وەک دەزانن لەماوەی ڕابوردودا دوای گفتوگۆیەکی درێژو چروپڕو چاوەڕوانییەکی زۆری خەڵک و گرتنەبەری هەموو ڕێگەیەک لەپێناو گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چۆنییەتی کارکردن و داڕشتنی دیدگای هاوبەش لەبارەی پرسەکانی ناوخۆو عیراق و دەوروبەر، دوو ڕێککەوتنمان لەگەڵ #پارتی دیموکراتی کوردستان# ئیمزاکرد.
رێککەوتنێکیان بۆ چەسپاندنی پرەنسیپەکانی بەیەکەوە کارکردن و چارەسەرکردنی گرفتە کەڵەکەبووەکانی ناوخۆو ئەوانەی پەیوەندی بەعیراق و پەیوەندییەکانی هەرێمەوە هەیە. ڕێککەوتنی دووەم لەبارەی چۆنییەتی دابەشکردنی جومگەکانی حکومڕانیی و فەراهەمکردنی جۆرێک لەهاوسەنگیی لەدەسەڵاتە جیاوازەکان. هەموو ئەمانە لەپێناو بەشداری ڕاستەقینەی یەکێتی نیشتیمانی کورستان و لایەنە سیاسییەکانی حوکمڕانی و بڕیاردان بوون.
له و ڕێککەوتنانەدا لەگەڵ پارتیدا مەبەستمان بوو هەماهەنگ بین و بەیەکەوە کاربکەین لەکوردستان بۆ پیکهینانی کابینەیەکی نوێی حکومەتی هەرێمی بەهێزو خاوەن بەرنامەی چاکسازیی و سەقامگیر. بیروباوەری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئیستحقاقی گەلەکەشمان وایدەخواست کە بەیەکەوە کاربکەین لەبەغدا و بەرنامەیەکی هاوبەشمان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. هەر له و ڕێککەوتنەدا #کەرکووک#مان کردە سەنتەر بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەکێشه و گرفتەکانی ناوچە دابڕاوەکان، مەبەستمان بوو پارێزگارێکی کورد لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێرین و لانیکەم ڕێگەبگرین لە هەوڵی پەلاماردان و تەعریبکردنی ناوچە دابڕێنراوەکان و ڕێگربین لەهەوڵی جیبەجێکردنی سیاسەتی شۆڤێنیانەی هەندێک لایەنی عیراقیی.
بە بروای ئێمە حکومەت تەنها پێکهێنانی کابینە نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی دوانەیە ئەویش سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە. بڕیارە ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای ئه و هەموو دواکەوتنه و پشودریژییەی خەلک و یەکیتی نیشتیمانی کوردستان و دوو ڕێککەوتنی یەک لەدوای یەک، هەتا ئیستاهیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لەلایەنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نەک نابیرێن، بەڵکو هەرجارەی گرفتیک بۆ پرسی دانانی پاریزگاری کەرکووک لە پشکی یەکیتی، (وەک ڕێککەوتبوین لەسەری)، دروست دەکەن،
لەم سۆنگەیەوە بەرای گشتی کوردستان ڕادەگەیەنین، کە ئه و سیاسەتی پشتگوێ خستن و تاکرەوییە ئاکامەکانی باش نابن و ئێمە وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەهەموو ئه و گفتوگۆیانەی لەگەڵ پارتی کردمان، گرفتمان دابەشکردنی پۆست و بەرکەوتەی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو پرسی بەیەکەوە کارکردن و شەراکەتی ڕاستەقینه و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پرسی دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک بۆخزمەتی خەلکی ستەمدیده و بەشەرەفی ئه و پاریزگایە لەئەولەویەتی ئەجێندای گفتوگۆی ئێمەدا بوو، دەمانویست یەیەک تیم لەحکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەیەکەوە کاربکەین، بەڵام مەخابن ئەمڕۆ بەئێوەی ڕادەگەینین کە پارتی دیموکراتی کوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ یەکێتیدا دروستکردووه و پابەند نییە پێیانەوە، بۆیە فراکسێۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان بەشداری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناکا.
هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمیش بەبێ دەنگی فراکسێۆنی یەکێتی، پرسی بڕیاردان وشەرعییەت لەهەرێمی کوردستان دا دەخاتە بەردەم بارودۆخێکی نوێوە، هەروەک پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەخاتە بەردەم ئەگەروپیشهاتی تازە، دەرنجام و لێکەوتەکانی ئه و سیاسەتە ناواقعییانە هەرچییەک بێت لەئەستۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دا نییە وئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر.
وتەبیژی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان
#28-05-2019#