بکرێتە زمانی ئینگلیزی، ئەمە ترسێکی مەزنە بۆ سەر پاشەڕۆژی زمانی کوردی و لەهەمان کاتیشدا کەمکردن و لاوازکردنی ئیرادەی نیشتیمانپەروەری و هەستی نەتەوایەتی ئەنجام دەگرێ.
جەژنی زمانی کوردی لە ساڵی 2006 لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە 15 ی گوڵان وەک ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی دیاریکرا و زۆربەی هەرەزۆری هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان پەسەندیان کرد.
زمانی کوردی بوونی ئێمەیە!
زمانی کوردی ناسنامەمانە!
زمانی کوردی کەرامەتمانە!
دیسانەوە جەژنی زمانی کوردی لە هەموو گەلی کورد و کوردستا پیرۆز بێت.
کۆمیسیۆنی زمان، پەروەردە و کلتوور ی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
15 ەی گوڵان 2019
#15-05-2019#