ڕێباز مستەفا
نووسینی: مەنسووری یاقووتی
چاپی یەکەم ساڵی 2000 سلێمانی
کتێبێک بۆ نەوجەوانان
ئەم نووسینە بابەتێکە کە مەنسووری یاقووتی نووسەری کوردی کرماشانی لە زنجیرە کۆڕێکدا لە خوێندنگاکانی کرماشان بە زمانی فارسی پێشکەشی کردووە و دواتریش لە دوتوێی کتێبێکی قەوارە بچووکدا بڵاو کراوەتەوە. بابەتەکە تایبەتە بە لاوان و ئەوانەی تازە خەریکی کاری نووسینن.
کتێبەکە وێڕای پێناسەکردنی چیرۆک و چیرۆکی کورت و جیاکردنەوەی ژانرێکی ئەدەبی لە بابەتێکی ڕۆژنامەوانی بۆ نموونە وەک ڕێپۆرتاژ یان وتار و هەروەها جیاوازی نێوان چیرۆکی کورت و ڕۆمان، بە وردی ڕێنوێنی نەوجەوانان دەکات کەچۆن دەست بە نووسین بکەن و پەیام و ئامانجی نووسین و شێوازەکانی داڕشتنی چیرۆک و لایەنی ستاتیکی لە هەر ژانرێکی ئەدەبی ڕوون دەکاتەوە. لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا بە کورتی باس لە سەبکی ڕیالیزم لە ئەدەبدا دەکات و زۆر بە جوانی ئەو سەبکە بە هێنانەوەی نموونەی بەرهەست شی دەکاتەوە. ئینجا باس لە ڕۆڵی نووسەر لە کۆموڵگە و بایەخ و گرنگیی چیرۆک و بابەتی ئەدەبی بە گشتی دەکات.
دوابەشی نووسینەکە وەڵامی ئەو پرسیار و سەرنجانەیە کە لە کۆڕەکاندا لێی کراون.
مەنسووری یاقووتی نووسەری ناوداری کوردی کرماشان خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی بەپێزە وەک: زام، خاسەگوڵ، سەردەمی منداڵییم، لەگەڵ منداڵانی گوندەکەمدا، چیرۆکەکانی ئاهودەڕە(گوندێکە)، چرایەک بە سەر مادیان کۆوە، پیاوانی سبەی، درەختی وشک و باخی پڕ گوڵ، چەند ئەفسانەیەک لە دێنشینەکانی کوردەوە، ئاوازی چیا و ساڵی کۆرپە.
تا ئەوەندەی من ئاگادار بم بەشێک لە کتێبەکانی کراونەتە کوردی.
هیوادارم بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە بمتوانی بێت خزمەتێک بکەم.