ڕێباز مستەفا
داڕشتنەوەی:چاڵز لام و مێری لام
وەرگێڕی فارسی:ئومید ئیقتداری و مەنوچێهر کەریم زادە
چاپی یەکەم:2016هەولێر، ناوندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
لاپەڕە:370
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
شکسپیر وەکو ناودارترین شانۆنامەنووسی گەورەی جیهان، لەبەر ئەوەی تا ئێستا کەمترین بەرهەمەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، خوێنەری کورد وەکو پێویست لەگەڵ بەرهەمە نایابەکانیدا ئاشنا نییە. ئەو بەرهەمانەشی کە کراونەتە کوردی، ئەوەندەی من ئاگادار بم، بەشێک لە شیعرەکان و چەند شانۆنامەیەکیەتی کە ئەم دوو ژانرەش (شیعر و شانۆنامە) خوێنەری دیاریکراویان هەیە و بەشێوەیەکی بەرفراوان ناخوێندرنەوە، بۆیە وەرگێڕانی ئەم کتێبەمان بە کارێکی پێویست زانی.
کتێبەکە کە لەلایەن دوو نووسەری ناوداری ئینگلیز چارڵز و مێری لام نووسراوە، بیست چیرۆک لەخۆ دەگرێت کە لە بیست شانۆنامە لە شانۆنامە هەرە بەناوبانگ و باشەکانی شکسپیرەوە وەرگیراون و وەک چیرۆک بەشێوازێکی جوانی ئەدەبی داڕێژراونەتەوە. ئەم چیرۆکانە جگە لەوەی کە کورت و چڕ کراونەتەوە لەهەمانکاتدا بە زمانێکی زۆر سادەتر لەوەی شکسپیر لە شانۆنامەکاندا بەکاری هێناوە، داڕێژراون.
لەنێو ئەو بیست شانۆنامەیەدا دەتوانین ناوی چەند دانەیەکیان وەک نموونە بهێنین کە ناوبانگی جیهانیان هەیە و ڕەنگە وەرگێڕدرابنە سەر هەموو زمانە زیندووەکانی جیهان، وەک:(ڕۆمیۆ و ژولێت، بازرگانەکەی ڤێنیز، لێیەر شا، کۆمێدیای هەڵەکان، تیمۆنی ئەسینایی، هاملێت شازادەی دانیمارک، تۆفان، و ئۆتیللۆ) و چەندانی دیکە.
پێشنیاز دەکەم هەموو خوێنەرێکی بابەتە ئەدەبییەکان ئەم کتێبە بخوێنێتەوە و لە ڕێی ئەم کتێبە بە شکسپیر و ئەدەبە ناوازە و بەرزەکەی ئاشنا بێت.
هیوادارم بمتوانی بێت خزمەتێک بکەم و لە ڕێی وەرگێڕانی ئەم کتێبەوە زیاتر و باشتر شکسپیر بناسین.