ڕێباز مستەفا
نووسینی:ئۆرایزن سویت ماردن
وەرگێری فارسی:رەزا سەید حوسێنی
چاپی یەکەم:2008سلێمانی
لەسەر ئەرکی گۆڤاری کوێستان
ژمارەی لاپەڕە:180
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەم کتێبەی نووسەری بەناوبانگی ئەمەریکی ئۆرایزن سویت ماردن، لەسەر بابەتێکی زۆر گرنگ دەدوێ کە خوێنەرێکی زۆری لە جیهاندا لە دەوری خۆی کۆکردۆتەوە، ئەویش پرسی (بیر)ە. گرنگیی کتێبەکە تەنها لەوەدا نییە کە باس لە توانا و کاریگەرییەکانی بیر لەسەر ئاستی پێواژۆی ژیانی مرۆڤەکان دەکات، ، بەڵکو لەوەشدایە کە کتێبەکە هیی نووسەری ناوداری ئەمەریکی بەڕەچەڵەک بەریتانییە کە جگە لەم کتێبە دەیان بەرهەمی دیکەی لە دوای خۆی جێهێشتوون و لە بواری مرۆڤناسی و دەروونناسیدا بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی هزری نوێ لە جیهان و هاوشانی بیرمەندانی وەک ناپلیۆن هیل، دیل کارنگی، ماندینۆ فۆلت، نۆرمان فێنیست، ئەنتۆنی ڕۆبێنز و برایان تریسی بەیەکێک لە عەقڵە بەدیهێنەرەکانی پێشکەوتنی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دادەندرێت.
لە بەرهەمە ناوازەکانی ئەم نووسەرە دەتوانین ئاماژە بدەین بە کتێبەکانی وەک: ئیرادەی پۆڵایین، تاسەر بەردەوام دەبین، دوودڵی وەلانێ و پتر بژی، ژیانت شیرین کە، چەند پەندێک بۆ ژیان، هەر کەسەو پادشایەکە بۆ خۆی، هەڵبژاردنی پیشە، هاوڕێیەکم هەبوو، ڕێی خۆشەویستی، هاوڕێیەتی، ببەرەوە، نەخشەی چارەنووس و هەنگاوەکانی سەرکەوتن، ژن و خێزان، تاوانی بێدەنگی، لێهاتوویی، ڕەوشتە باشەکان، پاسپۆرتی سەرکەوتن، ئەوان چۆن سەرکەوتن، گەشبینی نهێنی سەرکەوتن، بنچینەکانی سەرکەوتن، هەڵوێستی سەرکەوتوو، بۆچی پیر دەبین؟ سەرکەوتنی ڕاستەقینە و چەندینی دیکە.
کتێبەکە 21 سەرباس لە خۆ دەگرێت کە هەمووی باسکردنە لە توانا و بەهرەکانی مرۆڤ و کارایی بیر و ئیرادە لە بەدیهێنانی هیوا و ئاواتەکان و گەیشتن بە بەختەوەری و شادمانی و سەرکەوتن.
هیوادارم ئەگەر بۆتان دەکرێت ئەم کتێبە بخەێننەوە، چونکە دڵنیام هەر کەسێک بیخوێنێتەوە هەڵوەستە لەسەر شێوازی ژیانی و هەڵسوکوتی لەگەڵ دەوروبەری خۆی دەکات و ناوەرۆکی بابەتەکانی ئەم کتێبە هاوکار و ڕێنوێنیکەر و یارمەتیدەرێکی باش دەبن بۆ ئەوەی باشتر و گەشبینتر لە ژیان بڕوانیت و سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بێنیت.
هیوادارم بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە خزمەتێکم بە خوێنەرانی خۆشەویست و کتێبخانەی کوردی کردبێت.